٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

با نەهێڵین هەوڵە ئەهریمەنییەکان سەربگرن!

سەرچاوە: KDP.info

جه‌زای شێخ ڕه‌زا

گەوهەری بڕوابەخۆبوونی مرۆڤ لەوەدایە، کە هەوڵی ئەوە بدات نەهێڵێت خودی خۆی لە دەفر و قاڵبێکی دیاریکراودا شێوەدار ببێت، مەگەر ئەو دەفرە هەمووی خۆشەویستی بێت بۆ بەها نەگۆڕەکانی وەکو مرۆڤپەروەری، جوانی و ڕاستی.........تاد.


کاتێك تاك لە پڕۆسەی گەڕانەوەدا دەبێت بۆخۆی، بڕوابەخۆبوونی تێدا گەشە دەکات، کە دیارە ئەمەش شیمانەی ئەو بارەی لا دەخەمڵێنێت، کە تا ئەوپەڕی شیان ڕێگری لەوە بکات کە وزە و توانا ژیانی و ژیارییەکانی بە فێڕۆ ببرێت، یان بڕژێنرێتە جۆگەلەیەکەوە، کە دوایی ببێتە لافاوێك، کە خانە و زیندەگیی خۆی وێران بکات.
ئەگەر تاکی کورد بەرەو خۆی بگەڕێتەوە و بزانێت بەری بە کوێوەیە، لەو مۆتەکەیە ڕزگاری دەبێت کە سوار تەوقی سەری بووە و بە ئاممان و زەمان لێی نابێتەوە. خۆ ئەگەر بە تەواوی ئەوەشی بۆ نەکرا، هیچ نەبێت ئەگاتە ئەوەی ئیدی هێندە وابەستەی ئەو هزر و ئایدیایەیان نەبێت، کە نەوێرێت توخنی گومان لە ڕاستیبوونیان بکەوێت. ئەم گەڕانەوەیە بۆ خۆ، سەرەتای ڕەواندنەوەی ئەو ترسەیە، کە ساڵەهای ساڵە بروسکەی شیر و بارانی تیری داگیرکەران، لە ناخی تاکەکانی ئەم نەتەوەیەدا چەسپاندوویانە.
پێی ناوێ لاپەڕەکانی مێژوو هەڵبدەینەوە تا راستیی ئەو بۆچوونە بسەلمێنین، چون ئێستایش ڕۆژانە بەرهەمی ئەو وابەستەبوونە بە سیستەم و کەلتووری ئەو نەتەوە باڵادەستانە و ئەو ژیانە هاوبەشە لە تەکیاندا دەبینین و، دەزانین چۆن بەردەوام هەتا دوا تنۆکمان دادەدۆشرێین. بۆیە هیچ ئاوەزێکی دروست و هەستێکی جوان ناتوانێت ئەوە بسەلمێنێت، یان تەنانەت بە توخنی ئەوەشدا بچێت، کە دوورکەوتنەوە لەو هاوبەشێتییە درۆیە، لەو سیستەمە ناقۆڵایەی ژیان و زۆر شتی تر، کارێکی نەشیاوە. بە پێچەوانەوە هەرچۆنێك کۆیدەکەیتەوە و لێیدەردەکەیت، لێکیدەدەیت و دابەشیدەکەیت، تەنانەت بە هەر چمکێکی زانستی مرۆیی و سۆسیۆلۆژیش لێکدانەوەی بۆ دەکەیت، هەر دەگەیتە ئەو ئەنجامەی پێکەوەبوونی کورد لەگەڵ عارەبدا لەو جوگرافیایەی ناوی ئێراقە، جگە لە ماڵوێرانی، جەنگی بەردەوام و خوێنڕشتن، کە مایەی دواکەوتوویی و سوڕانەوەی ژیانە لە کایەی سەدەکانی نەزانیدا، شتێکی دی بەرهەم نەهێناوە و ناهێنێت.

ئا لێرەوە بیرکردنەوە، نەخشەدانان و کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێکوێرەیەی مایەی نائارامیی ناوچەیەکی زۆری خۆرهەڵاتی ناوینە، ئەوپەڕی ئاقڵمەندێتی و مرۆڤدۆستێتییە. هەڵسوڕێنەرانی هەوڵەکانی گۆڕینی ئەو ژینوار (واقیعی حاڵ)ـە ناماقووڵەش، هەر کەس و لایەنێکیشایانی دەستخۆشی لێکردن و لایەنگیرێتین.
ڕۆژگارێکی زۆر و بە درێژاییی مێژووی داگیرکردنی کوردستان، هەرکاتێك سووسەی هزر و هەوڵێکی خۆڕزگارکردن درابێت، خێرا ڕەوتە دژەکان بە تەکانێکی زۆرەوە خراونەتە گەڕ بۆ پەکخستنی ئەو هەوڵانە. ئیدی هەر سەردەمە بەیت و بالۆرەیەکی وایان داهێناوە کە بۆ ساتی خۆی بگونجێت، هەر لە هاودینی، هاومەزهەوی، هاوسێیەتی، هاووڵاتی، هاوبیرییەوە تا هاوهەمووشت. بەمەش توانیویانە درێژە بە خۆسەپاندنی خۆیان و دنیابینییان و بە گەداییکردنی کوردان بدەن.سەیر لەوەدایە هەموو جارەکان توانیویانە ژمارەیەك کورد لە خشتە بەرن، وەك مێگەلە مەڕ پێش خۆیان بدەن و تواناکانیان وەکو ئاوێك بخەنە ئاشەکەی خۆیانەوە، بۆیە بە ئاسانی بۆیانکراوە بەرنامەکانیان جێبەجێ بکەن.
ئێستایش کە هەوڵەکانی بەدیهێنانی خەونی سەدان و بگرە هەزاران ساڵەی کورد لەوەدا چڕ بۆتەوە کە دەبێت هەرچۆنێك بێت کورد ببێت بە خاوەنی قەوارەی سەربەخۆی خۆی و بێتە سەر شاڕێی ژیانی شارستانی و، ڕزگاری بێت لە وابەستەبوون بە فەرمانە ئەهریمەنییەکانی داگیرکەرانەوە، ئەوە چ ئاوەزێکی نەخۆشە کە وا لە کەسانێکی فەریکەخوێندەوار دەکات، کە بە وشەی قالۆرەئاسای قەبارەزلی بێناوەرۆك، بەربوونەتە ڕەوانی ئەم نەتەوەیە و لێناگەڕێن ئاڕاستە ئەرێنییەکەی هەوڵەکان سەربگرێت. ئەوانە کە بە ویستی خۆیان پێ لە کەرامەتی شەخسیی خۆیان دەنێن و پێیان ڕەوایە وابەستەی بڕیاری دەوڵەتی ناوەند و باڵادەستیی عارەبان بن و بەرانبەر سەرکردایەتیی ناوخۆ و گەورەی کوردان، کەڵەشێرئاسا خۆیان گیڤ و قیت دەکەنەوە، نەك بیرمەند و ڕۆشنبیر نین، بگرە کۆلکەمرۆڤیش نین، مەگەر تەنها لە ڕووی بایۆلۆژییەوە. دڵنیایشم کە خۆیشیان باش دەزانن، کە ئەگەر کورد فەرمانڕانیی نەکات، ئەوان لە پاسەوانێكی بەردەم ئەو ڕۆژنامە و کەناڵانەی ئێستا بۆ دژایەتیی نەتەوە و سەربەخۆیی تەرخانیان کردووە، زیاتریان پێ نادرێت (لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەو بەڕێزانەی پیشەی پاسەوانێتییان هەیە، کە بێگومان قسە لەسەر ئەوە نییە).

نادادپەروەری و بوونی کەلێنی گەورە لە هەموو جومگەکانی فەرمانڕانی کوردستان، کە بەرئەنجامی حەتمیی ئەو بونیاد (ستروکتۆر)ـەی کۆمەڵگا و حیزبەکانە، شتێك نییە لە کەس شاراوە بێت و بەشێکی پڕ لە زیندەگیی تێکڕای کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشە. خەباتکردن بۆ نەهێشتنی ئەوە کارێکی فرەباش و مایەی شانازییە بۆ خاوەنەکەی، وەلێ ئەوە شتێکی زۆر ناماقووڵ و نەشیاوە کە وا دابنرێت پێکهێنانی قەوارەیەکی نەتەوەیی، ڕێگرە لەو پڕۆسەی ڕیفۆرم و چاکسازییە. بە پێچەوانەوە بوونی دەوڵەت و دامودەزگاکانی شیمانەی زۆری کەمترکردنەوەی ئەو گەندەڵکارییانە لەگەڵ خۆیدا دێنێت (کە لەوانەیە باسکردنی ئەمە تایبەتمەندێتی بوێت). بۆیە بەلای منەوە تێکەڵکردنی ئەو بابەتانە بە پڕۆسەی سەربەخۆیی، وەك تێکەڵکردنی هەنگوین و خوێیە، کە تێکەڵەیەکی ناقۆڵای لێ دەردەچێت. ئەو کارەش لە باشترین باردا نیشانەی نەزانی و ناهۆشیارییەکی وایە کە خاوەنەکە دەخاتە بەر گومانی نائاوەزی و نا.

ئەرکی مۆڕاڵیی مرۆڤایەتی و بە تایبەتی خەڵکانی خۆرهەڵات و بە تایبەتیتر تاك بە تاکی دانیشتوانی کوردستانە، کە بەو شێوەیەی بۆیان دەکرێت پاڵپشتی ئەم هەوڵانەی بارزانی و هاوکارانی لە پارتە جیاوازەکانی کوردستان بکرێت و، ڕێگا نەدرێت خۆری پڕ لە تیشك و ڕاستیی ئاڵای پیرۆزی کوردستان ئاوا ببێت و ئەمجارەش کاروانی پڕ لە میهر و جوانی سەربەخۆیی بە لاڕێدا ببرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار