٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بەردەبازی پەڕینەوە

سەرچاوە: KDP.info

دڵشاد مستەفا وەسانی

هەموو لایەك دەرك بەو راستییە دەكەن، دوای شەڕی داعش قۆناغێكی نوێ دێتە ئارا، ئەوەش  ئاشكرایە، ناوچەكە بەگشتی دەكوڵێ، هەر میللەت و دەوڵەتێك، چاوی لە ئان و ساتی نیشتنەوەی كەف و كوڵە، ئاخۆ چارەنووسیان چی دەبێت، هەموو هەوڵ و بزاڤێكی ئێستای دەوڵەتانی ناوچەكە، بۆ ئەوەیە تا چەند بە سەلامەتی دەچنە قۆناغە نوێیەكە، لە تەك ئەو گۆڕانكارییەی هەمووان چاوەڕێی دەكەن، چاوێكیان لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپە، داخۆ لەگەڵ گڕگرتنی ناوچەكە، سیاسەتی ئیدارەی تازەی ئەمەریكا، چۆن مامەڵە لەگەڵ رووداوەكانی ناوچەكەدا دەكات و بە چ ئاراستەیەكیاندا دەبات؟
ئەگەر دەوڵەتانی ناوچەكە ترسیان لێ نیشتبێ، ئەو ترسە هانی داون لێی بێخەم نەبن، ئەدی بۆ حاڵی گەلی كوردستان چۆن دەبێت، هێزە سیاسییەكان بە تەمای چین و بەرنامەیان بۆ پەڕینەوە بۆ قۆناغە نوێیەكە چییە؟ تا ئێستا وێڕای قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و بارگرانیی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و قەیرانی حزبەكان، پێگەی هەرێمی كوردستان لە تێڕوانینی هێزە گەورەكانی جیهان، نەك هەر  وەك خۆی ماوەتەوە، بەڵكو لەم سەروبەندەدا كە خەریكە ئاماژەكانی رۆیشتن بەرەو قۆناغە نوێەكە وەدەردەكەون، ئاستی دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان بەرزتر بووە، ئەمەش پاڵپشتییەكی بەهێزە، زیاتر تاو دەداتە هەنگاوەكانی پەڕینەوە، بەرچاوروونییە بۆ چۆنیەتی هەنگاو هەڵێنان.
ساڵی 2017 بەوە دەستی پێكرد سەرۆكی فەڕەنسا فرانسوا ئۆلاند لە دووەم رۆژی ساڵی نوێ سەردانی هەولێری كرد، بەر لە دەست بەكاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمەریكاش، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بەر لە سوێندخواردنی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆك بارزانی، پشتیوانی ئەمەریكای بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە، هەروەها هەر بۆ دیتنی ستافی نوێی ئیدارەی ئەمەریكا، شاندێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەڕێز مەسرور بارزانی سەردانی واشنتۆنی كرد، بۆیە دەكرێ بڵێین جموجۆڵی دیپلۆماسیی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبرەودایە، ماوەتەوە دۆخی ناوخۆ كە هاوشان لەگەڵ ئاستی دیپلۆماسی بێتەوە.
پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جووڵەیەكی باشی خستە پەیوەندیی لایەنە سیاسییەكان، كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە رۆژی 11/1/2017 تەكانێكی دیكە بوو بە ئاراستەی باشتركردنی دۆخی ناوخۆ، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ پێداویستییەكانی قۆناغەكە، بۆ ئەوەی زەمینەی ئامادەكاریی پەڕینەوە بۆ قۆناغی نوێ خۆش بكرێ، ئەوەی دەكەوێتە سەر شانی حزبەكان، خوێندنەوەی دروستی رووداوەكانە، لەو سۆنگەیەشەوە دەكرێ بە یەكەوە، كار بۆ باشتركردنی گوزەرانی خەڵك و ئامادەكاری بۆ پەڕینەوە بكرێ، هەلومەرجی ئێستا لە حزبەكان دەخوازێ، ببنە بەردەبازی پەڕینەوە بۆ ئەو قۆناغەی چاوەڕێی دەكەین، پێدەچێ رووداوەكان خێرا بن، بۆیە ئازایەتی ئەوەیە، حزبەكان كار بۆ ئەوە بكەن، شەڕەفی ئەوەیان پێببڕێ بەشێك بن لەو بەردەبازە، ئەوەی گرنگە ئەو ئامادەكارییەی پارتی و یەكێتییە، بە بەشداریی پێكهاتەكانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان، بۆ ئەوەی شاندێك بۆ چوونە بەغدا پێك بهێنن و راشكاوانە قسە لەسەر ئەوە بكەن ببینە دوو دراوسێی باش، لەوانەیە پاشەكشەی هەر لایەنێك لەو ئامادەكارییە، بێبەش بوونی بێت لە ئەركی پەڕینەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار