٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سووریا و ئیدارەى نوێى کۆمارییەکان

سەرچاوە: KDP.info

سامان ڕەشید

یەکێک لەو میتۆدە سیاسییانەى کە کۆمارییەکان لە دیموکراتەکان جیا دەکاتەوە سیاسەتى دەرەوەیە، ڕوانگەى ئەو دوو پارتە بۆ چۆنیێتیی مامەڵەکردن لە  دەروەى وڵاتى ئەمریکا لە چوارچێوەى پاراستنى بەرژەوەندییە باڵاکانى ئەمریکا جیاوازن.
تێڕوانینى ئەم دوو پارتە بۆ سیاسەتى دەروەى ئەمریکا بەشێوەیەک لە شێوەکان لە 16 ساڵى ڕابردوودا بە ڕوونى ئەو جیاوازییەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە.هەرچى کۆمارییەکانە مامەڵەى ڕاستەوخۆى ئەمریکا و بوونیان بەکردەیى لە هەموو ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانەى کە لە دەروەى ئەمریکا هەیە بە پێویستى دەزانن بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانیان، تەنانەت ئەگەر هێزیشى پێویست بێت. بەڵام دیموکراتەکان بژاردەى ناڕاسەتەوخۆیان کردووەتە میتۆدێک بۆ سیاسەتى دەره‌وەیان لە چوارچێوەى هاوپەیمانەکانیان یان برەودان بە دیموکراسى و چەمکەکانى لەو ناوچانە، کە دەبێتە مایەى دروستکردنى هاوپەیمان دەرئەنجامى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە ڕێگاى کۆمەڵی بەها و پرنسیپى هاوبەشى مرۆڤایەتى پاریزراوتر دەبێت. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئیدارەى نوێى ئەمریکا سەبارەت بەم ناوچە گەرمانە (ڕۆژهەڵاتى ناوین) بوونى ڕاستەوخۆى خۆى لە چوارچێوەى سیاسەتەکانى دەروەى چالاکتر بکات لەپێناو پاراستنى بەرژەوەندییە باڵاکانى ئەمریکا.
ئەو باردۆخەى ئەمڕۆ لە سووریا دەگوزەرێ، یەکیکە لەو دۆسێیانەى کە گرنگى پێدەدرێت و لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵەکانى ئەمریکا و ڕووسیا بۆ دیزاینێکى نوێى کە بەرژوەندییەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى لەگەڵ ڕووسیا کۆ بکاتەوە، چڕ دەکەنەوە. بەو شێوەیەش ئێران لە هاوکێشەى سووریا بەو شێوەیە نامێنێت کە ئەمڕۆ هەیە. کەمکردنەوەى پاوانخوازى و هەژموون و دەسەڵاتى ئێران لە سووریا، چەند بۆ ئەمریکا گرنگە بەهەمان شیوەش بۆ ڕووسیا گرنگە. چونکە بوونى ئێران لە سووریا چەند مەترسى بۆ بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا و هاوپەمانەکانى وەک تورکیا و ئسرائیل و هەرێمى کوردستان دروست دەکات، بەهەمان شێوەش بۆ ڕووسیا ئەو مەترسییە هەیە، چونکە بوونى ئێران لە سووریا لەپیناو بەدیهێنانى ستراتیژی گەیشتن بە دەریاى ناوڕاستە، ئەمش گەورترین مەترسى بۆ ئابووریى ڕووسیا دروست دەکات کە کاریگەریى خراپى دەبێت بۆ بازاڕى غاز و نەوتى ڕووسیا لە ئەورووپا و مامەڵە بازرگانییەکانى لەگەڵ ئیسرائیل و ناوچەکە. هەنگاوى یەکەمى ئەو دیزاینەى کە رووسیا و ئەمریکا ئەنجامیان دا بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى هەردوولا، هاتنە ناوەوەى تورکیا بوو بۆ گۆڕەپانەکە و هەوڵدان بۆ نەهێشتنى ئەو هێزانەى کە خزمەت بە ئەجێنداى ئێران دەکەن لە رۆژئاواى رووبارى فورات، بە واتایەکى تر ئەتوانین بڵێین تورکیا وەک هێزێک لە گۆڕەپانەکە جکە لە پاراستنى بەرژەوەندییەکانى خۆى، بەرژەوەندیى ئەمریکا و رووسیایش دەپارێزى. ڕەنگە لە داهاتوو ئەم ئامادەییەى تورکیا لە گۆرەپانەکە فراونتر بێت ڕاستەوخۆ لە ڕێگاى هێزەکانى خۆیەوە یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگاى ئۆپۆزسیۆنى سووریا.
رۆژهەڵاتى فورات یان نێوان دیجلە و فورات ئەو جوگرافیایە کە ئەمریکا لە داهاتوودا هەموو هەوڵێکى تەرخان دەکات بۆ نەهێشتنى باڵادەستیى ئێران لەو پانتاییە جوگرافییە کە ئێستا ئەو هیزە لوکاڵیانە باڵادەستن تیایدا، کە لەژێرهەژموونى ئێرانن یان خزمەت بە ئەجینداى ئێران دەکەن و بوونەتە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنى ئەجێنداى ئێران، ئەمەش مەترسییە بۆ بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى، بۆیە ئەمریکا هەوڵى ئەوە ئەدا باڵادەستیى ئێران لەو ناچانە نەهێڵێ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگاى ئۆپۆزسیۆنى سووریا، بەمەش ڕوانگەى ئەمریکا و تورکیایش بۆ ئەو ناوچانە یەکانگیر دەبێتەوە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت جیاواز لە سیاسەتى دیموکراتەکان، ئەم کابینە نوێیەى کۆمارییەکان بەشێوەیەک دیکە مامەڵە لەگەڵ باردۆخى سووریا بکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار