٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بەعێراقی هێشتنەوەی پرسی كورد

سەرچاوە: KDP.info

دڵشاد مستەفا وەسانی

لەو رۆژەوە كوردستان بە عێراقەوە لكێندراوە، سێ تێڕوانین كاریان لەسەر بەعێراقی هێشتنەوەی پرسی كورد كردووە، بێ ئەوەی چارەسەرێكی بنەڕەتیی ئەو پرسەیان كردبێت، یەكیان نێودەوڵەتی و ئەوەی دووەمیان ئیقلیمی و سێیەمیان تێڕوانینی بەغدا.
لەگەڵ گەشەكردنی شۆڕش و داخوازیی كورد، بەرژەوەندیی ئەو سێیەش جووڵەی خۆی كردووە، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا، وەختێك لە ساڵی 1963 یەكێتیی سۆڤیێت داكۆكیی لە كورد كرد و ئاماژەیەكی دا بە نوێنەری مەنگۆلیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، مەنگۆلیایش لە 3ی تەمموزی 1963 یادداشتێكی پێشكەش كرد، داوای كرد لێكۆڵینەوە لە پرسی كورد لە عێراق بكرێت، دەوڵەتانی عەرەب گوشارێكی زۆریان خستەسەر، ناچار مەنگۆلیا داواكەی كشاندەوە، لە 9ی تەمموزی 1963 گرۆمیكۆی وەزیری دەرەوەی یەكێتیی سۆڤیێت، هەڕەشەیەكی بۆ عێراق و ئێران و توركیا و سوریا نارد، رایگەیاند یەكێتیی سۆڤیێت لە ئاست ئەو شەڕەی عێراق دەیكات بێدەنگ نابێت، لە 11ی هەمان مانگدا نوێنەری یەكێتیی سۆڤیێت لە un پێشنیازێكی پێشكەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش كرد، بۆ تاوانباركردنی رژێمی عێراق لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی دژی گەلی كورد دەیانكات، كاتێ یەكێتیی سۆڤیێت و عێراق ساڵی 1972 پەیمانی هاوكاری و دۆستایەتییان مۆر كرد، ئیدی گوشاری مۆسكۆ بۆ سەر پارتی ئەوەبوو، بچێتە بەرەیەك لە بەغدا كە حزبی بەعس سەركردایەتیی دەكرد، پارتییش نەچووە ئەو بەرەیەوه‌، بۆیە پەیوەندیی مۆسكۆ لەگەڵ شۆڕشی كوردستان نەما و سەرەتای پەیوەندیی ئەمەریكا و كورد دەستی پێكرد.
دەوڵەتانی داگیركەری كوردستانیش، بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ كورد كردووە، هەمیشە پرسی كورد ئەو چوار دەوڵەتەی لێك نزیك كردووەتەوە، بۆیە بەردەوام كاریان لەسەر ئەوە كردووە، پرسی كورد لە چوارچێوەی عێراق دەرنەچێت، بەغدایش هیچ كاتێك ئامادە نەبووە بە جیددی گوێ لە كورد بگرێت.
ئێستا لە كاتێكدا، داوای سەربەخۆییی هەرێمی كوردستان بەرز بۆتەوە، دیسان هەوڵی بەعێراقیكردنەوەی پرسی كورد چڕ بۆتەوە، هەوڵی یەكەم كە نێودەوڵەتییە، باس لە چارەسەری لە چوارچێوەی عێراق دەكات، بەڵام رێزیش لە ویستی كورد دەگرێت، هەندێ بۆچوونیشی پشتیوانە، هەوڵی دووەم دەوڵەتانی داگیركەرە، ئەوان كار لەسەر ئەوە دەكەن پرسەكە بكرێتەوە عێراقی و وای لێبكەن جیهان لەبارەیەوە نەیەتە دەنگ، بەتایبەتیش ئێران، بەوپێیەی تاران عێراقی دوای 2003 بە قووڵاییی ستراتیجی خۆی دەزانێت، گوشارەكانی بۆ ئەو مەبەستە لەڕێی بەغدا خستوونەتەگەڕ، توركیاش لەو رووەوە كاری خۆی دەكات، سوریاش بەوحاڵەی خۆیەوە لەگەڵ بەعێراقیكردنەوەیە.
بێجگە لەو سێ تێڕوانینەی خەریكی بە عێراقیكردنەوەی پرسی كوردن، تێڕوانینی چوارەمیش هەیە كە لە هەرسێكیان لە بەعێراقی هێشتنەوەی پرسی كورد گەرموگوڕترە، زیاتر لەوانیش گورزی لەو پرسە گرینگە داوە، ئەویش تێڕوانینی چەند حزبێكی كوردییە، ریشەی ئەو تێڕوانینە حزبییە، بۆ لێكدابڕانی ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە، ئەو تێڕوانینە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت كە بەغدا چارەسەری كێشە هەڵواسراوەكانی هەرێم و بەغدا دەكات، ئەمەش لە كاتێكدایە، 14 ساڵە كورد چاوەڕێی بەغدایە دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، كەچی لەبەرئەوەی چارەسەری خاك بە راپرسی سپێردراوە، بەغدا خۆی لێشاردەوە، بەرهەمی چاوەڕوانیی كورد لە جێبەجێكردنی دەستوور، بڕینی بودجە و مووچەی كوردستان و نەناردنی چەك بۆ پێشمەرگە،پەلاماردانی كوردستان لە لایەن داعش و بارقورسكردنی هەرێم بە نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە، تەنانەت بەغدا ئامادە نەبوو بەشە دەرمانی ئەو ئاوارانەش بدات، كەچی كەسێكی وەك عەممار حەكیم تازە بەتازە، جارێك لە میسر و جارێك لە تاران دەڵێ: "گشتپرسی بۆ دروستكردنی ئیسرائیلی دووەمە"، ئەمەیە عێراقی نوێ؟ ئەگەر جیرانەكان وەك ترس و مۆتەكە پیشان بدەین و چاومان لەوە بێ رەحممان پێبكەن، لەولایشەوە سەد ساڵی دیكەش چاوەڕێی بەغدا بكەین، ئاوڕمان لێناداتەوە، ئەدی تەگبیر؟ لایەنەكان هەر دەبەرێكڕاچن و دوژمنانیش پێمانپێبكەنن، تەگبیر ئەوەیە ئیرادەی گەل بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات.
 

هەواڵی پەیوەندیدار