ئه‌رکه سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی نێچیرڤان بارزانی

سه‌نگه‌ر مسته‌فا
کاتێک بۆ یه‌که‌مجار نێچیرڤان بارزانی پۆستی سه‌رۆكی حكوومه‌تی وه‌رگرت، له‌و بارودۆخه سیاسی و ئابوورییه که هه‌رێمی کوردستانی تێدا بوو و بێمتمانه‌ییی خه‌ڵک له خواست و داخوازیی كه‌ڵه‌كه‌بوویان بۆ ئاوه‌دانی و خۆشگوزه‌رانی، هه‌روه‌ها داڕشتنه‌وه‌ی سیاسه‌تی وه‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه‌گوزاری و بووژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری، دابینکردنی ئاسایش و ئارامی و زه‌مینه‌سازی بۆ كێشكردنی كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پیلانه چاوه‌ڕانكراوه‌كانی ده‌وروبه‌ر و زاڵبوونی سیاسه‌تی حزب به‌سه‌ر حكوومه‌تدا، به‌لای نەیارانەوە له‌و كۆسپ و ئاسته‌نگانه بوون كه به‌و ئه‌زموونه كه‌مه‌ی كورد له بواری به‌ڕێوه‌بردن و ده‌وڵه‌تداریدا هه‌یه‌تی و به‌تایبه‌ت به‌و گه‌مارۆ سیاسییه‌ی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و نه‌بوونی كه‌سانی شاره‌زاو و كارپێكراو، خۆ له قه‌ره‌دانیان ئاسان نییه، و پێیانوابوو ناتوانێ ئه‌و قۆناغه به سه‌ركه‌وتوویی تێپه‌ڕێنێ و به‌ربه‌ست و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م حكوومه‌ت ببڕێ، به‌ڵام به ئیراده‌یه‌کی به‌هێز و ئومێدێکی زۆره‌وه ڕێگا پڕ له هه‌وراز و زه‌حمه‌تییه‌کانی بڕی و به کارنامه‌یه‌کی پڕ له به‌رهه‌م، پلانه‌کانی بۆ ئاوه‌دانی ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر به‌گه‌ڕ خست و شانی دایه ژێر ئه‌و باره قورسه و کۆڵی نه‌دا تا ئه‌و ڕه‌وته ئابووری و ئاوه‌دانییه‌ی خسته سه‌ر سکه و کابینه له دوای کابینه هه‌رچه‌نده که‌موکوڕی هه‌بوو، به‌ڵام به سه‌رکه‌وتوویی به‌رده‌وام بوو.
نێچیرڤان بارزانی، له ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌یدا به پشتیوانییه به‌رده‌وامه‌كانی سه‌رۆك بارزانی له کابینه‌کانی حکوومه‌تدا، ڕۆڵ و كاریگه‌ریی حزبی له‌ناو داموده‌زگا حكوومییه‌كان تا ئاستێكی باش كه‌م كرده‌وه، له په‌یوه‌ندییه ئابووری و بازرگانیه‌كاندا پشتی به سه‌ره‌تاكانی به‌رژه‌وه‌ندیی دوولایه‌نه به‌ست، ئه‌وه‌ش گرینگیی تایبه‌تی هه‌بوو له به سیاسیكردنی پرسی كورد و دابینكردنی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ هه‌رێمی كوردستان، چونكه ڕوون و ئاشكرایه به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كان پشتیوانییه سیاسییه نێوده‌وڵتیه‌كان مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها كوردی له قه‌یرانی دوو ماڵه‌كی ڕزگار كرد و خه‌باتی سیاسی و دیپلۆماسی له چوارچێوه‌ی ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمدا بۆ کۆدەنگیى نیشتمانى یه‌كخسته‌وه.
ئه‌زموونی چه‌ند ساڵه‌ی نێچیرڤان بارزانی له حکوومه‌تداریدا، که له چه‌ندین قۆناغدا ڕه‌چه‌شکێن بووه، وایکرد هه‌وڵه‌کانی بۆ ستراتیژی ئابووری سەربەخۆ بە ئامانجێكی سیاسی بگرێته‌به‌ر و قۆناغ بە قۆناغ بناغەكانی پتەوتر بکات، سه‌ڕه‌رای به‌ربه‌سته سیاسییه نێوخۆیی و ئیقلیمییه‌کان، له بواری نه‌وت که شاده‌ماری ئابووریی هه‌رێمی کوردستانه، ده‌رگای کوردستانی به ڕووی گه‌وره‌کۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌کانی جیهاندا کرده‌وه و کوردستانی برده قۆناغێکی تری نزیکبوونه‌وه له سه‌ربه‌خۆیی و به پلانی تۆكمه و دانایی سیاسییه‌وه توانی كوردستان بخاته سه‌رنه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهان.
