٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

رێگرتن لە پلانی دژ بە سەربەخۆیی، شەڕی براکوژی نییە

سەرچاوە: KDP.info

عەبدولسەلام بەرواوی

شنگال و مەخموور و باشیک بە خوێنی پیرۆزی سەدان شەهیدی نەمری گەلەکەمان رزگار کراون و، سەرۆک بارزانی هەر لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی راونانی داعش و رزگارکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، رایگەیاند کە ئەو سنوورانەی بە خوێن کێشراون، سنووری پاش (سایکس-پیکۆ)ن و بە خوێن دەیانپارێزین، لە هەمان کات بە فیتی ئێران و پاڵپشتیی دارایی و لۆجستیی مالیکی، پەکەکە جاش دەنووسیت و، سەنگەر لە پێشمەرگە و دەستەڵاتی شەرعیی حکوومەتی کوردستان دەگرێت.
ئامادەکارییەکانی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێم بۆ قۆناغی پاش داعش، کە قۆناغی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستانە، چوونەتە ئاستێکی زۆر پێشکەوتوو و، لووتکەی نیشانەی ئەو ئاستە، بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان بوو لە فڕگەی یەکێک لەو دەوڵەتانەی کوردستان لە نێوانیان دابەش کرابوو، لە کاتێکدا پەکەکە لە رۆژئاوا و باکوور سوکایەتیی بەو ئاڵایە دەکات و رۆڵەکانی کوردستان دەداتە بەر گولـلە و زیندانییان دەکات، چونکە ئەو ئاڵایە بەرز دەکەنەوە.
لە سووریا، بارودۆخێ ئاڵۆز و ترسناک و خوێناوی بەردەوامە و، سەرەڕای خۆسەپاندن و راونانی تێکۆشەران و رادەستکردنی ناوچەی ئازادکراو بە رژێمی ئەسەد لە لایەن پەکەکەوە، رووسیا و ئێران گەمەیەکی ترسناک بەرێوە دەبەن و، تورکیایش بووەتە بەشێک لەو گەمەیە فرەلایەنە، لە هەمان کاتدا پەکەکە کوردستانی رۆژئاوا دەکاتە (شمال الحبیب)ـێکی نوێ.
لەم هەلومەرجانەدا، پەکەکە لە شنگال رێگری لە پێشمەرگەی زێرەڤانی دەکات ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن و، لە دەوروبەری مەخموور سەنگەر لە هاووڵاتی و دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم دەگرێت، گۆڕان و بەشێکی بەرچاوی یەکێتییش لە زۆنی سەوز - نیلی هاوکاریی پەکەکە دەکەن بۆ بەدیهینانەوەی هەلومەرجێکی ترسناک، کە مەترسیی توندوتیژی و پەلامارەکان و رووداوەکانی (١٧)ی شوباتی ٢٠١١ و ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ دێنێتەوە بیرمان.
لە کاتێکدا (الیاس خلف)ی پەکەکە بە زمانی کوردی دەڵێت: "ئێزدی کورد نین" و داوا دەکات" عەبادی هێز دژ بە هەرێمی کوردستان بەکار بێنێت"، عادل مورادی یەکێتی، پێشمەرگە بە "گرووپێکی نزیک لە تورکیا" وەسف دەکات و پێشمەرگە تومەتبار دەکات بە "دەستدرێژی بەسەر پەکەکە"، (سعید حسن) ناوێک کە خۆی بە فەرماندەی گشتیی یەپەشە دەناسێنێت، بێشەرمانە رووداوەکانی (خانەسۆر) بە "شەڕی نێوان پێشمەرگە و عێراقییەکان" دادەنێت و، رادەگەیەنێت کە "ئامانجی پێشمەرگە ئەوەیە شنگال بخرێتە سەر کوردستان" و، شانازی بەوە دەکات کە ئەوان "بەهیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکەن و رێگەی پێ نادەن."
لە هەلومەرجێکی وەهادا، ئەگەر هات و خوانەخواستە، شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و ئەم گرووپە رووی دا، کەی ئەمە شەڕی براکوژییە: کەسانێک کە دەڵێن ئێمە کورد نین و دەیانەوێت ناسنامەی کوردبوون لە ئێزدی وەبگیربەوە، پێشمەرگە بە گرووپێکی سەر بە بێگانە دابنێت و، رێگر بێت لە گەڕانەوەی شنگال بۆ سەر کوردستان، چۆن بە برا دادەنرێن؟.
من لە ژیانمدا شەڕانگێز و توندڕۆ نەبووم و پەروەردەی نەتەوایەتی لە خۆێنی مندایە، بەڵام ئەگەر هات و حکوومەتی کوردستان و هێزەکانی، بەرەنگاری پلانی داگیرکەران و خۆفرۆشان و تێکدەران ببێتەوە، ئەوە بە براکوژی نازانم و بە ئەرکی پاراستنی شەرعیەت و دەستکەوتەکانی سەدانساڵە دادەنێم و، پێویستە هەر کوردێکی نیشتیمانپەروەر و دڵسۆز بەم شێوەیە سەیری رووداوەکان بکات، نەک بە پێچەوانەوە.

 

لە ڕۆژنامەی هەولێر وەرگیراوە

هەواڵی پەیوەندیدار