٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ماكەكانی شارستانی و پێشكەوتن

سەرچاوە: KDP.info

ئازا حەسیب قەرەداخی

نیشانە و ماكەكانی پێشكەوتن و شارستانیی كۆمەڵگە زۆرن. لە كۆمەڵگە سادەكاندا واتە ئەوانەی لە یەك پێكهاتە پێك هاتوون، لەوانەیە ئەو ماكانەیش هێندەی سادەیی كۆمەڵگەكە سادە بن و لە چەند بنەمایەكی سەرەكی تێنەپەڕن. وەلێ لە كۆمەڵگە ئاڵۆز و فرەپێكهاتەكاندا، كە ئەمەیان خەسڵەتی زوربەی هەرە زۆری كۆمەڵگەكانی ئێستای سەر ڕووی زەمینە، ئەوا ئەو ماكانەیش ئاڵۆز و فرە و زۆرن.

لەم وتارە كورتەدا جەخت لە یەكێك لەو ماكە هەرە سەرەكییانە دەكەم بە تایبەتیش سەبارەت بە كۆمەڵگە فرەپێكهاتەكان لە ڕووی نەتەوەیی و ئایینییەوە.

دابینكردنی مافەكانی پێكهاتە جیاجیاكان و پاراستنیان بە یاسا و فێركردن و هۆشیاركردنەوەی كەسەكان بەو مافانە لە ڕێی پڕۆسەی خوێندن و پەروەردە و ڕاگەیاندنەوە، بە یەكێك لە نیشانە هەرە سەرەكییەكانی شارستانی و پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك دادەنرێ و لەوەیش زیاتر بنەمایەكی حاشاهەڵنەگری پێكەوەیی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و گەشەكردنە.

پێوانەی كۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەم بنەمایە، ژمارەی حەشیمەتی ئەو پێكهاتانە نییە. واتە پێڕۆكردنی ئەو بنەمایە وەكوو ماكێك لە ماكەكانی پێشكەوتن و شارستانیی كۆمەڵگە پەیوەست نییە بەوەوە ژمارەی كەسەكانی ئەم پێكهاتەیە زۆرە و هیی ئەوی دیكە كەمە. یان وەكوو ئەوەی پێشتر لە ئەدەبیاتی سیاسیدا ناو نرابوو (كەمینەكان). بەڵكوو پێوانەكە (هەبوون)ـە وەكوو پێكهاتەیەكی جیا. جیا لە نەتەوە، لە ئایین، لە مەزهەب، لە كولتوور، لە دابونەریت....هتد.

كۆمەڵگەی شارستانی و پێشكەوتوو ڕێز لە فرەپێكهاتەیی خۆی دەگرێ و بە سامانێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی و كولتووریی گەورەی خۆی دەزانێ و بە یاسا مافەكانی هەمووان دابین دەكات و بەردەوام كار لەسەر پەرەپێدانیان دەكات و وەكوو ستوونێك لە ستوونەكانی ڕاگرتنی ئاشتەوایی و پێكەوەژیان بایەخی پێ دەدات.

دەوڵەتی عێراق سنووری جوگرافیی كۆكردنەوەی كۆمەڵگەیەكی فرەنەتەوە و ئایینە، بەڵام لە هیچ قۆناغێكیدا نەیتوانیوە دەوڵەتی هەمووان بێ. هەمیشە دەوڵەتی یەك پێكهاتە بووە و پێكهاتەی دەستەڵاتداریش دژی هەموو ئەوانی دیكە بووە و نەك هەر چەوساندوونیەتەوە، بەڵكوو بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی پاكتاوكردنیشی داون. ئەو هەوڵانە هەر لە گۆڕینی شوناس و ئایینەوە دەستی پێكردووە و ڕاگواستن و دەركردن و شوێنگرتنەوەی تێدا پێڕۆ كراوە تا كوشتنی بەكۆمەڵ و ئەنفال و جینۆساید.

بە ڕووخانی ڕژێمی بەعس بڕوایەك دروست بوو كە ئیتر مێژووی جیاكاری لە نێوان پێكهاتەكاندا كۆتایی هات و چیی دیكە پێكهاتەیەك باڵادەست نابێ و ئەوانی دیكە ژێردەست و كەمتر. كەچی ڕووداوەكانی دە ساڵی ڕابردوو تەنیا یەك دانە لە تێزەكانی ئەو بڕوایەی نەسەلماندووە.
لە عێراقی دوای ڕژێمی بەعسدا، توركمان و ئاسووری و ئەرمەن، كریستیان و ئێزیدی و سابئە دوژمنكارانە چەوسێنراونەتەوە و دووچاری شاڵاوی پاكتاوكردن بوونەتەوە.

موسڵمانان، بە هۆی مەزهەبیانەوە، خۆیان لەناو خۆیاندا بە دڕندەترین شێوە یەكتریان لەناو بردووە.

كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمدا، بەردەوام بەرەنگاری شاڵاوی تیرۆر و دەرپەڕاندن و پەراوێزخستن بووەتەوە.

بە واتایەكی دیكە لە دەوڵەتی عێراقدا سەرەڕای هەبوونی دەستوورێك كە فرەیی ئەم كۆمەڵگەیە دەسەلمێنێ و دان بە مافەكانی هەموواندا دەنێ، بەڵام وەكوو هەڵكەوتی سیاسی و كۆمەڵایەتی پێچەوانەكەی ڕوو دەدات.

بەمەیشدا دەوڵەتی عێراق لە مێژوویەك و هەڵكەوتێكی دیكەی سیاسیدا، تەنانەت پاش نەمانی ڕژێمی بەعسیش نەیتوانی ببێتە خودان ماكی شارستانی و پێشكەوتن.

لە ئەدەبیاتی سیاسیدا وەها دەگوترا كە داننەنان بە (كەمینەكان) و پەراوێزخستن و لەناوبردن و پاكتاوكردنیان بەشێكە لە فیكری شۆڤێنیانەی بەعس. كەچی ڕووداوەكانی دە ساڵی ڕابردوو سەلماندیان بەعس بەشێكە لە شۆڤێنییەتێك گەورەتر و ڕەگداكوتاوتر لە بەعس. بە ڕادەیەك كە بەعس دەڕوا بەڵام شۆڤێنییەت دەمێنێ و لە بەرگ و شێوازی دیكەدا خۆی بەرجەستە دەكاتەوە و دێتەوە ناو گۆڕەپانەكە.

ئێستا ئەو شۆڤێنییەتەیە بازاڕ بۆ گوتاری بەرپاكردنی شەڕی عەرەب و كورد و شەڕی نەتەوەكان و بەشداریكردنی توركمان گەرم دەكات.

ئەو شۆڤێنییەتەیە كە خۆی موتوربە كردووە بە گوتاری ئایینی و كریستیانەكان تەكفیر دەكات و كوشتنیان و بە جارییە گرتنی ژن و كچەكانیان حەڵاڵ دەكات.

پرسیاری سەرەكی ئەوەیە، ئایا هیچ توانا و ئیرادەیەك لەناو ئەم دەوڵەتی عێراقەدا هەیە ئەو شۆڤێنییەتە ڕیشەكێش بكات؟ "بەش بە حاڵی خۆم بەگومانم لەمە."

ئایا عێراق وەكوو دەوڵەتی فرە پێكهاتە دەتوانێ بە سەلماندنی مافی پێكهاتەكانی تەنانەت ئەگەر بە پێوانەی "كەمینە"ـیش بووە، ماكی شارستانی و پێشكەوتنی خۆی بسەلمێنێ؟ "بەش بە حاڵی خۆم لەمەیشیان بەگومانم."

ئایا دەوڵەتی عێراق بەم هەڵكەوتەی ئێستای دەتوانێ دەوڵەتی هەمووان بێ؟ "بەش بەحاڵی خۆم لەمەیش تەواو بەگومانم."

دەرفەتێك كە ماوە و تروسكاییەكی لێوە دیارە، هەرێمی كوردستانە كە چاوەڕوانیی هەموو مرۆڤدۆستان لە كۆمەڵگە و دەستەڵاتی سیاسی تێیدا ئەوەیە ڕێگە نەدەن لە ژێر هیچ بەرگ و پەردەیەكدا، بە هیچ پاساوێكی نەتەوەیی و ئایینی، جیاكاریی نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەزی پێڕۆ بكرێ. بەڵكوو بە سەلماندنی یاسایی و كردەنی مافەكانی پێكهاتە جیاجیاكانی، ماكی شارستانی و پێشكەوتنی خۆی بسەلمێنێ.

هەواڵی پەیوەندیدار