سه‌رۆك بارزانی راگری ئاشتیی ناوخۆیی و جیهانی

ئه‌كره‌م ئێدلبی*
رۆڵی سه‌ركرده‌كان له رزگاركردنی خه‌ڵك و دیاریكردنی ئۆمێدی نه‌ته‌وه‌یی و رێبه‌رایه‌تیكردنیان به‌ره‌و ئامانجه باڵاكان له مێژووی نه‌ته‌وه‌كاندا ئاشكرا و به‌ڵگه‌نه‌ویسته، هه‌ڵبه‌ت نه‌ته‌وه‌ی كوردیش له خه‌باتی درێژی خۆیدا، زۆر سه‌ركرده و كه‌سایه‌تیی به‌هێزی به‌خۆوه بینیوه، ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا تیشكی ده‌خه‌ینه‌سه‌ر، رۆڵی به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی وه‌ك سه‌ركرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كه كه توانیویه‌تی به هۆكاریی خودی و بابه‌تی ئامانجه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد له خه‌ونه‌وه بكاته واقع، هه‌رچه‌ند قه‌ڵه‌مێكی نادیاری وه‌كو من ناتوانێت له وتارێكی وا كورتدا هه‌قی خه‌بات و ماندووبوونی ئه‌م سه‌ركرده مه‌زنه له‌م پێناوه‌دا بدات.
له ڕووی سیاسییه‌وه، سه‌رۆك بارزانی له دوای راپه‌ڕینه‌وه تا ئێستا رۆڵی سه‌ره‌كی و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بووه له به‌ره‌وپێشبردنی پرۆسه‌ی سیاسی و به‌هێزكردن و بونیادنانه‌وه‌ی پایه‌كانی حوكمڕانیی دروست له هه‌رێمی كوردستاندا، به‌بێ بوونی كه‌سایه‌تییه‌كی وا به‌هێز ئه‌سته‌م و مه‌حاڵ بوو هه‌رێمی كوردستان بیتوانیبایه له‌ناو ئه‌و هه‌موو گه‌مه سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندییه دژبه‌یه‌ك و دژبه‌گه‌لی كوردستانه، خۆی بگرێت و درێژه به مانه‌وه و زۆرتركردنی ده‌ستكه‌وته‌كان بدات.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه ده‌كرێت زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م دوو ته‌وه‌ره بوه‌ستین، كه سه‌رۆك بارزانی چۆن توانیویه‌تی له‌میانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه دژبه‌یه‌كه جیهانییه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه دژبه‌یه‌كه هه‌رێمییه‌كان، به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی گه‌لی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكات و به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ناوچه‌كانی دیكه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌رێمی كوردستان له گۆڕه‌پانی ته‌سفیاتی به‌رژه‌وه‌ندییه دژبه‌یه‌كه ئیقلیمی و جیهانی، بگۆڕیت بۆ به‌یه‌كگه‌یشتن و په‌ره‌پێدانی به‌رژه‌وه‌ندییه هه‌رێمی و جیهانییه‌كان، هه‌روه‌ها چۆن توانیویه‌تی هه‌موو ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ی دژبه گه‌لی كورد بوون له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كورد هاوسه‌نگ و رێك بخات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌كرێت به‌ڵگه‌ی زۆر بهێنرێته‌وه، چ له ڕووی دیپلۆماسی و ئابووری و هاوپه‌یمانێتییه سه‌ربازییه‌كانه‌وه.
له ڕووی دیپلۆماسییه‌وه، ده‌بینین ئێستا زیاتر له 40 كۆنسووڵخانه و نوێنه‌رانی وڵاتان له هه‌ولێری پایته‌خت هه‌ن له‌ناوشیاندا كۆنسووڵخانه‌ی 5 ئه‌ندامی هه‌میشه‌ییی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی. به‌شداریی سه‌رۆك بارزانی له چه‌ندین كۆنفرانسی گرینگی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك ناتۆ و داڤۆس و كۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی میونیخ كه دواترینیان بوو، مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی دیار و وه‌ك سه‌رۆك ده‌وڵه‌ت له‌م كۆنفرانسانه‌دا بۆ حكمه‌ت و لێزانین و پێگه‌ی سه‌رۆك بارزانی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی ناسراو له سه‌رتاسه‌ری جیهان ده‌گه‌ڕێـته‌وه. بۆ نموونه له كۆنفرانسی ئاسایشی میونیخ كه سه‌رۆكی 60 وه‌ڵات به‌شدارییان كردبوو، شاندی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی، كه تاكه هه‌رێم بوو له جیهان به‌شداریی كۆنفرانسه‌كه‌ی كردبوو، یه‌كێك له چالاكترین شانده‌كان بوو كه 25 كۆبوونه‌وه‌ی دووقۆڵیی ئاست به‌رزیان ئه‌نجام دا كه دیاترینیان له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا، سكرتێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و چه‌ندین دیداری گرینگی دیكه بوون، ئه‌مه‌ش گرینگی و رۆڵ و پێگه و كاریگه‌ریی سه‌رۆك بارزانی له هاوكێشه هه‌رێمی و جیهانییه‌كان دووپات ده‌كاته‌وه. كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و شانده باڵاكانی (ئێران-سعوودیا-توركیا) له كاتێكدایه كه ئه‌م سێ وه‌ڵاته وه‌ك ئاغای هه‌رێمی له ململانێی تونددان، كه‌چی هه‌مووان فوكسیان له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیی سه‌رۆك بارزانییه.
له ڕوویه‌كی دیكه‌وه ئه‌گه‌ر باس له جه‌مسه‌ره‌كانی هێزی جیهانی، رووسیا و ئه‌مریكا بكه‌ین وه‌ك دوو نوێنه‌ری سه‌ره‌كیی بلۆكی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا، ده‌بینین كه‌سایه‌تیی بارزانی له په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵات‌دا هاوسه‌نگ و روون بووه، دیداره‌كانی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بووش و سه‌رۆك ئۆباما له كۆشكی سپی و دیداره‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك پووتین له كۆشكی كرملین ئه‌و راستییه ده‌سه‌ڵمێنن.
له ڕووی ئابوورییشه‌وه ده‌بینین كۆمپانیا هه‌ره زه‌به‌لاحه‌كانی بواری نه‌وت و گاز وه‌ك ئێكسون مۆبیل كه گه‌وره‌ترین كۆمپانیای نه‌وتی ئه‌مریكایی و جیهانه و كۆمپانیای تۆتاڵی فه‌ره‌نسایی و كۆمپانیاكانی روسنه‌فت و گازپرۆمی رووسیایی كه گه‌وره‌ترین كۆمپانیای نه‌وت و گازی رووسیان، له هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنانیان له بواری په‌ترۆڵدا كردووه، پێشبینی ده‌كرێت رێككه‌وتنی ستراتیژی ئه‌م دواییه‌ی كۆمپانیای روسنه‌فت، هه‌رێمی كوردستان له گوشاری هه‌رێمی و له‌و قه‌یران و گۆشه‌گیرییه ئابوورییه‌ی تێی كه‌وتووه ده‌رباز بكات، به‌وه‌ی كه نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كڕێته‌وه و له بازاره‌كانی جیهان ده‌یفرۆشێته‌وه، ئه‌مانه و هیی تریش به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به بیرتیژی و دووربینیی سه‌رۆك بارزانی له مه‌یدانی ململانێێ به‌رژه‌وه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بووه‌ته ئارامگای به‌یه‌كگه‌یشتنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان كه له ئه‌نجامدا به قازانجی ئاشتی و سه‌قامگیریی هه‌موو جیهان شكاوه‌ته‌وه.
