٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بارودۆخی عێراق بە كوێ دەگات؟!

سەرچاوە: KDP.info

ئازا حەسیب قەرەداخی

عێراق بەنیازە بۆ ساڵی داهاتوو بڕی (900 ملیۆن دۆلار) لە بانكی نێودەوڵەتی قەرز بكات. كۆی قەرزەكانی لەماوەی ساڵانی رابردووشدا گەیشتۆتە (5 ملیار دۆلار).

بودجەی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی 2012ـدا نزیكەی (100 ملیار دۆلار) و بڕی هەناردەكردنی نەوتیش گەیشتە (3.35 ملیۆن) بەرمیل لە رۆژێكدا، كەچی حكومەت بەم هەموو پارەیە نەیتوانیوە لانی كەمی خزمەتگوزارییەكانی خەڵكی عێراق دابین بكات و ئێستا ناچارە بیر لە قەرزێكی نوێ بكاتەوە.

زوربەی هەرە زۆری عێراقییەكان لە ئاستی هەرە نزمی ئارامی و ئاسایش و خزمەتگوزارییەكانی ئاوی خواردنەوە و كارەبا و نیشتەجێبوون و هاتوچۆ و تەندروستی و خۆشگوزەرانی بێ بەشن. لەوەیش دژوارتر ئەوەیە كە لە دوا راپۆرتی ( ناوەندی جیهانیی توێژینەوەكانی گەشەكردن) كە مەڵبەندەكەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، دەركەوتووە لە عێراقدا (8 ملیۆن) كەس لە خوار هێڵی هەژاریدا دەژین. واتە بەپێی پێوەری جیهانیی بۆ هەژاری، داهاتی ئەم خەڵكانە لە خوار یەك دۆلارەوەیە لە رۆژێكدا. بێگومان ئەم ژمارە زۆرە لە هەژاران وای كردووە كە هەموو كایەكانی دیكەیش روو لە كزی بكەن و ئێستا لە عێراقدا (7 ملیۆن) كەس نەخوێندەوارن.

حكومەتی ئێستای عێراق لە بری ئەوەی كەشوهەوایەكی لەبار و ژینگەیەكی ئارامی سیاسی و ئابووری بڕەخسێنێ بۆ راكێشانی سەرمایەگوزاری و سوود وەرگرتن لەو داهاتە قەبەیەی هەیەتی بۆ بونیاتنانی ژێرخانێكی پتەوی ئابووری، بایی (12 ملیار دۆلار) چەك و فڕۆكەی كڕیوە و بەردەوام خەریكی بەهێزكردنی سوپاكەیەتی.

پڕچەككردنی ئەم سوپایە لە دەوڵەتێكی پڕ لە هەژاردا، بۆچییە؟!

تا ئێستا ئاماژەیەك لە دەرەوەی عێراق هەست پێنەكراوە كە هەڕەشەیەكی سەربازیی راستەوخۆ بێ بەسەر ئەم دەوڵەتەوە. ئەوەی هەیە ناوخۆی عێراقە كڵپەی سەندووە. گڕتێبەردەری باری سیاسی ناوخۆیش خودی حكومەت خۆیەتی نەك هێزێكی دیكە.

بەرەی هەرێمی كوردستان هێشتا قوڵپەی دێت، كەچی سەرەكوەزیران و تیمەكەی لە حكومەتی عێراقدا، لە دوا زنجیرەی گەرمتركردنی باری سیاسیدا، هێزێكیان ناردە سەر ماڵی وەزیری دارایی. بەم رەفتارە شاری (ئەنبار)ـیان كە ماوەیەكە بێ دەنگ و خامۆشە، لە خەو راچڵەكاند و ژێر پێیان بە ئاگری "دژایەتیكردنی سوننە" گڕ تێ بەردا و عەشایەر و چەكدارانی (صحوە)ـیان ورووژاند.

 (موقتدا سەدر)ـیان زۆر توڕەكردووە و هەموو ئەو شارو شارۆچكانەی خۆیان بە هەواداری دەزانن هاواریان لە دژیان بەرزبۆتەوە. لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیدا ناكۆكن. (هادی العامری) سەرۆكی ( بەدر)ـیان لە خۆیان تۆراندووە و دژیانە. (حزبی فەزیلە)ـیش مالیكی تۆمەتبار دەكەن بە تیرۆر كردنی پاریزگاری بەسرە و لەوكاتەیشەوە خۆیان بە نەیاری مالیكی دەزانن و چاوەڕوانی دەرفەتن تۆڵەی لێ بكەنەوە.

مەرجەعە باڵاكانی شیعە لە مالیكی و تیمەكەی رازی نین و بەردەوام بانگەوازی بۆ دەكەن كە پاڵ بە عێراق و پێكهاتەكانییەوە نەنێت بەرەو جەنگی ناوخۆ.

ئێران هەست دەكات سەرەرۆییەكانی ئەم تیمە هێڵی سووریان تێپەڕاندووە و زیان بە ستراتیژی ئەو دەگەیەنن لە ناوچەكەدا. توركیا بەردەوام وەكوو نەیارێك لەسەر هێڵە و وڵاتانی عەرەبیش لەم رووەوە بە ئاشكرا و بە نهێنی كەم لە دژی ناكەن.

لەم دەوڵەتی عێراقە كە بۆتە دەوڵەتی قەرز و هەژاری و نەخوێندەواری و كڵپەسەندووی سیاسی. بارودۆخ بەكوێ دەگات؟

لە سەر ئاستی هەرێمایەتی پێدەچێ كار بۆ ئابڵوقەدانی عێراق بكرێ لە كۆی ئەو رووداوانەی لە ناوچەكەدا روودەدات، تا ئەو رۆژەی نۆرەی خۆی دێت.

لەناوخۆیشدا لەبەر رۆشنایی پێدراوە سیاسییەكان پێشبینی دەكرێ كە مالیكی و تیمەكەی بیانەوێ هەموو لایەك ناچار بكەن لە پرۆسەی سیاسی و ئەندامێتی پەرلەمان و بەشدارێتی لە حوكمڕانێتیدا بكشێنەوە و ئەوسا بەوەندەی كە دەیانمێنێ لە پەرلەماندا، حكومەتی زۆرینە دروست بكەن و حاڵەتی ئیمێرجنسی راگەیەنن و كاركردن بە دەستوور پەك بخەن تا كاتێكی نادیار و بە فەرمانی دەستووریی كە لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە دەردەكرێ، دەوڵەت بەرن بەڕێوە.

ئەگەر بایی ئەوەندەیش لە پەرلەماندا نەما كە زۆرینەیەك بن بۆ دروستكردنی حكومەتی زۆرینە، ئەوسا بەو سوپا پڕ چەكەی ئامادەیان كردووە، كودەتایەكی سەربازی دەكەن و سیناریۆكانی حكومەتی كودەتای سەربازیش ئاشكرا و دیارە. ئەوسا جگە لە هەرێمی كوردستان، شەڕی ناوخۆ و داگیركردنی شاران و دروستكردنی كانتۆناتی حزبی و عەشایەری و پێكهاتەیی چەكدار لە سەرانسەری ئەوەدوای عێراقدا و تەنانەت لەناو ناوچە و گەڕەكەكانی شاری بەغدادی پایتەختیشدا، ئەگەری هەرە سەرەكی و حەتمییە.

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار