عێراقی مالیكییەكان

دڵشاد مستەفا وەسانی
گەورەترین كێشەی عێراق شاردنەوەی واقیعی ئەو وڵاتەیە لە لایەن ئەو حزب و گرووپانەی دەسەڵات وەردەگرن، هەر كەس و لایەنێك، لە پێناوی مانەوە لە دەسەڵاتدا، فرەنەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی بشارێتەوە، ملكەچی ئەجنێداكانی دەرەوەش دەبێت.
ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق دەگوزەرێ، پێچەوانەی ئەوەیە كە گەلانی عێراق لە دوای 2003 چاوەڕێیان دەكرد، چەندان ساڵە گەلانی عێراق بەدەست دەسەڵاتدارانیانەوە هیلاكن، بەتایبەتیش كورد كە پێی وابوو دوای كۆتایی هاتنی سەردەمی بەعەرەبكردن و ئەنفال و جینۆساید و وێرانكردنی كوردستان، ئیدی بیركردنەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق گۆڕانی بەسەردا دێت، لێ كەسێكی وەك مالیكی هەموو سنوورێكی تێپەڕاند، ئەو كە لە سەدەی بیستویەكەمدا پەنا بۆ بڕینی قوتی خەڵكی كوردستان ببات، چ ئومێدێك بە عێراقی بەناو نوێ دەمێنێ.
لە عێراقدا دەستوور نەك نەبووەتە هۆی پاراستنی مافی پێكهاتەكان، بەڵكو بە تەواوی پشتی تێدەكرێ، پاڵەوانی ئەو فەرامۆشكردنەی دەستوور و پاشەكشە لە سازان و هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكان مالیكییە، ئەو دەرفەتی بۆ سەرهەڵدانەوەی شۆفێنییەكان پەیدا كرد، بەمەش كۆتایی بە عێراقی فرەپێكهاتە هات، هەڵەیە ئەگەر پێمان وابێت رەوتی حوكمڕانیی ئەو وڵاتە راست دەكرێتەوە، چونكە لە عێراق ژینگەی پێكەوەژیان وەلادەندرێت و قبووڵ ناكرێت، ئەم ژینگەیەش بە دەوری خۆی رێگەی بۆ دەستتێوەردانی هێزە ئیقلیمییەكان خۆش كردووە، بۆیە كە پایتەختی دەوڵەتە ئیقلیمییەكان دژی خواستی كورد دەجووڵێنەوە، راستەوخۆ بەغدا دێتە سەر خەت و دژی هەرێمی كوردستان رادەوەستێ.
هەفتەی رابردوو میدیای ئێران ئیشی لەسەر ئەوە كرد كە پرۆژەی سەربەخۆییی كوردستان لاوازە، چونكە چەند حزبێكی هەرێمی كوردستان بە توندی دژی راوەستاون، لەم هەفتەیەشدا، مالیكی هەمان شەكری شكاند و گوتی: "كورد سەربەخۆیی ناوێ، خۆشگوزەرانی و ژیانی دەوێت و ئەوە تەنیا كەمینەیەكە ئەو داوایەی هەیە"، دیارە مالیكی لە جیاتی كورد بڕیار دەدات. ئەو قسەیەی مالیكی و میدیای ئێرانیش، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، حزبەكانی كوردستان داوای خەڵك بە سەربەخۆییشەوە، وەك ئامرازی ناكۆكی بەكار دێنن، بۆیە هێزە ئیقلیمییەكان و بەغدا لە دەرفەتێكی وا دەگەڕێن، تا دژی ئیرادەی خەڵكی كوردستان بوەستنەوە، هەموو ئەو ئەجێندایانەی دژی خواستی كوردستانن، ناكۆكیی حزبەكان، دژی هەرێمی كوردستان وەبەردەهێننەوە، بۆیە وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كە پارتی داوای دەكات و حزبەكانی دی دژی سەربەخۆیی دەوەستنەوە، دەڵێن هەموو لایەنەكان داوای ناكەن. بەهۆی ناكۆكیی حزبەكان، تێڕوانینی بەغدا كە كار لەسەر پشتگوێخستنی مافی گەلی كوردستان دەكات، بە باشی نەخوێندرایەوە، بۆیە هەقە هەموولایەك، كەمێك عێراق وەك خۆی ببینن، نەك بە چاوی حزبایەتی، بەڕاستی عێراق چیدی عێراقی پێكەوەژیان نییە، بەڵكو عێراقی مالیكی و هاوشێوەكانیەتی، ئیدی حزبی كوردی چاوەڕێی چی دەكات، ئایا گوێیان لە دەنگی شۆفێنییەكانە كە لە قوڕگی مالیكی دێتەدەر؟




