٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

خۆشەویستی بەندكراو

سەرچاوە: KDP.info

زکری مووسا
شاندێكی باڵای عەرەبی شیعه لە كوردستانە، پەیام و گوتەیان برایەتی و یەكبوون و وانەوەرگرتن لە ڕابردووە. دەیانەوێ بڵێن با پێكەوە دیسانەوە عێراق بنیات بنێین، وەرن با شەریك بین، كوردستانمان خۆش دەوێ، بەبێ كوردستان عێراق لاواز و پەككەوتوو و پەراوێزخراو دەبێ، بە كوردستانەوە جوانین. وەرن با ڕابردوو لە یاد بكەین و دیموكراسی و یەكسانی و دەستوور جێگیر بكەین.
ئەم پەیامە ڕەنگە هەڵگری نیازپاكیی هەندێ كەسایەتیی شیعه بێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمانە تەنیا قسەن و دەردی گەلی ستەمدیتەی كورد دەرمان ناكات. سەد ساڵە ئەوە كوردە بە چنگ و ددان پەیامی لەم چەشنە بە گوێی دەوڵەتە كەڕ و نابیستەكەی عێراقدا دەچرپێنێت. ئەم گوتە و پەیامگەلە بۆ كورد كۆنن و دڵی هیچ هاووڵاتێكی كوردستان خۆش ناكات.
لە 1921 هەتا 20033، عەرەبی سوننەی دەستەڵاتدار گەلی كوردستانی جینۆساید و تەعریب كرد. پێی نایە سەر چەمكی شەراكەت و كوردی بە پاشكۆ و پلە دوو دەدیت. لە 2003 هەتا ئێستا عەرەبی شیعه كە لەسەر شانی كورد دەستی لە سوڵتە گیر بوو، بە هەمان ئاراستەی پێشوو هەنگاوی نا. ئابڵۆقەی خستەسەر پێشمەرگە و نانی گەلی كوردستانی بڕی. كوردستانی لە داعش نەپاراست، بەڵكو كۆسپی بۆ هاوكاریی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە دروست دەكرد. ئێستا چاوی لەو خاكەیە كە پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ڕزگاری كردووە لە ئەهریمەنی تیرۆر.
پەیامەكەی حەكیم و هاوڕێكانی كێشەی عێراقی بریندار و كورد چارە ناكات. هیچ ناوەندێك بە ناوی سوننەوە نەماوە تا نوێنەرایەتیی ئەو پێكهاتەیە بكات. ئەوەی هەیە نائومێد و گۆشەگیرە و بەشێكیشان بۆ پارە بوونەتە پاشكۆی مالیكی.
دوای ئەو هەموو قوربانیدانە، گەلی كوردستان ڕازی نییە لە سەربەخۆیی كەمتر دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بكات. كوردستان نایەوێ بەشداریی دەوڵەتێك بێت كە ئەنجامی هەموو شتەكان دیارە و زۆرینەی عەرەب بۆچوونەكانی دەسەپێنێت. نایەوێ لە وڵاتێكدا بێت قووتی بە نووكە ئیمزای حاكمێك بەند بێت. كوردستان نایەوێ بچێتە ناو گۆڕەپانێك كە ئامرازی بەرگریكردن لە خۆی نەبێت. چیتر كوردستان ملكەچی فەرهەنگێك نابێ كە تاییفەگەری و جیاكاری و خۆبەزلزانین تاوی دەدات.
كوردستان نایەوێ خۆشەویستێكی بەندكراو و بێئیرادە بێت، ماندوو بووە لەوەی جوانی و سامانەكانی بۆ عرووبەخوازی و دەوڵەتی قەڵپی عێراق بڕوات.
حەكیم و شاندە باڵاكەی عەرەبی شیعه هەموو ئەو ڕاستیانە دەزانن، ئاگاداری ورد و درشتی ئەو زوڵمەن لە گەلی كورد كراوە و دەكرێت. تەنیا شتێك كە دەنگی ئەوانی دلێر كردووە كەمپینە هەرزەكارەكەی بەشێك لە نوێنەر و سیاسییەكانی كوردە لە بەغدا كە تەپڵی پاشكۆیی دەكوتێت و ئاو دەكاتە ئاشی نەیارە فێڵبازەكانی كورد.

هەواڵی پەیوەندیدار