قەیرانی دووەمی هاشمی لە عێراق

نووسەر" ناسوحی گۆنگۆر
سەرچاوە. ستار
نووسەری تورك ناسوحی گۆنگۆڕ سەبارەت بە هێرش كردنە سەر پاسەوانەكانی وەزیری دارایی عێراق بابەتێكی نووسیوە و ئەم مەسەلەیەی وەكو مەسەلەكەی جێگری سەرۆككۆماری عێراق تاریق هاشمی لە قەڵەمداوە و نووسیویەتی" ئەرێ كاتێك باسی باكووری عێراق دەكەین چی دێتە بەرچاوتان؟
كاتێك دەڵێم باكووری عێراق مەبەستم ناوچە كوردییەكانە كە هەندێك كەس پێیان دەڵێن هەرێمی كوردستان. بەڵی هەرێمی كوردستان ناوچەیەكە كە رۆژ لە دوای رۆژ لە سەربەخۆیی خۆی نزیك دەبێتەوە. ئەم ناوچەیە ناوچەیەكە كە هەم توركیا و هەم زل هێزەكانی جیهان زۆر بە توندی لە سەری شەڕیانە. هەرێمی كوردستان ناوچەیەكە كە گەورەترین و ئاڵۆزترین شەڕی وزە بە بێ دەنگی تێیادا دەكرێت.
هەر چەندە نهێنییەكانی داهاتووی نزیك لە هەرێمی كوردستاندا ئاشكرا دەكرن و مرۆڤ دەتوانێت بە شرۆڤە كردن و هەڵسەنگاندنی هاوسەنگییە سیاسییەكانی ئەو ناوچەیە پێشبینی داهاتوو بكات، بەڵام ئەم ناوچەیە بۆ توركیا زۆر زۆر گرنگ و خاوەن رۆلێكی یەكجار سەرەكییە. بە پێ ئەو ئامارە نارەسمییانە لە ساڵی رابردوودا ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا 8 میلیار دۆلاری تێپەڕاندووە و سەرمایەگوزارەكانی توركیایش لە كەرتە جیاجیاكاندا هەر بەردەوامن سەرمایەگوزاری دەكەن و ئەمەیش بە جۆرەیەك بە واتای كردنەوەی دەرگایەكی پڕ لە نیعمەت بۆ توركیایە. ئەمە دەرفەتێكی زۆر باشە بۆ توركیا بەڵام ترسی من ئەوەیە كە سیاسەتە هەڵەكانی توركیا ببنە هۆكاری لە دەست دانی ئەم دەرفەتە چوونكە، هەر لە ئێستاوە گەورە كۆمپانیاكانی جیهان لە بواری ئەنەرژی و نەوت و گازدا لە هەرێمی كوردستان دەستیان بە سەرمایەگوزاری كردووە و لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا ئەو كۆمپانیا جیهانییانە دەرفەت نادەن بە كۆمپانیا گچكەكانی وڵاتانێك وەكو توركیا لە ناوچەكەدا كار بكەن.
بێگۆمان هاتنی ئەو كۆمپانیا گەورانە بۆ هەرێمی كوردستان و سەرمایەگوزاری كردنی ئەو كۆمپانیانە لەم هەرێمەدا سەرەڕای كێشە و گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و سەرەڕای كێشەكانی نێوان شێعە و سۆننەكان، مانا و واتایەكی زۆر گرنگی هەیە و لە راستیدا هاتنی هەر گەورە كۆمپانیایەكی جیهانی بە واتای گەرەنتی كردنی داهاتوویەكی گەش بۆ هەرێمی كوردستانە.
بە پێ ئەو زانیارییانەی كە لە گۆڤاری دی ئكونومیست وەرم گرتوونە، گەورە كۆمپانیاكانی وەكو ئەكسون موبیل و چەڤرۆن و چەندین كۆمپانیای دیكە كە لە كەرتی نەوت و گازدا كار دەكەن تا ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە 10میلیار دۆلار سەرمایەگۆزارییان كردووە. لە لایەكی دیكەیشەوە بەرنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە لە داهاتوودا رۆژانە 2 میلیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بكات و ئەمەیش دەبێتە هۆكاری زیاتر بوونی ئاستی سەرمایەگۆزاری گەورە كۆمپانیاكانی جیهان لە هەرێمی كوردستاندا.
ئەی لە بەرامبەر ئەم پێشكەوتانەی هەرێمی كوردستاندا بەغدا و بەرپرسانی بەغدا كە بانگەشەی ئەوە دەكەن هەر هەمووی پەیمانەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكاندا نادەستوورین چی دەكات و چی دەیەوێ؟
ئەگەر بە پێ دەستووری هەنۆكەیی عێراق داهاتەكان دابەش بكرن ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا بۆی هەیە كە لە سەدا 17ی ئەم داهاتانە بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە و سەدا 80ی دیكەیشی دەبێت بگەڕێتەوە بۆ بەغدا. لە نێو دەستووری عێراقدا چی نووسراوە با نووسرابێت، لەم رۆژە بەدواوە نە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە ئەم داهاتانە بەمجۆرە دابەش بكات و نە بەرپرسانی بەغدایش ئامادەن لە هەڵوێستەكانی خۆیان بەرامبەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوێك پاشەوە بنن. بەرێوەبەرایەتییەكەی بەغدا بە سەرۆكایەتی نووری مالێكی كە لە بەغدا قاچیان لە سەر قاچ داناوە و دانیشتنە، زۆر بە باشی هەست بەم راستییانەی هەرێمی كوردستان دەكەن هەر بۆیە هەمیشە هەوڵیان بۆ ئاڵۆزی كردنی بارودۆخی نێوان هەولێر و بەغدا داوە تا بەمجۆرە چاوی كۆمپانیا جیهانییەكان بترسێنن و لە هەولێر و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستاندا دەست بە سەرمایەگۆزاری نەكەن.
نووری مالێكی كە دوای هەڵبژاردنی وەكو سەرۆك وەزیر بە پێ پێویست لە لایەن توركیایەوە هاوكاری نەكرا و هەر بۆیەش پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا ئاڵۆز كرد، ئێستایش لە بەغدا هەر رۆژ بە بیانوویەك هەوڵ بۆ تاوانبار كردنی سۆننەكان دەكات و دەیەوێ بەمجۆرە دەسەڵاتی بەغدا بكاتە یەك رەنگ و شێعەكان بە سەر هەر شتێكدا زاڵ بكات. هەر بۆیە سوپای سەر لە نوێیەوە دامەزراندەوە، دەسەڵاتی دادوەری خستە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە و وەزارەتی پاراستن و ئیستیخباراتیشی بە گشتی خستە ژێر دەستی خۆیەوە. دواتر بە مەبەستی نیشان دانی هێزی خۆی بە كورد و بە توركیا و وڵاتانی دیكە جێگری سەرۆككۆماری عێراق تارێق هاشمی وردە وردە لە سیستەمی سیاسی وڵات دەكرد و تاوانباری كرد و دواتر چەندین جار بریاری ئیعدام كردن بۆ هاشمی دەركرا و لە ئەنجامدا یەكێك لە سیاسەتمەدارە هەرە گەورەكانی سۆننەكان ناچار كرا كە لە عێراق دەربچێت و ئێستا ئاوارەیە.
لەم رۆژانەدا مالێكی ئوپەراسیۆنێكی دیكەی هاوشێوەی ئوپەراسیۆنەكەی هاشمی كردە سەر سیاسەتمەدارێكی دیكەی سۆننە كە لە نێو حكوومەتدا وەزیری دارایی بوو. بێگۆمان نابێت لە بیر بكەین كە هەر هەمووی ئەم ئوپەراسیۆنانەی مالێكی لە كاتی نەخۆش بوونی سەرۆككۆماری عێراق مام جەلالدا ئەنجام دران.
با بەمجۆرە كۆرت بكەمەوە" هێزە چەكدارەكانی سەر بەمالێكی بە فەرمانی مالێكی هەڵیان كوتایە سەر نووسینگەی وەزیری دارایی عێراق رافێع عیساوی و 150 پاسەوان و كەسی نزیكی ناوبراویان بە تاوانی رەشوەت دان و هەبوونی پەیوەندی بە تیرۆریستانەوە راپێچی گرتووخانە كرد. عیساویش لە بەرامبەردا وتی" ئەمە هەڵویستی حكوومەت نییە بەڵكۆ هەڵویستی چەتەیە و بە توندی رەدی دەكەینەوە. لیستەكەی رافێع عیساویش باسی ئەوە دەكات كە مالێكی سەرتا هێرشی كردە سەر تارێق هاشمی و ئێستایش هێرشی كردە سەر عیساوی و چەند رۆژی دیكەیش هێرش دەكاتە سەر چەند كەسی دیكە و بەمجۆرە دەیەوێ سۆننەكان لە نێو پرۆسەی سیاسی وڵاتدا دوور بخاتەوە.
بێگۆمان ئەم وتانەی سۆننەكان راستن و ئارمانجی مالێكی دوور خستنەوەی سۆننەكان لە پرۆسەی سیاسی عێراقە، كاتێك كە بەغدا سەرقاڵی ئوپەراسیۆنی بەمجۆرەیە و ناكۆكییەكانی نێوان شێعە و سۆننە وردە وردە گەرم و گۆڕتر دەبن، هەرێمی كوردستانیش كە ئامادە نییە خۆی بكاتە بەشێك لە ململانێ نێوان شێعە و سۆننەكان، هەوڵ بۆ بەهێزتر كردنی پێگەی جیهانی و هەرێمی خۆی دەدات، هەر بۆیە لە چوارچێوەی ئەم هەوڵدانانەدایە كە رۆژانە چەندین گەورە كۆمپانیای جیهانی دەچنە كوردستان و دەست بە سەرمایەگۆزاری دەكەن.




