ئەوساى سەردەمى ڕاپەڕین

د.چواس حەسهن
یەکێک لە دیاردەکانى سەردەمى پێش ڕاپەڕین، ئەوکاتەى کە دیکتاتۆر لەوپەڕى هێزى خۆیدابوو و کورد لەوپەڕى بێدەسەڵاتیدا بوو، بگرە شەکەت و ماندوو و خوێناوىو نیوەمردوویش بوو، ئەوەبوو کە جیاوازیى فیکرى لەنێوان تاکەکانى کۆمەڵگاى کوردەواریدا، لەژێر گوشارى بەردەوامى ڕژێمدا، بەردەوام کاڵ دەبووەوە، بگرە خۆى دەدا لەوەى هەستت بەنەمانى دەکرد. ئەو شەڕە بەناو هزریانەى لەنێوان لایەنگرانى حزبەکاندا کە تا ناوەڕاستى هەشتاکان رۆژانە گەرم و گەرمتر دەبوو، گوێبیستى نەدەبوویت.
پارتى و یەکێتى و شیوعى و ئیسلامى، زۆر کاڵ ببووەوە، هەموو قوربانى بووین، هەستی بەکۆیلەبوون و زیندانیبوون زاڵبوون بەسەرماندا، ئیتر جیاوازیى فیکرى چى و چى و چى، چ مانایەکى مابوو؟!! ئێمە بەکۆمەڵ دەکوژراین و ڕادەگوێزراین و سەرنگوم دەکراین، چ جیاوازییەکى دەبوو گەر وەک پارتییەک یان یەکێتییەک یان چى و چییەک بیرمان بکردایەتەوە؟ یەک مەترسى و یەک کێشە و یەک چارەسەر هەبوون و بەس، هیچ هێڵێکى ناوەند لەنێوان کورد و بەعسدا نەمابوو، جگە لە یان مان یان نەمانى یەکێکمان.
ئەم ڕاستییە تەواو تەواو لە ڕاپەڕین و پاشانیش کۆڕەودا هەستى پێکرا، بەوەى کە لە رۆژانى ڕاپەڕیندا هەموو کورد ڕاپەڕى، چەک و تفەنگى پێشمەرگە و شۆڕش و خەڵک لەپال یەکدا تەقەیان لە بەعس دەکرد، گرینگ ئەوەبوو تەقە لە بەعس بکەیت و ڕاوەدووى بنێى. بۆیە هەموو ئاشت بووینەوە، ئەوێ رۆژێ تەنها کوردستانی بایت بەس بوو، تاکە ناسنامەت بوو، بە بەرچاوى خۆمەوە باوکم، رەفیق حزبییەکانى موەنەزەمەى شارۆچکەى خەبات، کە لە ژوورێکى بچووکدا دەستبەسەر بوون، تەنها لەبەر ئەوەى کورد بوون، ناردنەوە ماڵى خۆیان، گوێم لێ بوو تەنها پێى گوتن: لەمەودوا پیاو بن، ئەوانیش گوتیان: پەیمان. ڕاستگۆیش دەرچوون.
ئەوساى ڕاپەڕین پتر لە جەختکردنەوە و نوێکردنەوەى گرێبەستێکى کۆمەڵایەتى دەچوو کە لەنێوان هەموو تاکێکى کورددا لە هەرێمى کوردستان بەسترا، گرێبەستێک بەشێوازێکى نوێ و لە کۆمەڵگایەکى نوێدا، بۆ یەکەم جار لە دواى شۆڕشى ئەیلوول، کۆمەڵگاى کوردى، لانى کەم لە بەشێکى فراوان و ئەکتیڤى وەک هەرێمى کوردستانى ئەمڕۆدا، یەکدەنگ بەهەموو جیهانى گوت: هێشتا ئێمە وەک نەتەوەیەک و کۆمەڵگایەک ماوین و دەمێنین، هێشتا بەرهەمى سەدوئەوەند ساڵەى کوشتن و بڕین و سوتماکردنى خۆمان و خاکمان چۆکمان پێ دانادات، هێشتا لەگەڵ هەموو جیاوازى و ناکۆکیەکانماندا لەبەردەم مان و نەمانى نەتەوەکەماندا یەک دەست و ڕەنگ و دەنگین.
ئەوسا، هەموو دەمانتوانى لە چوارچێوەى کوردایەتیدا هەر حزبێک بین، بیرمان لە کەمینە و زۆرینە نەدەکردەوە، هەموو حزبێک دەبوایە لە بەرەى کوردستانى کورسیى ببوایە، دەنگى ببوایە، چەمکى حزبی بچووک و گەورە پەیدا نەببوو. ئەوسا لە سەردەمێکى ڕەهاى ئازادى دەچوو.
ئەوسا بڕیارمان دا بەیەکەوە وڵاتێک دابمەزرێنین، چىتر لەژێر سایەى داگیرکاریدا نەژین، بەهەرنرخێک بێت بەیەکەوە بین باشترە وەک لەوەى جیاواز بین، نەڕۆین باشترە وەک لەوەى یەکترى بەجێ بهێڵین، سەردەمێکى نوێى حوکمڕانیى کوردى، لە دواى پتر لە سەدەونیوێک لە لەبەینبردنى میرنشینە کوردییەکان، دابمەزرێنین.
ڕاپەڕینى کوردستان هەرچەندە وەک ڕووداوێکى کوردیى ڕووت دەردەکەوت، بەڵام ڕووداو و وەرچەرخانەکانى دوایی و ئێستاى ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست سەلماندیان، ڕاپەڕین تەنها یەکەم ئەڵقەى زنجیرەى گۆڕانکاریى گەورەى ناوچەکەیە لە هەنگاونان بەرەو ئەو ئازادى و یەکسانییەى کە گرووپ و تاکەکانى ناوچەکە دەمێکە و لە سەردەمانێکى زۆر زۆر لەمێژەوە خەونى پێوە دەبینن. هێشتایش ئەم زنجیرەیە لە سەرەتایدایە و گەلێک ئەڵقەى ترى ماوە.




