لە دوژمن دڕتر

زكری مووسا
هەر كام لەمانە دەستەڵاتی بارزانییان هەبا كوریای باكوورێكیان دروست دەكرد.
هەڵوێست و كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان لەبارەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی لە دەرەوەی پێشبینییەكان بوون. هەموو كاردانەوەكان ڕێزگرتن لە مافی گەلی كوردستانیان پێوە دیارە و بە وردی موراعاتی ڕێوشوێنی دیپلۆماسی و یاسا نێودەوڵەتییەكان كراوە. هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرانبەر ئەم پرسە ئیجابییە و هیچ دژایەتییەك لە ئارادا نییە.
كاردانەوە ناوخۆییەكانی ڕای گشتی و شەقامی كوردستانی جێگەی دڵخۆشین و ئەوە بە ڕوونی نیشان دەدات كە ویست و ئیرادەی سەربەخۆیی لە ناخی هاووڵاتیانی كوردستاندا بوونی هەیە. ئەوەی جێگەی نائومێدییە هەڵوێستی ژمارەیەك نووسەر و میدیای سیاسیی سەر بە هەردوو حزبی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامییە.
سەنگەرگرتنەكەیان لە سەربەخۆیی و مافی هاووڵاتیان نابەرپرسیارانە و لە هەرزەیی سیاسییەوە دێت. وا دەزانن ڕیفراندۆم كەمپینی هەڵبژاردنە و لێی دەخوێنن. پشت بە لێدوان و جنێو و سووكایەتیی نەیارەكانی كورد دەبەستن، دەست بۆ هەموو شتێك دەبەن بۆ ئەوەی چەواشەكاری بكەن و خەڵك هان بدەن بە سەربەخۆیی بڵێن نەخێر.
سەربەخۆیی هیچ ڕەبتێكی بە چاوچنۆكی و هەرزەیی حزبەكانهوه نییە، مڵكی هیچ لایەن و شەخسێك نییە. سەربەخۆیی لە سەرووی یارییە بێنرخەكانی ڕاگەیاندن و فراكسیۆنەكانی نێو پارلەمانە. سەربەخۆیی هیی خەڵكە، پەیوەستە بە ئاییندەی میللەتی كورد و داهاتووەكەی. بۆیە ئەوەی لە دژی سەربەخۆیی بێتە دەنگ لە ڕاستیدا لە دژی هەموو خەڵك و نەوەكانی ئاییندە هاتووەتە دەنگ.
هیچ بڕوبیانوویەك پاساو نییە بۆ دواخستنی سەربەخۆیی یان لەباربردنی و، كەسیش ئەو مافەی نییە لە دژی بوەستێتەوە تەنیا دوژمن نەبێت.
سەیریش لەوەدایە هەموو ئەوانەی سەنگەریان لە سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان گرتووە لە كردار و لە ئایدیۆلۆژیدا خەڵكی نادیموكرات و توندئاژۆ و بشوێنەخوازن. داهێنەری ئیرهابی فكرین، بۆ كوردستان و بۆ سلێمانی داریان لەسەر بەرد دانەناوە. هەمیشە بیریان لە تێكدان كردووەتهوه، ئێرەیی و ڕق و تەنگەنەفەسی هەوێنی هەموو لێكدانەوەكانیان بووە.
ئەو هەرزەسیاسییە كوردانەی لە دوژمن دڕتر سەنگەریان لە سەربەخۆیی و مافی گەل گرتووە، با پرسیار لە خۆیان بكەن چیان كردووە بۆ ئەم وڵاتە؟
كام سەروەری و شانازییە كە بۆ كوردستان وەدەستیان هێناوە؟
جگە لە فەوزا و سەرلێشێواویی چییان بۆ سلێمانی كردووە؟ خۆ دەستەڵات و ژێرخان و سەرخانی سلێمانی خۆیانن.. جگە لە ئەسیركردنی سلێمانی چییان بۆ ئەم شارە كردووە؟
بۆ كولتوور و فەرهەنگ و ئەدەب چیان بۆ كورد كردووە؟ هەر ئەوانن داهێنەری جنێودان و شەڕی دەروونی و ئیرهابی فكری لە دژی هەر كەس وەك ئەوان بیر نەكاتەوە.
كامیان ستەمكارە؟ ئەوەی خوێن دەدات بۆ خاك و وەتەن و هەموو بەرپرسیارێتییەك دەخاتە سەر شانی، یان ئەوانەی فاشیست و ناوچەگەران؟ ئەوانەی منداڵ دەسووتێنن و بیر لە كۆنسووڵكوشتن دەكەنەوە؟ هەر كام لەمانە دەستەڵاتی بارزانییان هەبا كۆریای باكوورێكیان دروست دەكرد.
كامیان مەدەنی و پێشكەوتنخوازن؟ ئەوەی بیەوێ گەلەكەی بە جەهل و تایفەگەریی خەزعەلی و داعش و مالیكی ببەستێتەوە، یان ئەوەی دەیەوێ كوردستان بە جیهانی ئازاد ببەستێتەوە؟
ئەوەی تازە بە تازە بت و گۆڕپەرستی و تابۆ دروست دەكا، ئەوەی حەزی لە پاشكۆیی وڵاتێكە گەلەكەی چەوساندووەتەوە، ئەوەی تەنیا دوو ڕەنگ ئەبینێ و پەلاماری بیروڕای جیاواز دەدا، ئەوەی ئیرهابی فكری تاوی دەدا، ئەوەی داعشباوەڕە و خەون بە ئیمارەت و ویلایەت ئەبینێ، هەر ئەوەی لێ چاوەڕێ دەكرێ كە دژی ئازادیی گەلەكەی بجەنگێ.




