٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دیسان هەرێمی كوردستان، نەك باشوور!

سەرچاوە: KDP.info

كاروان ئاكرەیی

پێش ماوەیەك لە بەغدا بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكیدا لەگەڵ بەڕێز عەممار حەكیم گوتی: ئێمە لە عێڕاق جیا نابینەوە بەڵكو سەربەخۆییی خۆمان رادەگەیەنین. ئەم روونكردنەوەیە لە كۆڕ و كۆبوونەوەكان و لە نووسین و بەرنامە تەلەڤزیۆنەكانیش قسە و باسێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بە بەر فرەوانی قسەی لەبارەوە كرا.
سەرۆكی هەرێم لەم لێدوانەیدا، دەستی لەسەر راستییەكی مێژوویی داناوە كە بەرهەمی خەباتێكی دوورودرێژی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستانە، ئەویش هەرێمی كوردستانە كە واقعێكی دەستووری و سیاسی ددانپێدراوە، واتا خاكی هەرێمی كوردستان مڵكی خەڵكەكەیەتی و بەشێكە لە وڵاتە زەوتكراوەكەی نەك بەشێكە لە وڵاتی عێڕاق(ئەگەر شتێك لە واقعدا بەو ناوە مابێت!). كەواتە كێشەی مڵكیەتی خاكی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی كورد و خەڵكی كوردستان یەكلا بووه‌تەوە، ئەمەشیان دەستكەوت و پێشكەوتنێكی گرینگە رووەو بڕیاردان لە مافی چارەنووس و چۆنیەتیی ئیدارەدانی ئەم خاكە كە بزووتنەوەی سیاسیی كوردستان لە دوای ساڵی1991 بەتایبەتی دوای 2003 پێی وا بوو كە لە چوارچێوەی عێڕاقێكی فێدڕاڵ، پێشكەوتن و ئاسوودەیی بۆ خەڵكی كوردستان دەستەبەر دەبێت، بەڵام بەداخەوە وا دەرنەچوو. ئێستایش خەڵكی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسی سەرقاڵی پڕۆسەیەكی چڕوپڕی نێوخۆیی و ئەقلیمی و نێودەوڵەتی و بۆ دەربازبوون لەم قۆناغە و دەستەبەركردنی شێوازێكی پێشكەوتووتری خۆبەڕێوەبه‌رن، ئێستا لە هەرێمی كوردستان كێشەی مڵكیەتی خاك بڕاوەتەوە، ئەمە دەستكەوتێكی مێژوویی گەورەیە و بناغەی هەرپێشكەوتنێكی دیكەیە لە رەوشی هەرێم، بگرە راگەیاندنی سەربەخۆییش هەر پشت بەوە دەبەستێت.
بەوپێیەی كە بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردردستان و رێكخستنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا لە ساڵانی رابردوودا بەپێی دەستووری عێڕاقی لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی فێدڕاڵ بووە كە بەداخەوە لە ڕووی عەمەلییەوە نە سیستمی حوكمڕانی لە عێڕاق بونیاد نرا و نە لە داهاتوویشدا دەلیڤە و ئاسۆی بونیادنانی هەیە، نە چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستانیش بەدی هاتن، بۆیەش هەرێمی كوردستان بە پشتبەستن بە بنەماكانی مافی بڕیاردانی چارەنووس و فەشەلهێنانی فێدڕاڵی بەدوای شێوازێكی  پێشكەوتووتری پڕاتیزەكردنی ئەو مافەیە، جا چ بە دەوڵەتی سەربەخۆ، یان لە دوایە رێكخستنی پەیوەندیی ئەم دەوڵەتە لەگەڵ عێڕاق وەكوو دوو یا سێ دەوڵەتی كۆنفێدڕاڵ، ئەویش بەپێی هەلومەرجی ئەوسا و بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان.
بۆیە پێم وایە ئەوە هەرێمی كوردستانە بناغەی بەدیهێنانی ئەو ئامانجەیە؛ ئەوە تایبەتمەندیی ئەو بەشەی كوردستانە. رەنگە بەشەكانی دیكەی كوردستان بەپێی هەلومەرج و تایبەتمەندییه‌كانی خۆیان بە شێواز و فۆرمی دیكە بچنە پێش و مافەكانیان دەستەبەر بێت، بۆیەش بە تێڕوانینی من بەكارهێنانی دەستەواژەی (باشوور) بۆ هەرێمی كوردستان راست نییە و بەهەند هەڵنەگرتن و كەم سەیركردنی ئەم پێشكەوتنە سیاسی و ئیدارییەی بەدەست هاتووە، نەخاسمە لەوماوەیەدا لە ئەگەری ململانێی سیاسی، زۆر كەس و لایەنی سیاسییش هەوڵی شێواندن و سووك سەیركردنی دامەزراوەكانی هەرێم بە دامەزراوەی پێشمەرگەشەوە دەدەن.
بە ڕای من پێویستە راگەیەندكاران حزب و لایەنە سیاسییەكان بە وریایی و واقعیانە سەرەدەری لەگەڵ ئەم بابەتەدا بكەن، چونكە شێواندنی ناو، كەمكردنە لە رۆڵ و پێگەی هەرێم.

هەواڵی پەیوەندیدار