ڕێککه‌وتنی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتی تورکیا و مامەڵە و گرێبەستی درێژخایەن لە لایەن كۆمپانیا گه‌وره‌کانی وڵاتانی زلهێزی دونیا لەگەڵ كوردستان، ده‌ستپێکێکی باش بوو بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی ئابووریی درێژخایه‌ن و بووژانەوە و گەشەی ئابووری و هەنگاونان بەرەو چارەسەریی قەیران و گرفتە ئابوورییەكانی كوردستان، هه‌روه‌ها ئاماژەیەكی یەكجار ڕوونی متمانەكردنی سیاسی بوو بە ئێستا و ئایندەی ئەم وڵاتە به‌تایبه‌ت دوای ئه‌و كێشانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان ڕوویان دا كه به‌هۆی بڕینی بودجه له‌لایه‌ن حکوومه‌تی عێراق، شه‌ڕی دژی داعش و هاتنی نزیکه‌ی دوو ملیۆن ئاواره و په‌نابه‌ری ده‌ستی تیرۆر له ڕۆژئاوای کوردستان و ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق بۆ هه‌رێمی کوردستان.
بێگومان ئامانجی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی ستراتیژیه‌تی ئابووریی سه‌ربه‌خۆ ئه‌وه‌بوو، که پێش ئه‌وه‌ی كوردستان سەربەخۆیی رابگه‌یه‌نێ گشت فاکته‌کانی ئابووری و سیاسی بكەوێتە دەستی خۆی و خاوەنی ئیرادەیه‌کی سەربەخۆ بێت و بتوانێ هاوسەنگیی دیپلۆماسی رابگرێ و پەیوەندییەكانی بە هەموو ئاڕاستەكاندا پتەوتر بکات.
به‌شداریی نێچیرڤان بارزانی لە كۆڕبەندی ئابووریی سان پترسبۆرگ له ڕووسیا که وەك سەرۆكی حكوومەتێكی كاریگەر و گرینگی ناوچەكە پێشوازیی لێكرا و له‌میانه‌ی کۆڕبه‌نده‌که‌دا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌که له سه‌رۆکی ڕووسیا و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه و وزه و هه‌ردوو کۆمپانیای گازپڕۆم نه‌فت و ڕووسنه‌فت به‌جیا کۆ بوویه‌وه، هه‌ر له‌و کۆڕبه‌نده‌دا هه‌رێمی كوردستان و رووسیا گەیشتنە لێكگەیشتن و هەنگاونان بەرەو گرێبەست و هاوكارییەكی ئابووریی درێژخایەن، رێککەوتنی نەوتی نێوان رووسنه‌فت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە گرینگ‌ترین رێککەوتنەکانی کۆڕبەندەکە بوو و، پووتین هەموو پشتگیرییەکی سیاسیی خۆی بۆ کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکانی رووسیا بە نێچیرڤان بارزانی راگەیاندووە، کە وەک حکوومەت و کریملن و هەموو رووسیا پشتگیریی هاتنی کۆمپانیا رووسیاییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئەم رێككەوتنە لەگەڵ رووسیا و رێككەوتنەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكایی و بیانییەكانی دیکه‌دا لە بەرهەمهێنان و هه‌نارده‌کردن و بازرگانی نەوتدا، مه‌جالێکی فراوان بە هەرێم دەدات و گەره‌نتیی باشبوونی دۆخی ئابووریی هەرێم دەدات و، سه‌ره‌تایه‌کی باشه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه بۆ بازاڕه‌کانی هه‌رێمی کوردستان. هه‌روها دروستبوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ئابووری و بارزگانییه ده‌بێته ده‌روازه‌یه‌كی گرینگ بۆ په‌یوه‌ندیی سیاسی و دیپلۆماسی له نێوان هه‌ولێر و موسكۆ، به‌مه‌ش به‌ره‌وپێشڤه‌چوونێکی گرینگ له پێگه‌ی كوردستان له‌ناو ده‌وڵه‌تانی هه‌میشه‌یی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش دروست ده‌بێت، به‌تایبه‌تی كه ئێستا کوردستان په‌یوه‌ندییه‌کی باشی له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌و وڵاتانه هه‌یه و به‌ره‌و قۆناغی گشتپرسی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌نگاو ده‌نێت.




