دەوڵەتی كوردستان

زكری مووسا
بەشێكی زۆری ئەو كەسانەی لەناوخۆدا لە دژی دەوڵەت و سەربەخۆیی دێنەگۆ لە بایەخی دەوڵەت و سەربەخۆیی گەییشتوون و، دەشزانن بەرپابوونی دەوڵەت چەندە ڕووداوێكی بەهادارە لە ژیانی میللەتێكدا.
هاندەری سەرەكییان بۆ دژایەتیكردنەكە تەنیا ڕق و دیتی حزبیانەیە. ئەوان وای بۆ دەچن دەوڵەت سەرەتای شكۆی تاهەتایی پارتی و دەستپێكی بێبازاڕیی ئەوانە. بۆیە لێی دەخوێنن، كوێرانە دژایەتیی دەكەن، ناوی دەزڕێنن، بڕوبیانوو بۆ دواخستنی دەهێننەوە، نایانەوێ بارزانی ئاڵاهەڵگری بێت. ئاواتی لەمێژینەی گەلێكی ستەمدیتە و خەونی هەموو تاكێكی كورد بە پیلانی ئەردۆگان لە قەڵەم دەدەن. دەڵێن پیلانێكە لە دژی عێراق، دەڵێن لەگەڵ عێراقدا پارێزراوین، ئەو عێراقەی سەدساڵە كوردستان وەك پاشكۆ دەبینێت و قڕی كردووە. دەڵێن دەوڵەتی كوردی میرنشینێكی ستەمكارە و نامانەوەێ.
دەوڵەتی كوردستان هی كێیە؟
دەوڵەت هیی بارزانی و پارتی نییە، هیی هیچ حزب و كەسێك نییە، مڵكی تاك تاكی هاووڵاتیانی كوردستانە. بارزانی ئاڵاهەڵگریەتی و ئەبێ پشتگیری بكرێت. دەوڵەتی كوردستان ئاواتی مەزنی ئەم گەلەیە و دژایەتی دەكرێت، چونكە پڕۆژەیەكی پیرۆزە بۆ گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف. دەوڵەتی كوردستان گێڕانەوەی ئیرادەی دانیشتوانە كە سەدانساڵە بە زوڵم لە لایەن داگیركاران زەوت كراوە. دەوڵەتی كوردستان نەیاری زۆرە چونكە ئاشتی دەوێت و تاییفەگەری و جەهل هەوێنی نییە، دەوڵەتی كوردستان دوژمنی زۆرە چونكە وەك دەوراوپشتی خۆی دیكتاتۆر نییە و ڕۆڵەكانی لە سێدارە نادات و قڕیان ناكات، ئەو دەوڵەتە ڕاسیست و توندڕۆ نییە و ڕێزی پێكهاتەكان دەگرێ.
لەناوخۆدا دژی زۆرە، چونكە دەوڵەت كۆتایی خێڵایەتی و ناوچەگەری و شارچێتییە، گەڕانەوەی بڕوابەخۆبوونە بۆ مرۆڤی كورد. دەوڵەت كۆتایی بە حزب دەهێنێ و چوارچێوەیان بۆ دادەنێت. دەوڵەت ئینسانی كورد لە كۆیلەبوونی حزب و شەخس و خێڵ ڕزگار دەكات و دەیكاتە هاووڵاتی بۆیە ئەوەندە لێی دەخوێنن. دەوڵەت بەربەستە لەوەی مرۆڤی كوردستانی تێكهەڵی ئەدەبیاتی ئومەمی و تەكفیر و توندڕۆیی جیهانی بكرێت و لە پێناسەی نامۆدا بتوێتەوە بۆیە ئەوەندە لەدژی ڕادەوەستن.
كێن ئەوانەی لە دەرەوە و عێراق دژی دەوڵەتی كوردستانن؟
سەیر بكەن دەوڵەتە دیكتاتۆرەكان، فاشیست و شۆڤینیستەكان، ئەوانەی لە دژی خەڵكی خۆیان وەستاون، ئەوانەی بە شمشێر و خوێن حوكم دەكەن، ئەوانەی مرۆڤسالار نین و لە جەهالەت و نەژادپەرستی و بێویژدانیدا ڕۆچوون، ئەوانەی بوونەوەری ناسرووشتین هەر ئەوانە لەدژی دەوڵەتی كوردستان دەوەستنەوە. دەوڵەتی كوردستان سەرچاوەی ئاشتی دەبێت و چاوگی تیرۆر و هەڕەشە نییە. تەنیا دەوڵەتێك دەبێت كە بە ئیرادەی دانیشتوانەكەی بەرپا دەبێت، بۆیە لە دیموكراسی و مرۆڤدۆستی و پێشكەوتندا بەپێش خەڵكی تر دەكەوێت، بۆیە ئەوەندە دژی دەوەستن.
ئایا دەوڵەتی كوردستان دەبێتە میرنشینێكی ستەمكار و دیكتاتۆر؟
هەر دەوڵەتێك بەپێی ئیرادەی دانیشتوانەكەی پێكەوە بنرێت مەحاڵە بەرەو دیكتاتۆری شۆڕ ببێتەوە. جگە لەوەیش لە كوردستاندا بایی ئەوەندە فرەیی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی و فكری هەیە كە بوار بە ڕەخساندنی دیكتاتۆری و تاكڕۆیی نادات.
دەوڵەتمان ناوێ، كەواتە چیی ڕوو دەدات؟
بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری دەگاتە بنبەست. ئەبێ ببینە بەشێك لە تاییفەگەری و ملكەچی بڕیارەكانی دەوروبەر بین، ڕزقمان بە نوكەئیمزای حاكمانی بەغدا بەند دەبێت، خاوەنی خۆمان نابین، تاهەتایە ناسنامە و پاسپۆرتی بیانی لە گیرڤانمان دەبێت. دیموكراسی گەشە ناكات و دەپووكێتەوە و لە مانا دەكەوێ. دەبێ تەسلیمی لۆژیكی زۆرینەی عەرەبەكان بین و بە پاشكۆیی بمێنینەوە. كولتوور و فەرهەنگ و ئەدەبمان گەشە ناكات. گەندەڵی دەستبەردارمان نابێت، هەموومان بچووك دەبینەوە لەناو بازنەی پێناسەی حزبی مەحەلی و ناوچەیی. ئاسمان و زەوی و ئێستا و ئاییندەمان هیی خەڵكی ترە. ناومان نابێ و لە بێناوییەكی كوشندەدا دەتوێنەوە. دەوڵەتمان نەبێت هەموو قوربانیدان و خەباتمان بە فیڕۆ دەچێت و هەرگیز نابینە بەشێك لە كاروانی مرۆڤایەتی.




