٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

گەڕان بەدوای پنتەكانی ناكۆكیدا

سەرچاوە: KDP.info

دڵشاد مستەفا وەسانی
ئەگەر سەیری دیمەنی سیاسیی هەرێمی كوردستان بكەین، لە تەك جووڵەی كاركردنی حزبەكان بۆ لێكنزیكبوونەوە، جووڵەیەكی دی هەیە، هێندەی بەدوای پنتەكانی ناكۆكیدا دەگەڕێ، هێندە بەلای دۆزینەوەی میكانیزمەكانی چارەسەریدا ناگەڕێت، ئەو جووڵەیە هەوڵ دەدات لە كوێ ناكۆكییەك هەبێت، بیقۆزێتەوە و بۆ بەرژەوەندیی حزبی وەبەریبهێنێ، ئەمەش هۆكارێكی دیاری پاشەكشەی هەوڵی لێكنزیكبوونەوە و كاركردنە بۆ چارەسەری.
ئەوەی ناكۆكیی نێوان حزبەكان زیاتر دەكات، وێڕای هۆكاری ناوخۆی هەرێم، گوشارە ئیقلیمییەكانن كە رۆڵێكی كارا لە زەقكردنەوەی كێشەكان و دروستكردنی قەیراندا دەبینن، بەم پێیە ئێستا لە چوار دەوڵەتی داگیركاری كوردستان، سێیان لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە، یەك ئامانج و تێڕوانینیان هەیە، ئەویش گربوونەوەیەكی مەزهەبیییە لە ناوچەكەدا، بۆیە ئێران و عێراق و سووریا لە بەرەیەكدا كۆ بوونەتەوە، ئەمەش بەدەوری خۆی كاری كردووەتە سەر هەرێمی كوردستان و رەنگدانەوەی بەسەر كەشی سیاسیدا دروست كردووە، بەو هۆیەوەشەوە پنتی ناكۆكی دروست بوون، ئەو پنتانە بەلای هەندێ حزبی كوردستان، بۆ گوشار دروستكردن بەكار دەهێندرێن.
لەوەتەی گرژی لە شنگال سەری هەڵداوە، لە نێو حزبەكانی كوردستانیش جووڵەیەك پەیدا بووە، لەو جووڵەیەدا جۆرێك لە دووفاقی دەبیندرێ، داوا دەكەن ناكۆكی نەبێت و شەڕ دروست نەبێت، لە هەمانكاتدا گرژییەكە دەقۆزنەوە و ماشێنی میدیا دژی پارتی وەگەڕ دەخەن، ئەمە لە جیاتی ئەوەی هەمووان هەوڵی خۆیان بۆ ئەوە بخەنەگەڕ، پەكەكە نەبێتە هۆی دروستكردنی كێشە و بەڵا بۆ شنگالییەكان، كەچی بە پێچەوانەوە، میدیای هەندێ حزب و میدیای مالیكی بە یەك ئاراستە كار دەكەن، ئەو خۆمەڵاسدانە لە پەنای گرژییەكەی شنگالدا، لە تەك گوشاری بەغدا و تاران، هەندێ لەو شنگالیانەی سەر بە پەكەكەی هان داوە، داوا بكەن شنگال نەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، لە جیاتی كوردستانیبوون، جەخت لە عێراقیبوون بكەنەوە.
ناكرێ حزبی كوردی باس لە چارەسەری كێشە بكات، لە هەمانكاتدا خۆی سەرچاوەی كێشە بێت، ئاشكرایە ئێستا چاوی پایتەختەكانی دەوروبەر و بەغدا لە سەر شنگالە، بۆ ئەوەی لە خزمەتی هیلالی شیعەدا بێت، ئەركی لایەنە سیاسییەكان ئەوەیە، دەست لەسەر هەڵە و چەوتییەكاندا دابنێن، نەك بەدوای پنتەكانی ناكۆكیدا بگەڕێن، بۆ پەیداكردنی زۆرترین گوشار بۆ سەر هەرێمی كوردستان، ئەو تێڕوانینەی ئەو حزبانە لەوەوە هاتووە، گوشاری سەر هەرێمی كوردستان گوشاریشە بۆ سەر پارتی، بۆیە میدیاكانیان بە دوو شێوە خستۆتەگەڕ، لە لایەك بە خەڵك دەڵێن ئێمە نامانەوێ شەڕی ناوخۆ هەبێت، لە لایەكی دیكەشەوە، بیانەوێ و نەیانەوێ، لە ڕێی خەتاباركردنی پارتی و بێتاوان پێشاندانی پەكەكە، كار بۆ ئەوە دەكەن، گرژییەكە بۆ ئاستی شەڕ و ئاگركەوتنەوە بەرز بكەنەوە، لە كاتێكدا جیهان بە چاوێكی ڕێزەوە سەیری پێشمەرگە و پێگەی هەرێم دەكات، لە لایەكی دیكە هەندێ حزب بەدوای پنتەكانی ناكۆكیدا دەگەڕێن، وەك ئەوەی كارتێكی گەورەی گوشاریان دەستكەوتبێ، ئەمەش دەچێتە خزمەت ئەو جووڵەیەی لە ناوچەكەدا، دژی هاتنەدیی ئامانجە باڵاكەی كوردستان هاتووەتە ئارا.
قۆستنەوەی پنتەكانی ناكۆكی هێندەی دی ئاَڵۆزی زیاتر دەكات، یاریكەرە ئیقلیمییەكان بە هاوكاریی ئەو هێزانەی بەو پنتانەی ناكۆكی خۆشحاڵ دەبن، بواری گەمەكردنیان خۆشتر دەبێت، دۆخەكە وریایی گەرەكە، ئازایەتی بۆ ئەو هێزانەیە دەیانەوێ بە وریاییەوە سەیری سبەی بكەن، نەك هەر چاویان لە دەستكەوتی كاتی و حزبیی ئەمڕۆ بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار