پێشمەرگە، جیاوازترین سەربازی دنیا

جەمال ڕەسووڵ دنخه
وشەی پێشمەرگە، داتاشراو، یان وەرگیراوی هیچ فەرهەنگێكی سیاسی و سەربازیی جیهانی نییە، بەڵكو هەڵقوڵاوی ڕاستەقینەی ناو فكری نەتەوەیی كورد و كوردستانه. وشەیەكە پڕ بە مانای خۆی کە کەسێک بۆ وڵاتی خۆی شەڕ دەکات و لە عەقڵانیەتی نەتەوەییدا لەدایک بووە. ئەگەر سەیری مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بكەین، بە باشی هەست دەكەین، پرسی بوون بە پێشمەرگە پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە، نەک ئیدئۆلۆژی و حیزبایەتی.
دیاریکردنی ڕۆژێک لە ڕۆژمێری کوردستان بۆ کەسێک بە ناوی پێشمەرگە تەنیا وەبیرهێناوەیەکە بۆ خەڵکی کوردستان و ڕێزگرتنێکی بچکۆلەیە له بەشێک لە قارەمانەتیی و فیداکارییەکانی ئەو تاکەی کۆمەڵگا. زۆر ئاساییە که هەر نەتەوەیەک کە داوای مافی چارنووسی خۆی دەکات دەبێ خەباتی بۆ بکات ئەوەندی لە توانای دا هەیە وەگەڕی بخات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. گەیشتن بە ئامانجی وەک سەربەخۆیی و چارەنووسی خۆی بێ گومان بەهای زۆری دەوێت و کە پڕ بەهاتەرینی نرخی گیان دانانە.
سەرتاسەری مێژوو شاهیدی ئەوەیە کە لە کاتی شەڕی نێوان دەوڵەتەکان و ئەو گرووپ و لایەنانەی کە دەیانهەوێت بە مافی خۆیان بگەن بە خوێن نووسراوەتەوە خەڵکی ئەو وڵاته چیرۆکی سەربەرستی ژیانیان بۆ خۆیان تۆمار کردووە کە لەو نێوانەدا بەهای خوێنی گەل ڕەمزێک بووە کە ئەگەرچی لەبیر ناکرێت بەڵام شانازییەکی نووسیوەتەوە کە وەک خاک هیچ کات پاک ناکرێتەوە.
باسکردن و نووسین له تاکی پێشمەرگه و فەلسەفەی ژیانی کەسێک کە خۆی بە مانای واقعی جڵەوی ژیانی خۆی گرتووەتە دەست و لەو ڕێگایەدا گیان لەسەردەست کە شیرینترین ئەسپێردراوی سروشته لە گۆڕەپانی مەرگ و نەماندا بە بارمته دایناوە و، لە نێوان ژیانێکی پڕ لە هات و نەهاتدا خستوویەتە کایە کە وەک چرایەک و مۆمێک ژیانی دووبارە دەخاتەوە ناو هەناوی گەلی خۆی و موژدەی بەهاری ئازادی دەدات و ڕێبوارنی ڕێگای ئازادی بانگ دەکات کە تا پێشمەرگە مابێت کوردستان هەر ماوە.
پێشمەرگە هەمیشە وەک بانگوێژێک بووە کە خەڵکی خۆی بۆ ئازادی هان دەدات و دژی داگیرکەر ڕایان دەپەڕێنێت. بوونی مانای ژیان لە کەسێکی شۆڕشگێڕ لە قاڵبی پێشمەرگەدا ئەو ڕاستییە بۆ مرۆڤایەتیی ئاشکرا دەکات کە ژیان بەردەوامە و دوای مردنیش دەتوانێ رۆح بە مرۆڤەکان ببەخشی و وەک پێغەمبەرێک کە چۆن خەڵکی ئاگادار دەکاتەوە بۆ ژیانێکی بەختەوەرانە، پێشمەرگەش بە بوونی خۆی و مانای ژیان دەبەخشێت و کاتی مەرگیش لە دوای خۆیدا ژیان بۆ گەلی خۆی بە جێ دەهێڵێت.
ئەمڕۆکە ناوێ پێشمەرگە له جیهاندا وەک هێزێکی نیزامی کە بۆ ئاشتی و ئازادی لە جیهاندا شەڕ دەکات ناسراوە و جیهان لە ڕۆژەفی خۆیاندا لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا باسی لێ دەکەن و نەتەوەی کوردیش وەک داهێنەری ئەو ڕۆژە مێژووییە و وەدیهێنەری ناوی پێشمەرگە، پێرۆزیی و قارەمانەتییەکانی ئەو ڕۆڵەی خاک بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازنەوە و ئەو نەوەیەش وەک میراتگری ڕێبەرانی گەلی کورد بە سینگفراوانییەوە پێشوازی لەو ڕۆژە دەکات.
ئەمڕۆکە کە نیشتمانی کورد لە لایەن دەسەڵاتدارانی دڕندەوە داگیر کراوە و ڕۆڵەکانی گەلی کورد بۆ بەرگری لە خاک و کهرامتی خۆیان بە خوێنی ئاڵیان واژۆی ژیان دەنووسنەوە و مەرگی دوژمن تەئید دەکەن لەم ڕۆژەدا پەیمان لەگەڵ هەموو شەهیدانی کوردستان نوێ دەکەنەوە کە ڕێبازیان تا ئامانج بەر نادەن.
پێشمەرگە لەو سەرماوەرزەی سارد و سەهۆڵبەنددا کە دارستان و چیاکانی کوردستان گەڵا و پەلکیان نەماوە و ڕەشەبای کوێستانەکانی کوردستان نیشتمان دەپێکێت، پێشمەرگه بە ورە و ئیرادەی خۆی ئەم ڕەشەبایە و ساردیی زەمهەریری کێوەکانی کوردستان وە گورزێک بە گژ دوژمنان دا دەبات و کۆن و قوژبنەکانی دوژمن دەکاتە ئەوشکەتی سارد و تاریک بۆ پەروەردەکردنی شەمشەکوێرەکانیان.
کوردستان و پێشمەرگە ئەگەرچی لازم و مەلزومی یەکتر و تەواوکەری یەکترن لە بواری فەلسەفیش ئەو هێمایە کە "واجب الوجود"ـه واتا بوونی پێشمەرگە واجبه و دەبێت هەبێت. ئەوەش ئەوه دەسەلمێنێت که لە جیهانیدا نەتەوەیەک بە ناوی کورد هەیە لە و جوغرافیای جیهاندا لە خاکێک بە ناوی کوردستان دەژیت.




