دیسان شانازییه‌كه‌یان له كیس خۆیاندا

كه‌ریم قادر
ئه‌مڕۆ (بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی) له مه‌كۆی سه‌ره‌كی گۆڕان له سلێمانی به‌یه‌كه‌وه كۆبوونه‌وه، كه وه‌ك چاودێرێك پێمان وابوو له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به هه‌ڵوێستی دژه سه‌ربه‌خۆیی خۆیاندا ده‌چنه‌وه و دێنه پاڵ گه‌ل و كێشه لاوه‌كییه‌كان وه‌لا ده‌نێنن و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و نیشتمان ده‌خه سه‌رووی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی دی.
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی، به‌قه‌ولی خۆیان بۆ رای گشتی بڵاویان كردۆته‌وه، پرسیارن و ده‌خوازن وه‌ڵامه‌كانیان ده‌ست بكه‌وێ، مافێكی خۆیانه، كه وه‌ڵامه‌كان وه‌ربگرنه‌وه. ئه‌گه‌ر مه‌رجیشن، ئه‌وه خۆدزینه‌وه‌یه‌كی ئاشكرایه له‌جێبه‌جێكردنی ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی نیشتمانی و له‌گه‌ڵ ویستی گه‌لی كوردستان ناگونجێ. ئه‌گه‌ر بۆ چه‌واشه‌كاری و به‌لاڕێدا بردنی پرۆسه‌كه‌یه، ئه‌وه‌یان خه‌ڵكی كوردستان له پرۆسه‌ی ریفراندۆم وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه.
هه‌ندێ له‌وانه‌ی له‌و به‌ناو راگه‌یه‌ندراوه‌دا بۆ رای گشتی خراوه‌ته‌ڕوو ده‌كه‌مه پرسیار و وه‌ڵام تا بتوانم رێگه له‌به‌رده‌م تێگه‌یشتنی خه‌ڵك له هه‌وڵ و ماهیه‌تی ئه‌و دوو حزبه كورت بكه‌مه‌وه.
پرسیار: ریفراندۆم هه‌نگاوێك بێ بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به ناوچه دابڕێنراوه‌كانه‌وه.
وه‌ڵام: رێك ئه‌و ریفراندۆمه‌ی له 25ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌ده‌چێ بۆ سه‌ربه‌خۆییه، بێ قه‌یدوشه‌رت هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ش ده‌گرێته‌وه، كه پێشمه‌رگه‌ی لێییه و به‌خوێن رزگاركراون.
پرسیار: پێویسته دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌رو هه‌موویانه‌وه په‌رله‌مانی كوردستان بێ هیچ مه‌رجێك ئاسایی بكرێته‌وه.
وه‌ڵام: پێشتر و له كۆبوونه‌وه‌ی 7/6 بڕیار له‌كاركردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان دراوه، به‌وپێیه‌ی له خزمه‌ت ئامانجه‌كانی گه‌لی كوردستان بێت، به‌ڵام ئه‌وه ئێوه‌ن ناتانه‌وێ په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه، ئه‌مه‌ش درێژه‌دانه به ئینقلابه له گۆڕنراوه‌كه بۆئه‌وه‌ی ئاسته‌نگ بۆ ریفراندۆم دروست بكه‌ن.
پرسیار: هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا بكرێ و ریفراندۆم دوا بخرێ یا هه‌ڵبژاردنی گشتی و ریفراندۆم له‌یه‌ك كاتدا بكرێ.
وه‌ڵام: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم دوابخرێ، چونكه له‌لایه‌ك داوای خه‌ڵكی غه‌یره كورده یا به واتا راسته‌قینه‌كه‌ی داوای داگیركارانی كوردستانه، له‌لایه‌كی دیكه ده‌بێته له‌گۆڕنانی ویستی ره‌وای گه‌لی كوردستان، كه ده‌ریایه‌ك خوێنی بۆی به‌خشیوه. بۆ مه‌سه‌له‌ی پێكه‌وه ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن و ریفراندۆم. هه‌رچه‌نده ئه‌وه زیاتر به ئه‌ركی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی له هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌سته، كه تاچه‌ند ئاماده‌یه و له‌توانایدا هه‌یه هه‌ردووكیان له‌یه‌ك كاتدا ئه‌نجام بدات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م مه‌رجه مه‌به‌ستی دیكه‌ی بۆ خۆدزینه‌وه له ئه‌ركه‌كه‌ی له‌پشته، چونكه حزبه‌كان تێدا ده‌مێننه‌وه، كه ئایا له كه‌مپینه‌كه‌دا داوای جێبه‌جێ كردنی ئه‌ركه نیشتمانییه‌كه یا به‌ده‌ستهێنانی ژماره‌ی كورسی له خه‌ڵك بكه‌ن، به‌مانایه‌كی دی ئه‌م مه‌رجه یا داواكارییه بچووككردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ریفراندۆمه بۆ ململانێ و كێبه‌ڕكێی حزبی، دواتر بێ شوشتن و نوێژ له‌سه‌ر كردن له‌گۆڕنانیه‌تی له قه‌برێكی تاریك.
له كۆتاییدا، مادام پێتانوایه سه‌ربه‌خۆیی مافێكی سروشتی و ره‌وای خه‌ڵكی كوردستانه، كه‌واته نابێ به مه‌رج كه‌له‌پچه‌ی بكه‌ن و كلیله‌كه‌شی گرمه‌شێر بكه‌ن، بۆیه پێموایه ئه‌وه‌ی( گۆڕان و كۆمه‌ڵ) بڵاویان كردۆته‌وه كۆمه‌ڵه مه‌رجێكن بۆ رێگری كردن له ئاسایی بوونه‌وه‌ی دۆخی كوردستان، ئامانج لێشیان ئاسته‌نگ دروستكردنه بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان. واته شه‌ڕفرۆشتنه به‌دژی ویست و ئاواتی له‌مێژینه‌ی كوردستان و بێ به‌هاكردنی خوێنی شه‌هیدان و كاركردنه بۆ قبوڵكردنی ژیانی ژێرده‌سته‌یی.
به‌كورتی و پوختی ئێوه(گۆڕان و كۆمه‌ڵ) چۆنی لێكده‌ده‌نه‌وه ئازادن، چونكه بژارده‌ی خۆتانه، به‌ڵام له‌لای خه‌ڵكی نیشتمانپه‌روه‌ر و ئازادیخوازی كوردستان تێگه‌یشتنێكی دی بۆ بارودۆخه‌كه هه‌یه، چونكه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئیمكانییه‌تی به‌دیهێنانی هه‌یه، ره‌نگه سبه‌ینێ به‌وشێوه‌یه نه‌مێنێته‌وه، نه‌خاسمه ئه‌زموونمان له‌وباره‌وه هه‌یه. بۆیه ئامۆژگاریتان ده‌كه‌م، كه ده‌رفه‌ت ماوه ئه‌و شانازییه نیشتمانییه له كیس خۆتان نه‌ده‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه به‌ره‌ی گه‌ل.




