٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

کینەی تایفیانە و داخی شۆفێنیانەی مالکی، کار لە چارەنووسی کوردستان ناکات

سەرچاوە: KDP.info

سەرۆ قادر

  نووری مالکی جێگری سەرکۆماری عێڕاق، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ سپۆتنیکی ڕووسی(21 تەمموز)، سەبارەت بە ڕیفڕاندۆمی کوردستان، گوتوویەتی، لە ڕووی دەستووری و قانونی و باری نێودەوڵەتی، کوردستان بۆی نییە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت. وەک رۆلی هەمیشەییی خۆی، مالکی پێیوایە ئەوە سەرۆکی کوردستان(سەرۆک بارزانی)یە گەلی کوردستان بەرەو بەواقیعکردنی خەونی سەربەخۆیی دەبات.
  هەڵوێستی تایفی و شۆفێنیانەی مالکی شاراوە نییە، هەر ئەوەش وایکردووە شەرم لە خوا و خەڵک نەکات باسی دەستوور بکات. مافی بڕیاردانی چارەنووس لە دەستووردا بۆ کورد پارێزراوە و بە مالکی کە هەر خۆی هۆکاری جێبەجێنەکرانی ئەو دەستوورەیە، بێبەش ناکرێت. وەک دیاریشە جێبەجیکردنی دەستوور زامنی مانەوەی یەکپارچەیی عێڕاقە. ئەو کە تێکەڵی هەموو پیلانێک دژی هەرێمی کوردستان بووە، هەر خۆی هۆکاری سەرەکی پارچەبوونی عێڕاقە، نەک خەونی سەرۆکی کوردستان.

  هەر ئەو دەستوورەی مالکی باسی دەکات و قەتیش ئیلتزامی پێوە نەکرد، ئەگەر کورد پشتیوانیی نەکردبا لە ڕیفڕاندۆمدا دەیدۆڕاند، چونکە هەر بە سێ پارێزگای سوننەی عەرەب دەیانتوانی رەتی بکەنەوە و شکستی پێ بێنن.

  ئێمە لە کوردستان لە هەموو کەس باشتر دەزانین مالکی لە ڕووی سیفاتی شەخسیشەوە چەندە بێ نان و نمەکە. لە هەشتاکاندا کورد دەرگای ماڵی خۆیان بۆی کردەوە و حەواندیانەوە. لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس نەیدەتوانی لە باشووری عێڕاقەوە بگەڕێتەوە بەغدا، ئەوە کوردستان بوو لە حاجی ئۆمەرانەوە بە پاسەوانی پێشمەرگە گەیاندییە بەغدا و لەوێیش دەیپاراست، تا دەستی کرایەوە ئینجا کەوتە دژایەتیی ئەو میللەتەی ئەوی پاراستبو.

  لە دوژمنکاری و نمەک نەناسییە هەرە دیارەکانی مالکی، بڕینی بودجە و نانی خەڵکی کوردستان بوو، ئەویش لە کاتێکدا بە پیلانێکی داڕێژراو داعش هێندرایە سەر کوردستان و شەڕی مان و نەمانمان دەکرد. مالکی ئامادە بوو بەشداریی هەر پیلانێک بکات کە دژی کوردستان بێت. بەڵام  بە پێچەوانەی ئاواتی پیلانگێڕان، پێشمەرگە کوردستانی پاراست و یارمەتیی سوپای عێڕاقیشی داوە تا بتوانێ لە شەڕی دژی داعش بەردەوام بێت و مووسڵ ئازاد بکرێ. ئەو مووسڵەی مالکی تەسلیمی داعشی کرد.

مالکی باسی بێ پشتیوانیی کوردستان لە کێشەی سەربەخۆییدا دەکات و دەڵێت، تەنیا ئیسڕائیل پشتی کوردستان دەگرێت، ئێمە پێیدەڵێین ئەو رۆلەی پیشمەرگە و کوردستان لە پاشەکشەپێکردنی تیرۆردا هەیەتی، ئەو پێگە جیهانییەی بۆ دروست کردووە کە تەرەفێکی بەهێزی هاوپەیمانی دژی داعش بێت. ئێمە بە هەمان دەستووری کە مالکی پێیوایە ڕێگامان نادات، ڕیفڕاندۆم دەکەین و سەریش دەکەوین.

  سەبارەت بە پارچەکانی دیکەی کوردستان کە مالکی چەواشەکاری و موزایەدەی پێوە دەکات، ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا بەرەو سەربەخۆیی دەڕۆین و سەردەکەوین. بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان، هەمیشە گوتوومانە بارودۆخی تایبەتی خۆیان بۆ چارەسەری دۆزەکەیان هەیە و ئێمە پشتیوانیان دەکەین. جا ئەگەر مالکی نایەوی تێبگات بۆ خۆی دەمێنێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار