بەشار ئەسەد، سوریا و سیستەمی رۆژهەڵات دەڕوخێنێت

غازی حەسەن
یەکێک لە هۆکارەکانی درێژبوونەوی تەمەنی سەرۆکی سوریا درەێژپێدانی بەکارهێنانی کارتە لاوزەکان و فراوانبوونی بەرەکانی شەڕە، لەبەرامبەریشدا میتۆدێک لە ئارادایە و دەڵێت ئەگەر سەرۆکی ئێستای سوریا روخێنرا، ئیدی دەبێت سیستەمی پەیوەندی و دابەشبوونی هێزەکان و جۆری هاوپەیمانی لە دەڤەرەکە و نێودەوڵەتی دەربارەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بگۆڕێت، ئەمەش پێویستی بە کات و بەرنامە و ئامادەیی زۆرتر هەیە. بۆیە دەرفەت بە مانەوەی هەندێکی دیکەی دەسەڵاتی سوریا دەدەن.
دوور نییە ئەمە یەکێک بێت لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی خۆدوور گرتنی ئەمەریکا و ئەوروپا لە خێراکردنی پرۆسەی روخانی حکوومەتی سوریا، هەرچەندە کۆمەلێک هۆکاری دیکەش لەمبارەوە هەن، لەوانە پێداگری حکوومەتی روسیا و پێشگرتن لەهەر بڕیارێکی نێودەوڵەتی کە دژی دەسەڵاتی حوکمڕانی ئێستای سوریا بدرێت، خاوکردنەوەی فشاری دەرەکی و نێودەوڵەتی کە بەئاراستەی ئابلوقەدانی پتری دەسەڵاتی سوریا و هاوکاری ئۆپۆزسیۆن دێتە ئاراوە. نابێت رۆلی نەرێنی لێکدابڕاو و دژبەیەکی هێزە بەرهەلستکارەکانیش لە چەند روانگەیەوە ئاماژە لەبیربکرێت، کە ئومێدێکی کاتی بە درێژە پێدانی مانەوە لەدەسەڵاتی بە سەرۆکی سوریا داوە. لەوانەش یەکنەبوونی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و بوونی جیاوازی لە نێوانیان، دەرکەوتنی هێزی ئیسلامی لە ناو ئۆپۆزسیۆندا دەرفەتی داوەتە دەسەڵاتی سوریا بانگەشەی ئەوە بکات، کە گروپە توندڕۆکانی سەر بە قاعیدە باڵادەستن و کاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن و ئەمەریکاش "گروپی ئیسلامی توندڕەوی نەسرەی" خستە لیستی گروپە تیرۆیستەکانەوە. رۆژئاواش ئەزموونی میسر و لیبیا و تونسیان لەبەردەستە لە چۆنیەتی قۆزتنەوەی بەهاری عەرەبی و کۆنترۆلکردنی گۆڕەپانی سیاسی لە قانزانجی گروپە ئیسلامییەکان و مەترسی خستنە سەر پرۆسەی دیموکراسی و کۆمەڵگەی مەدەنی، بەتایبەتیش ئەوەی ئێستا لە میسر دەگوزەرێت رەنگە بنەتایەکی گرینگی پێداچوونەوە بە چۆنیەتی داڕشتنەوەی دوارۆژی سوریا بێت. خاڵێکی دیکەی بنەڕەتی مەسەلەی چۆنیەتی مامەلەکردنە لە قۆناغی دوای روخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ئەویش کێشەی کورد و کریستانییەکانە کە دەبنە دوو کێشەی گەرم و تەژی لە پرس، سەرباری مەسەلەی سەرهەڵدانی کێشەی مەزهەبی لە نێوان سونە و عەلەوییەکان. کە دوور نییە هەر دەسەڵاتی سوریا خۆی مزگەوتی عەلەوییەکان بسوتێنێت بەناوی سونەکان ، بۆ ئەوەی ئەم ترس و نیگەرانییە لە مەڕ کێشەی مەزهەبی بە زلی و ترسناک نیشان بدات.
ئێران هۆکارێکی دیکەی هاوکێشە هەرێمایەتی و هێزی هاوپەیمانی ستراتیژییە لەگەڵ سوریا، سەرباری رۆلی حیزوللای لوبنانی لە زێرەڤانیکردنی ناوچە سەربازی و بنکە و پێگە گرینگەکانی دەسەڵاتی سوریا، نەک هەر بەتەنیا کێشەی ئێستان، بەڵکە ئەمانە دەبنە کێشەیەکی گەورەی دوای روخانی دەسەڵاتی سوریا. تەنیا گریمانەی ئەوە هەیە چەکی کیمیاوی حکوومەتی سوریا داربێتە حیزبوللا، یاوخد بکەوێتە دەستی کەسانێکەوە کە بۆ کاری تۆقاندن بەکاریبهێنن.
ستراتیژی دەسەڵاتی سوریا فرەکردنی بەرەکانی شەڕ و ناکۆکییەکانە، لەوانە موشەکی ناو بەناو دژی تورکیا و جولانی هێز لە جۆلان و گوستنەوەی ناکۆکییەکان بۆ لوبنان، بەشێکن لەو سیاسەتەی کە بەشار ئەسەد دەیەوێت فشارەکان پەرت وبڵاوە پێبکات کە ئاراستەی خودی خۆی وەکو سەری سەرەکی مانەوەی دەسەڵاتی سوریا کراوە. بەڵام دەرکەوت ئەمەش ئەو کاریگەرییەی نییە، پێچەوانە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن رووەو دیمەشقن و دەیانەوێت ئابلوقەی پایتەخت بدەن.
ئۆپۆزسیۆنیش پێچەوانەی ئەوە لەم دواییە هێزەکانیان لە بەرەیەکی نوێ یەکخست و ژمارەیەکی زۆر وڵاتەکانی دونیا وەکو نوێنەری راستەقینەی سوریا دانیپێنان، بەریتانیا و هیلاری کلنتن راشکاوانە داوایان لێکردوون مافی نەتەوەو پێکاتە جیاکان لەبەرچاوبگرن. هوشداری توندیان دایە سوریا کە چەکی کیمیاوی دژی ئۆپۆزسیۆن بەاکرنەهێنێت. ئەمەریکا پێچەوانەی ستراتیژی سوریا کە بێلایەنکردنی بوو لە راستەوخۆ بەشداریکردنی لە ململانێکان، بڕیاریدا موشەکانی بۆ هاوکاری تورکیا شانبەشانی هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ بنێرێتە تورکیا. دیارە ئەمە هەر بەتەنیا سنوردارکردنی توانای سەربازی سوریا نییە، بەڵکە ئەمە ئاماژەیەک دەبێت بۆ هەنگاوی دووەمی پەرەپێدانی ناکۆکییەکان لە ناوچەکە و بەتایبەتیش ئێران.
بۆیە ئاساییە دوای روخانی دەسەڵاتی ئێستای سوریا، کە وەزیری دەرەوەی روسیاش پێی وایە ئیدی بەشار ئەسەد دەڕوخێت و گێژاوێکی لە ناو وڵاتەکەی بەم قسەیە دروست کرد، قۆناغی دووەمی ناکۆکییەکان دەست پێبکەن، ئەمەش دەبێتە گێژاوێک، رەنگە وەکو ناوەندێکی لێکۆڵێنەوەی ئەمەریکی پێشبینی دەکات کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، دیارە ئەمەش پێویستی بە هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیەتییە کلاسکی و کۆنەکەی رۆژهەڵات هەیە. دوور نییە هەندێک وڵاتی دیکەی وەکو سوریاش دەسەڵات تێیدا دابەشببێت بەسەر پێکاتە جیاکانیدا. ئێرانیش ئەو هێزە بەردەم کراوە نابێت، تاکو بەرەکانی بەرگری خۆی لە دەرەوەی سنووری ئێران بەرێوەببات. لەمەش زەقتر دوور نییە، سونە وەکو سیاسەت و پێکهاتە بەرامبەر فرەخوازی شیعەش کارتێکی دیکەی ئەو هاوپەیمانیەت و سیستەمە نوێیە بێت کە لە رۆژهەڵاتدا دوای روخانی سوریا بێتە ئاراوە.