له ڕووی سه‌ربازییشه‌وه هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 2003ــێوه به به‌شداریكردن له پرۆسه‌ی ئازادكردنی عێراق له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان بناغه‌یه‌كی پته‌وی له بواری سه‌ربازی داڕشت، به‌شێوه‌یه‌ك كه ئه‌مڕۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان زۆر باشتره له سوپای عێراق و وه‌ك هێزێكی نیزامیی ده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر ئاستی جیهان ده‌ناسرێت كه پارێزه‌ری به‌ها دیموكراتییه‌كان و به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كان و مه‌ده‌نیه‌ته، پاشان به‌هۆی جه‌نگی داعش كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كاریگه‌رترین هێزی زه‌مینی بوو له هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژبه داعش، زیاتر ره‌گی خۆی داكوتا و په‌ره ده‌سێنێت و ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی وڵاته به‌ھێزه‌كانی رۆژئاوا (ئه‌ڵمانیا، ئه‌مریكا، كه‌نه‌دا، رووسیا، فه‌ره‌نسا، به‌ریتانیا و ئۆسترالیا) مه‌شق و راهێنانی سه‌ربازی به هێزی پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن و پڕچه‌كی ده‌كه‌ن و، رۆڵی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك بارزانی به‌رز ده‌نرخێنن، كه راسته‌وخۆ و به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی له سه‌نگه‌ره‌كانی هه‌ره پێشه‌وه‌ی جه‌نگ فه‌رمانده‌یی جه‌نگه‌كانی كردووه. ئه‌گه‌ریش بنكه سه‌ربازییه‌كان به‌پێوه‌ر وه‌رگرین، ئێستا هه‌رێمی كوردستان پێگه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی ئینجه‌رلیك و كه‌نداوی وه‌رگرتووه له ڕووی ستراتیژیه‌تی سه‌ربازییه‌وه. له ڕووی مه‌عنه‌وییشه‌وه به‌هۆی خۆنه‌ویستی و ئازایه‌تی و گیانفیداییی پێشمه‌رگه و رووبه‌روونه‌وه‌ی تیرۆریستان دۆزی كورد ره‌وایه‌تییه‌كی زیاتر و هاوسۆزیی زۆرتری له رای گشتیی جیهانی مسۆگه‌ر كردووه.
ئه‌گه‌ر كه‌مێك هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر رۆڵی سه‌رۆك بارزانی په‌یوه‌ست به پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان بكه‌ین، ده‌بین سه‌رۆك بارزانی رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌یه له پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا و به‌ره‌وپێشچوون و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد له رۆژئاوا و چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م ئه‌و ته‌نگوچه‌ڵه‌مانه‌ی رووبه‌ڕووی كورد ده‌بنه‌وه له هه‌ر شوێنێك بێت.
له ڕووی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر مێزی گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ژێر رۆشنایی راسپارده و پێشنیازه‌كانی سه‌رۆك بارزانی، نیشانه‌ی زۆریش هه‌ن كه چاره‌سه‌ری ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كه سیاسییه‌ی ماوه‌یه‌كه هه‌رێمی كوردستان تووشی هاتووه، هه‌ر به گه‌ڕانه‌وه ده‌بێت بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی سه‌رۆك بارزانی ده‌بێت.
له ده‌ره‌نجامدا ده‌بینین كه رۆڵی سه‌رۆك بازانی له رێبه‌رایه‌تیكردنی خه‌بات و گه‌یشتن به خه‌ون و ئۆمێده‌كانی نه‌ته‌وه‌یی كورد، رۆڵێكی سه‌ره‌كی و جه‌وهه‌رییه كه توانیویه‌تی هه‌موو ئه‌و ره‌هه‌نده ناوخۆیی و ده‌ره‌كیانه‌ی له پشته‌وه‌ی دروستبوونی ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆییی نه‌ته‌وه‌یین، مسوگه‌ر بكات. ئیراده‌یه‌كی جیددی و به‌هێز و ئاسۆیه‌كی روونیش هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو ئه‌و قه‌یرانه كاتیانه‌ی ئێستا هه‌رێمی كوردستان تێی كه‌وتووه، له ئاینده‌یه‌كی نزیكیشدا به سیاسه‌تی دروست و دووربینیی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی هه‌موو قه‌یرانه‌كان تێده‌په‌ڕێندڕێن و نه‌ته‌وه‌ی كوردیش وه‌ك هه‌موو نه‌ته‌وه سه‌ربه‌سته‌كانی جیهان، به دوایین ئامانجی نه‌ته‌وه‌ییی خۆی كه دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سه‌روه‌رییه شاد ده‌بێت.
* قوتابیی دكتۆرا له یاسا و زانسته سیاسییه‌كان




