٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

وەڵامێک بۆ پرسیارەکانی ئارێز عەبدوڵڵا

سەرچاوە: KDP.info

ئارێز عەبدوڵڵای پەرلەمانتاری یەکێتی، زنجیرەیەک پرسیاری ڕێز کردوون کە لە دووساڵی ڕابردوودا سەدجار زیاتر لە بەغدا و لە هەولێر لە لێدوانەکانی ئەو پرسیارانەی دووبارە کردۆتەوە، ئەو پرسیارانەشی سەدجار زیاتر لە ڕاگەیاندنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوون کراوەتەوە.

ئەگەرچی جۆری پرسیار و وروژاندنەکەی ئارێز عەبدوڵڵا نیازی تێگەیشتنی لێ ناخوێندرێتەوە، لەبەرئەوەی بەرلەوەی پرسیار بن زیاتر پەلاماردانە سەر پارتی و سەرۆک (بارزانی)یە. بەڵام ئارێز دەبێ بزانێ کە ستراتیژی جەنابی سەرۆک بارزانی ستراتیژی کوردستانە بۆ سەربەخۆیی، ئەوەش بۆ حزبەکەی ئارێز و تەواوی حزبەکانی تر بە قووڵی و بە ڕوونی باس کراوە، کە ئەگەر کوردستان بەره‌و سەربەخۆیی نەڕوات بەرەو لەناوچوون دەچێ. بەغدایەک کە ناتوانێ خۆی بەڕێوە ببات چۆن دەتوانێ ئێمە بەڕێوە ببا؟، وڵاتێک نەتوانێ کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات، کێشەکانی ئێمەی چۆن پێ چارەسەر دەکرێت؟، بۆیە دەبێ هەریەک لە نیشتیمانی خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و چارەنووسی خۆی دیاری بکات.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەموو وڵاتانی دەروروبەر دەکات لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی کوردستان، جا ئەو وڵاتە ئێران بێت یان تورکیا یان هەر وڵاتێکی تر. لە شەڕی دژبە تیرۆریستانی داعشیش، هاوکاریی هەموو لایەک کراوە،  ئەو هاوکاریکردنەش چ عێراق بووبێ یان ئێران یا تورکیا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، ئارێز خراپ حاڵی بوو کە زیاتر باسی تورکیا دەکات.

ئەوەی کە پەیوەندیی بە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانیشه‌وه‌ هەیە، ئەوە دەبێ ئارێز لە سیاسەتی هەڵەی پەکەکە ببپرسێ و وەڵامەکەی لە سەرکردەکانی ئەوان وەربگرێ، کە ئێمە جگە لە خراپەی پەکەکە شتیکی ترمان نەبینیوە، با ئارێز عەبدوڵڵا وەڵامی هەموو ئەو گرتن و کوشتن و ڕاوەدوونانی گەنجان و تێکۆشەرانی ڕۆژئاوا و خاپوورکردنی باکووری کوردستان لە پەکەکەوە وەربگرێ نەک پارتی، هەروەک چۆن پشێویی سیاسی و ئەو کیشانەی کە لە ناوچەی سلێمانی هەن، لە ئەستۆی یەکێتی و گۆڕان و ئەو کەسانەدایە کە بە نەفەسی ئارێز عەبدوڵڵا بیر دەکەنەوە، با ئارێز عەبدوڵڵا لە یەکێتی و گۆڕان ببپرسێ و وەڵامەکەی لە ئەوان وەربگرێت نەک پارتی. ئارێز عەبدوڵڵایەک لەوهەموو موناقەشەیەی کە لە سێ ساڵی ڕابردوودا لەسەر ستراتیژی کوردستان کراوە تێنەگەیشتبێ، گرفتەکە لەخۆیدایە نەک ئێمە.

هەواڵی پەیوەندیدار