مالیكی هیچ داهاتوویێكی نییه

سه‌روتار
له به‌رده‌وامیی دژایه‌تیكردنی بۆ ئاواته ره‌واكانی میلله‌تی كورد، ماوه‌یه‌كه نووری مالیكی لێره‌وله‌وێ ده‌ڵێ، كورد سه‌ربه‌خۆیی ناوێت و ئه‌وه ته‌نیا خواستی بارزانییه و حزب و خه‌ڵكی دیكه هه‌ن دژی ئه‌و خواسته‌ن.
له به‌رامبه‌ر ئه‌م ناماقووڵییه‌ی نووری مالیكی‌دا، ده‌بێ بپرسین ئه‌و به چ حه‌قێك و كێ سه‌رپشكى كردووه و ده‌سه‌ڵاتی داوه‌تێ به ناوی گه‌لی كوردستانه‌وه بدوێ، ئه‌سڵه‌ن نه‌ك ئه‌وێكی نانبڕ و تاییفی و شۆڤێنی كه دوژمنایه‌تیی خۆی بۆ خه‌ڵكی كوردستان ئاشكرا و یه‌كلا كردووه‌ته‌وه، هیچ ئیراده‌یه‌ك جیا له ئیراده‌ی میللیی گه‌لی كوردستان، كه‌مترین حه‌قی ئه‌وه‌ی نییه قسه له چاره‌نووس و داهاتووی میلله‌تی كورد بكات.
چاره‌نووسی كوردستان له ده‌ستی گه‌لی كوردستاندایه به كورد و پێكهاته‌كانییه‌وه، ئه‌وه‌ی بڕیار له داهاتووی كوردستان ده‌دات ته‌نیا و ته‌نیا ئیراده‌ی میلله‌تی كورد و هێزی پێشمه‌گه و حزبه نیشتمانپه‌روه‌ره‌كانی كوردستانه. له كه‌سێكی په‌یمانشكێن و تاییفی و ته‌سفییه‌چی وه‌ك مالیكییش جگه له دژایه‌تی و پیلانگێڕی دژی ئه‌و ئاواته ره‌وایه‌ی میلله‌تی كورد، هیچ قسه‌ی خێر و كرده‌وه‌یه‌كی دۆستانه چاوه‌ڕوان ناكرێت.
وه‌ك چۆن داهاتووی كوردستان له ده‌ستی گه‌له‌كه‌ی و پێشمه‌رگه نه‌به‌زه‌كانیدایه و له ده‌ستی هێزه نیشتمانپه‌روه‌ره‌كانیدایه كه پشتیوانی پێشمه‌رگه و سه‌ربه‌خۆیی و كه‌رامه‌ت و ئیراده‌ی ئازادانه‌ی میلله‌تی كوردن، به هه‌مان شێوه داهاتووی عێراقیش له ده‌ستی ئه‌و لایه‌ن و حیزبانه‌دایه كه پێچه‌وانه‌ی مالیكی دژی تاییفه‌گه‌ری و پاكتاوی مه‌زهه‌بی و به‌گژیه‌كداكردنی پێكهاته‌كان و گه‌نده‌ڵی و خاكبه‌ده‌سته‌وه‌دان و، ته‌فره‌قه‌ی نێوماڵی شیعه و به پاشكۆكردنی عێراقن و، حاقد نین له‌سه‌ر میلله‌تی كورد.
ئه‌و كوردانه‌ش كه له به‌غدا یان لێره‌وه به دژی میلله‌تی خۆیان هاوكاریی نووری مالیكی ده‌كه‌ن، جا له هه‌ر حزب و پۆستێكدا بن، چاره‌نووسیان هه‌مان چاره‌نووسی مالیكییه، ئه‌وان كه جگه له نۆكه‌رایه‌تی بۆ مالیكی و ئاغاكانی له ئێران، هیچی دیكه‌یان له‌ده‌ست نه‌هات و بۆیه‌ش به‌ر نه‌فره‌تی میلله‌تی خۆیان كه‌وتن، هه‌رگیز خاوه‌ن قسه نین له یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی میلله‌تی كورددا. وه‌ك چۆن مالیكی له ئاینده‌ی عێراقدا هیچ داهاتوویه‌كی نییه، ئه‌وانیش له ئاینده‌ی كوردستاندا هیچ مه‌وقع و پێگه‌یه‌كیان نابێت.
گفتوگۆی كورد له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر چاره‌نووس به‌رده‌وام ده‌بێت، عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقه نه‌ك مالیكی، له‌م گفتوگۆیه‌شدا عه‌بادی و ئه‌و لایه‌نانه‌ی پرسیان پێكراوه، جێی متمانه‌ن و هه‌ر بۆیه‌ش پرۆسه‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌وان به‌رده‌وامی ده‌بێت و هه‌ر كاتێكیش هه‌وڵ و پیلانه‌كانی مالیكی بۆ گه‌ڕانه‌وه سه‌ر حوكم سه‌ری گرت، كوردستان وه‌ك سه‌رۆك بارزانی راشكاوانه رایگه‌یاند، بێ سێ‌ودوو جیا ده‌بێته‌وه.




