٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

شەڕ بە كوردستان مەفرۆشن

سەرچاوە: KDP.info

به‌ختیار شاخی

پەكەكە، وەك هێزێكی تەحتەتەڵەب، بە یەك ئاماژە، ئامادە بوو هەموو هێزەكانی لەناوچەی منبج بكێشێتەوە كە كشایەوە، نە باسی خوێنی ئەو هەموو گەنجەی كرد كە بۆ خزمەتی ڕژێمێ ئەسەد بە كوشتی دان و نە گلەییەكیشی كرد، چونكە ئەو ئەركەی پێی سپێردرابوو لەوێ كۆتایی هات و كرێیەكەیشی وەرگرت. بەڵام ئەوەی لەو هەموو شەڕ و گۆڕانكارییانەی سووریادا باجی كرده‌وەكانی پەكەكەی دا، گەلی كوردە كە خەریكە بە جەستەی شەكەت و دەستی بەتاڵەوە دەگەڕێتەوە خاڵی سەرەتا.
پەكەكە، بەو هەڵسوكەوتە خۆسەپێنی و تاكڕەوییانەی، داهاتووی كوردی لە سووریا خستۆتە بەر مەترسی، لێرەش خۆی كردووه‌تە بەشێك لەو هەوڵانەی بۆ گوشارخستنەسەر كوردستان لەئارادان.
خەڵكی شنگال نایانەوێ هیچ هێزێكی خزمەتكاری داگیركەران لە ناوچەكە هەبن، جا حەشدی شیعی بن یا حەشدی پەكەكی. ئەوان دەبێ لەو ناوچەیە بكشێنەوە و ئەگەر پێشتر بە قسەی خۆیان بۆ بەرگریكردن لەخەڵك لەوێ بووبن، ئێستا ئەركیان تەواو بووە و بە سوپاسەوە دوایان لێ دەكرێت ناوچەكە بەجێ بهێڵن. وەكچۆن هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی كۆبانێ چوون و نەیانهێشت شارەكە بكەوێت و دوای نەمانی مەترسیی داعش، هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ كشانەوە و وەك پەكەكە خۆیان نەكردە خاوەن دەسەڵات.
پەكەكە و ئەو لایەنانەش كە هەڵیدەسوڕێنن، ئەوانیش كە هەرێمی كوردستان وەك هاوسۆز و دەهۆڵكوتی ئەوانن، دەبێ باش بزانن، نە ئەجێندای دوژمنانی كوردستان و نە پیلانگێڕیی هێزە تەحتەتەڵەبەكانان، ناتوانن ڕێ لە كاروانی سەربەخۆییی كوردستان بگرن.
شتێك بەناوی شەڕی براكوژی ڕوو نادات، نە توركیا دەتوانێ و نە ئێرانیش بە هاندان و دەستلەپشتدانی پەكەكە و هاوسۆزەكانی، بەو ئاواتەی دەگات. كەسیش ناتوانێ ئەجێندای دوژمنان بەسەر كوردستاندا بسەپێنێت. پێشمەرگەی داعشبەزێن، كوردستان دەپارێزێت.

هەواڵی پەیوەندیدار