دوای (1975) تان وەبیرە؟

دڵشاد مستەفا وەسانی
قۆناغی دوای ساڵی 1975 بە فرەحزبی دەناسرێت، لێ كەرەستەیەك هەر لە سەرەتای قۆناغەكەوە، بۆ ململانێی حزبی بەكار هێندراوە، ئەو كەرەستەیە كە خۆی لە رەشكردنی هەوڵی پێشتر و ناشیرینكردنی پارتی دیتەوە، وەك ئامرازێك بۆ هاتنە مەیدان و پەیداكردنی شوێنپێیەك لە گۆڕەپانی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بەكار هێندرا، ئەو كەرەستەیە لە ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی بیست، دەمی جیابوونەوە و كەرتبوونی حزب چەكەرەی كرد، تا ئەمڕۆیش كاریگەریی هەیە، بە شێوە و وێنەی دیكە لە ململانێدا بەكار دەهێندرێ، بەڵام ئەوانەی كاریان لەسەر ئەو كەرەستەیە دەكرد، لەبیریان چۆتەوە، ئێستایان تەواو پێچەوانە بۆتەوە.
كرۆكی كەرەستەكە ئەوەیە، رۆڵی دەرەكی لەسەر شۆڕش نادیدە گیرا و خەتای نسكۆ خرایە ئەستۆی بارزانیی نەمر و پارتی، گەلەكۆمەكییەكەی دەوڵەتانی ئیقلیمی بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا لە 1975، بە مەسەلەیەكی زۆر سادە و ساكار سەیر كرا، ئەو رۆژگارە سەخت و دژوارە وا لێكدرایەوە كە نەدەبوو لێكەوتەكانی گەلەكۆمەكییەكە قبووڵ بكرێ، پاساوەكە لە پێناو بەرژەوەندیی حزبیدا بوو، لێكدانەوەیەك بوو گەلەكۆمەكییەكەی وەك كەرەستەیەك بۆ ناشیرینكردنی سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول بەكار دەهێنا، لە جیاتی ئەوەی واقیعیانە بارودۆخەكە بخوێندرێتەوە، وشە و دەستەواژەی وەك (ئاشبەتاڵ) بەكار هێندرا، ئەمەش ئاماژەیەك بوو بۆ فەرامۆشكردنی بارودۆخی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، هەموو هەوڵ و توانایان لە رەخنەگرتن لە بارزانیی نەمر و پارتیدا چڕ كردەوە، كەچی ساڵی 1988 كە سەددام چەكی كیمیایی لە كوردستان بەكار هێنا، حزبەكان ناوچەیەكی ئازادكراویان بە دەستەوە نەما، بەغدا بە بەرچاوی جیهان كەوتە وێزەی كوردستان، ژمارەیەكی زۆری كورد ئەنفال كران و گەورەترین شاڵاوی وێرانكردن دەستی پێكرد، بەڵام لەبەرئەوەی ئەمجارە حزبەكان كوردستانیان بە وێرانی بەجێ هێشت، نەهاتن بڵێن خەتای خۆمان بوو.
ئێستا گۆڕانێكی گەورە بەسەر دۆخی كورد و ناوچەكەدا هاتووە، كەچی بۆ پاساوهێنانەوە، بۆ ئەوەی ریفڕاندۆم نەكرێ، دەڵێن ئەگەر ئێران و سووریا و توركیا گوشارمان بۆ بێنن چی بكەین؟ ئەمە لە كاتێكدایە، دۆزی كورد زۆر چۆتە پێشەوە، لە 1975 و دواتریش، هیچ حیسابێك بۆ كورد و پێشمەرگە نەدەكرا، ئێستا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە سروودی ئەی رەقیب پێشوازی لە سەرۆك و سەركردەی وڵاتان دەكرێ، پێشمەرگە لەسەر ئاستی جیهان بەوە ناسرا كە بەرگریی لە مرۆڤایەتی دەكات، بە رێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا و بەغدا، بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ لە دەستی داعش، هەماهەنگیی لەگەڵ سوپای عێراق كرد، باری دەوڵەتە ئیقلیمییەكانیش لە چاو 1975 و دواتر زۆر گۆڕاوە، بە جۆرێك كە بەدەم دەیان كێشەی گەورەوە دەناڵێنن، بەتایبەتیش عێراق و سووریا، خوێندنەوەی بارزانیی نەمر بۆ ئەوەبوو، ئەوەی دوای 1975 و بەتایبەتیش لە هەشتاكان، بەسەر كورددا هات، روو نەدات.
پاساوی دوای 1975 زۆر زاڵمانە وەك كەرەستەیەك بەكار هێندرا، هەرچەندە زۆر پێشمەرگە و فەرماندەی غەیرەپارتی، لە گەرمەی رووداوەكانی وێرانكردنی كوردستان، راستی و دروستیی خوێندنەوەی بارزانیی نەمریان بۆ دەركەوتووە، تەنانەت شاڵاوی دڕندانەی سەددامیان بۆ جووڵانەوەی خۆیان گەڕاندۆتەوە، هەرچەندە قەت لەجێی خۆی نییە پاساو بۆ دڕندایەتیی ئەوكات بهێندرێتەوە، پرسیار ئەوەیە لە پەنای چی لەكاتێكدا تەنیا چیا دۆستی كورد بوو، گوتتان خەتای بارزانیی نەمرە، كەچی ئێستا كورد هاوپەیمانی زیاتر لە 60 دەوڵەتە لە شەڕی دژی تیرۆر، دەڵێن دەوڵەتە ئیقلیمییەكان گەلەكۆمەكێمان لێدەكەن، ئەرێ بە ڕاست ئەم پاساوەی كە درێژەی هەیە، ئەوكات و ئێستایش دژایەتیی پارتیی پێكرا، لە پێناوی نیشتمانە یان بۆ خۆشكردنی ململانێی سەقەتی حزبایەتی؟




