٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان خەونە، یاخوود دەبێت بەراستەقینە؟

سەرچاوە: KDP.info

ئیدریس عەبدول*

ئاشکرایە گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی بێ ناسنامە و شوناس، سەدان ساڵە خەون دەبینێت کە رۆژێک بێت و بتوانێت ئەویش وەک گەلانی تری جیھان دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێت و ئاڵای ئەویش وەکو ئاڵای 197 دەوڵەتی تری دنیا لەبارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆرک بشەکێتەوە.

ئەم خەونە لەگەڵ لەدایکبوونی ھەر تاکێکی کورد جا لە باکوور بێت یان لە باشوور، لە رۆژھەڵات بێت یاخوود لە رۆژئاوا، یان لەھەر بستەخاکێک بێت لەسەر گۆی زەوی  لەدایک دەبێت، واتا ھیوایەکە چەسپاوە بە کەسایەتیی تاکی کوردەوە.

ئەوە راستە کە لیڤڵی ئەم حەزەی تاکی کورد لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تارادەیەک جیاوازە، بەڵام لەھەر شوێنێک نەرێ بەھێزتر بێت بۆ ئەم خەونە، ئەوا ھاوکێشەکە پێچەوانە دەبێت و لە بەرانبەردا ویستی ئەم خەونە زیاتر دەبێت.

بەھەرحاڵ ... ھەموو مرۆڤێکی کورد لە چەندین وێستگەدا تووشی نائومێدی و ھەڵگرتنی چەمکی رق و ھەست بە پلەدوویی و ناتەواویبوون لە ئیرادە و کەسایەتی بووه‌تەوە، بۆ نموونە لەکاتی گەشتکردن بۆ وڵاتان ھەمیشە تاکی کورد تووشی کونفیوزبوون و نائومێدی دەبێت کاتێک  لە فرۆکەخانەیەک دەنیشێتەوەو بە رێوشوێنە ئاسایشی و یاساییەکاندا تێپەردەبێت ھەمیشە ھەوڵ دەدات وەک ھاووڵاتی وڵاتێک خۆی بناسێنێت کە ناوی کوردستانە، کە ئەمەش راستەقینەی ئەوە، بەڵام ئەم ناوە ھیچ نرخێکی یاسایی بۆ دانەنراوە و ناناسرێت لەو وێستگانەدا، لەبەرئەوەی پاسپۆرتەکەمان دەمانناسێنێت بە (عێراقی، ئێرانی، سووریایی یان تورکیایی).
کەواتە مرۆڤی کورد لە روویی یاساییەوە، خاوەن خاکێک نییە کە خۆی خاوەندارێتی لێ بکات بەناوی کوردستان، ھەربۆیەش ھەستی رۆحیی نییە بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە لە رووی یاساییەوە وەک ھاووڵاتی پێوەی لکاوە.

لە کوردستانی باشوور ... ماوەی زیاتر لە 25 ساڵە دەرگایەک کراوەتەوە بە رووی تاکی کورد لەو پارچەیەدا، کە ھەست بە بوونی خۆمان بکەین وەک گەلێک بەتایبەتی لە دوای ساڵی 2003 و ھاوبەشیکردن لە عێراقی و بە دستووریکردنی ماف و دامودەزگاکانی کوردستان، بەڵام ئەمەش خەونەکە نییە، چونکە سەرەرای بوونی ده‌ستوور و سیستەمێکی جیاواز لە عێراقی نوێ، کە وەک دەوڵەتێکی دیموکراسی فیدراڵ پێناسە کراوە، بەڵام نابێت لە بیری بکەین کە دیموکراسی لە رۆژھەڵاتی ناوەراست ھەمان دیموکراسی رۆژئاوا نییە.

ھەربۆیە سەرەرای بوونی چەندین دەسکەوت و خۆشگوزەرانی و تارادەیەک ئازادی و ھاوبەشبوون لە عیراق، بەڵام کۆسپ و تەگەرە و ئاستەنگەکانیش کەم نەبوون، بە رادەیەک کە چەندین جار کیانی ھەرێمی کوردستان کەوتووه‌تە بەر مەترسیی لەناوچوون لەھەرە نموونە خراپەکانیش، لەشکرکێشییەکانی حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2013 بۆ سەر شاری کەرکووک بە ناوی ئۆپراسیۆنی دیجلە و، پاشان برینی بودجەی ھەرێمی کوردستان کە بریتی بوو لە وشککردنی سەرچاوەی سەرەکیی قوتی خەڵک و مەترسیدارترینیشیان پەلامارەکانی داعش و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی کوردستان و قرکردنی خەڵکەکەی و نزیکبوونەوە بوو لە پایتەختی کوردستان.

کەواتە ھەرێمی کوردستان ئێستا کە لەژێر مەترسیی داعش رزگار بووە، ھیچ گه‌رەنتییەکی نییە کە نەکەوێتە ژێر ھەرەشەی تری سەربازی یان ھەرھۆکارگەلێکی تر، بۆ شکست پێھێنان و لەناوبردنی.
کەواتە، دەبێت کورد بیر لە رزگاریی یەکجارەکی و بەھێزکردنی پێگەی خۆی بکاتەوە بەشێوەیەک کە نەتوانرێت لەناوببرێت، راستە جێۆپۆلەتیکی سیاسی لە بەرژەوەندیی کورد نییە و ناوچەکەی لە زانستی جیۆگرافیا بە شوێنێکی تامپۆنی وەسف دەکرێت، لەبەرئەوەی دەرچەی راستەوخۆی نییە بۆسەر دەریا یاخوود ھاوسنوور نییە لەگەڵ دەوڵەتێکی بێلایەن کە ئەمەش خاڵی لاوازی ئێمەیە.
ئێستا سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بریاری داوە لە رێگای ریفراندۆمێکەوە بەرەو سەربەخۆیی ھەنگاو بنێت، ھەرچەندە ئەم بابەتەش کەوتووه‌تە بەر نەشتەری ململانێی ناوخۆیی (زۆری لەسەر گوتراوە و ئامانجی بابەتەکەی من نییە باسکردنی)، بەڵام لە رووی بنەماوە ھەموو ھێزە سیاسییەکان ھەمان ئامانجیان ھەیە.
ئایا ریفراندۆم دەتوانێت بمانگەیەنێت بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟
ھەرچەندە وەک پێشتر ئاماژەمان بە نالەباریی جێۆپۆلەتیکی ناوچەکە کرد، بەڵام من وای دەبینم، ئابڵوقەدانی کوردستان لەسەر بنەمای پیادەکردنی مافێکی یاسایی کە پەیماننامەی(میثاق) نەتەوە یەکگرتووەکان ناساندوویەتی و، پاشانیش لە ھەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتی (بۆ مافە سیاسی و شارستانییەکان) و (بۆ مافە ئابووری و رۆشنبری و کەلچەریەکانی) ساڵی 1966 ددانی پێدا نراوە، کە مافی چارەنووس (self-determination) مافێکی رەوای گەلانە، کارێکی قورس بێت کە ھەر وڵاتێک بیەوێت دەستی بۆ بەرێت.

کوردستان دەتوانێت سوود لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان وەربگرێت لە پەیماننامەکانی (حسن الجوار و عدم التدخل فی شؤن الدول)، کەواتە بوار نادرێت وڵاتانی دراوسێ دەستدرێژی بکەن بەشێوەیەکی راستەوخۆ، تەنھا مەگەر لە رێگای ناراستەوخۆ کە ئەویش ھەر پێشێلکارییەکی زەقە بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان و لە ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ھاتووە کە (حمایة الأمن والسلم الدولیین من ابرز أهداف الامم المتحدة) کەواتە دەتوانرێت رێگا لە دەستدرێژیی دەرەکی بگیرێت.
ئەوەی کە لایەنی بەرھەڵستکارە دەوڵەتی عیراقە کە دەبێت ئەویش تەنھا لە رێگای دستوورەوە رێگری بکات، بەڵام عیراق لە  ئێستادا وڵاتێکی لاواز و لەبەریەک ھەڵوەشیوە و خاوەن سەروەریەکی ناتەواوە، بۆیە ناتوانێت کوردستان ناچاری ملکەچکردن بکات.
لەلایەکی تریشەوە دەوڵەتی عێراق خۆی پەیوەست کردووە بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان کە سەرچاوەی بەخشینی مافی چارەنووسه‌؛ کەواتە ئەگەر پابەند نەبێت بە یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەوا دەبێت بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی ھەڵبگرێت و، ئەوکاتیش ناتوانێت رێگا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بگرێت کاتێک دەست دەخەنە کاروبارەکانی لەژێر چەتری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.

کەواتە من وای دەبینم، دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان خەون نییە و دەبێت بەراستەقینە، بەڵام ئەوەی خەونە یەکریزیی ماڵی کورد و دانانی پلانی ھاوبەش و تۆکمەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و ئامادەکردنی جەماوەرە بۆ پاڵپشتی لە دەرەوە و لە ناوەوە.


*قوتابی دکتورا لە یاسای نێو دەوڵەتی

هەواڵی پەیوەندیدار