زمانی براوە

زكری مووسا
لە نەود ساڵی مێژووی هاوبەشی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراقدا، عەرەبی سوننە كە هەشتاساڵ دەستەڵاتدار بوو، لۆژیكی زۆرداری و خۆسەپاندن و ئینكاری بەكار هێنا. لەگەڵ گەلی كوردستان بە زمانی ئاگر و جینۆساید و تەعریب دوا.
عەرەبی شیعە دوای 2003 كە لەسەر شانی كوردستان گەیشتە دەسەڵات، لەگەڵ سوننە مەنتقی تۆڵەی بەكار هێنا، بە ڕووی گەلی كوردستاندا زمانی پەیمانشكێنی و ئابڵۆقە و فراوانخوازیی گرتەبەر.
زمانی گەلی كوردستان لە هەشتا ساڵی یەكەم، زمانی ئاشتی و دانوساندن و بەرگری بوو. لە دوای ڕاپەڕینی 1991 دەستی بۆ تۆڵە نەبرد و لەپێناو ئاشتیدا لەگەڵ جەللاد كەوتە گفتوگۆ. لە دوای 2003 كاری بۆ دیموكراسی و فیدڕاڵی و چەسپاندنی شەراكەت كرد، بەڵام هەموو هەوڵەكان نەزۆك و شكستخواردوو كەوتنەوە. هۆكاری شكستی عێراق بەر لەوەی سیاسی بێت كولتووری و هزری و سایكۆلۆژییە. لە بەغدا فەرهەنگی نكۆڵیكاری باڵادەست بوو و، نەیدەویست شەراكەت قبووڵ بكات، لە نەوهد ساڵی ڕابردوودا زمانی گەلی كوردستان لەبەرانبەر دەوڵەتی عێراق ئاشتیخواز و مرۆڤسالارانە بووە، تەنانەت چركەساتێكیش بەرەو تیرۆر و شۆڤینیەت شۆڕ نەبووەتەوە.
براوەی ڕاستەقینەی مێژووی پڕ لە نەهامەتیی عێراق گەلی كوردستانە. دوو پێكهاتەكەی تر نەیانتوانی سوود لە دەرفەتەكان وەربگرن دەوڵەت و هاووڵاتی بنیات بنێن و خزمەتی بووژانەوە و پێشكەوتن بكەن، بگرە بەهاكانیشیان دۆڕاند و بوون بە بەندیی تاییفەگەریی.
دوای نزیكەی سەددەیەك گەلی كوردستان لە هەڵوێستی هێزەوە و بە لۆژیكی سەردەم لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و ناوچەكەدا دەدوێت. هێزی ئەو ستراتیژە كە سەرۆك بارزانی ئەندازیارەكەیەتی لە ڕەوایەتی و زمانی دیالۆگ و ئاشتییەوە سەرچاوە دەگرێ، كە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش جێگەی ستاییشە.
كوردستان بەشێك نەبووە لە عێراق هەتا لێی جیا بێتەوە، بەڵكو لە سەرەتای سەدەی بیستەم ئارزوومەندانە چووە پاڵ دەوڵەتی عێراق. دەوڵەتی عێراق نەیتوانی وەفای بۆ شەراكەت هەبێت، بۆیە ئەبێ کوردستان ڕێگەیەكی تر بگیرێتەبەر. سەربەخۆبوونی كوردستان بابەتێكە وەك ماف بەر لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراق بوونی هەبووە. سەربەخۆبوونی كوردستان جیابوونەوە نییە، بەڵكو گەڕانەوەی ژیانی ناوچەكەیە بۆسەر ڕێڕەوی سرووشتیی خۆی. سەربەخۆییی كوردستان پڕۆژەیەك نییە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ و توندوتیژی و كوشتن و بڕین، بەڵكو چارەسەرێكە بۆ ئاشتیی هەمیشەیی. سەربەخۆییی كوردستان جیابوونەوە نییە لە عێراق، بەڵكو دەستپێكی قۆناغێكە بۆ دراوسێتی و هاوكاری و پاڵپشتیكردنی یەكتر لە هەموو بوارەكان ئەویش لە ڕێگەی دیالۆگ و ئاشتی. ئەو زمانە بەهێز و سەردەمییەی كوردستان هەناسەیەكیش دەداتە ڕەوتی دیموكراسیخوازیی عێراق بۆ ئەوەی بەسەر ڕەوتی شۆڤینییەت و تاییفەگەریدا سەربكەوێت.




