٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بۆچی نێچیرڤان بارزانی نەوت رادەستی بەغدا ناكات؟

سەرچاوە: KDP.info

فەرحان جەوھەر*
زۆربەی خەڵكی كوردستان و عێراقیش وا دەزانن كە كێشەكانی هەولێر و بەغدا لەسەر نەوتە، ناحەقیشیان نییە. چونكە جگە لەو كێشەیە باسی هیچ كێشەیەكی تر ناكرێت، بەتایبەتی لە كوردستان بەهۆی ئەو ناكۆكییە سیاسییەی نێو لایەنەكان بە گشتی و ناكۆكییەكانی ئێمە و گوڕان بەتایبەتی؛ ئەگەرنا كێشەكانی هەولێر و بەغدا ئەنجامی ژانی پەیدابوونی ئەو كیانە نوێیەیە كە لە داهاتوودا پێی دەڵێن: دەوڵەتی كوردستان، هەرچەندە لە كوردستان ئەمەش ناكۆكییەكی تری دروست كردووە، بەجۆرێك هەریەكە لە گۆڕان و بەشێكی یەكێتی، بۆ سەرنەكەوتنی ئەو بیرۆكەیە دەیان پاساوی جۆراوجۆر دێننەوە، وەك ئەوەی گوایە ئەمە تەنها مزایەدەیەكی پارتییە و هیچی تر، یان نەبوونی پاڵپشتیی دەرەكی و ئامادەنەكردنی كەرەستەكانی دەوڵەت و كێشەكانی دارایی و نەبوونی مووچە و تا دوایی، ئێمەش لە هەولێر ئەو پاساوانەی ئەوان بە بەشێك لە هەوڵەكانی یان ئەجێندای وڵاتێكی دراوسێ دەزانین بۆ سەرنەكەوتنی پرۆژەی بەدەوڵەتبوونی هەرێم. ئەگەر لەسەر زۆر مەسەلەی تر ناكۆك بواینە، بەڵام حەق نەبوو لە مەسەلەی بەدەوڵەتبوون ناكۆك بین، بەتایبەتی یەكێتی كە حزبێكی نەتەوەییە و لە رابردوودا خوێنێكی زۆری لەو پێناوەدا بەخشیوە.
دوای ئەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهانی دابەزی و، حكوومەتی عێراقیش بودجەی هەرێمی بڕی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەوتە ناو قەیرانێكی قورسی ئابوورییەوە كە ئێستایشی لەگەڵدا بێت، حكوومەت ناتوانێت مووچەكان بە شێوەیەكی ئاسایی و ڕێك بداتە فەرمانبەران، تا ئەو كاتەی ئەو قەیرانە رووینەدابوو، نرخی نەوت لە سەرووی سەد دولار بوو، هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەریم رازی بوون نەوت بەشێوەی سەربەخۆ بفرۆشێت، پەرلەمانی كوردستانیش بە یاسا ئەو مافەی بە حكوومەت دا، بەشێوەیەكی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت لە پێناوی دابینكردنی شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان، واتا بڕیاری فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆ، بڕیاری پەرلەمانی كوردستانە. دوای شەش مانگ چاوەڕێبوونی بەغدا بۆ ئەوەی مووچەی هەرێم بنێرێت، بەڵام بەغدا نەینارد، كەچی دوای قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی لایەنەكان و قورسبوونی باری دارایی و نەبوونی مووچە، خۆیان نەخستە ژێر باری ئەو بەرپرسیارەتییە و پارتی و سەرۆكی حكوومەتیان بەتەنیا هێشتەوە و تاوانباریشیان كرد و، بەغدایشیان بێتاوان كرد، ئینجا كەوتنە دنەدانی خەڵك لە دژی حكوومەت و پارتی. دڵنیام ئەگەر نرخی نەوت بەو ئاستە دانربەزیبایە، ئێستا هەموو لایەنەكان بەتایبەتی گۆڕان دەیگوت: ئەم بڕیارە هیی پەرلەمانە و لە سەردەمی ئێمەدا بووە، یەكێتییش دەیگوت: ئەوە ئێمەین خاوەنی لێدانی یەكەم بیرەنەوت لە شیواشۆك، بەڵام ئێستا بارودۆخێكی ترە.
نێچرڤان بارزانی، ستراكچەری نەوتی لە هەرێم دانا و لە 10 كۆمپانیا هەرەمەزنەكانی دنیا شەشیان هاتنە كوردستان، ئەوانەی لە خوار ئەوانیش بەدەیان كومپانیای تر، واتە ئەو نەخشە و پلانەی سەرۆكی حكوومەت بۆ دواڕۆژی ئەو وڵاتەی دانابوو، خاڵ بەخاڵ وەك خۆی هاتە دی، بەڵام هاتنی داعش و دابەزینی نرخی نەوت، ئەو خەونەی سەرۆكی حكوومەتی دواخست، ئەگینا ئێستا لە بارودۆخێكی یەكجار جیاواز دەژیاین و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش زیاتر پشتگیریی دەكردین. هەڵبەت دڵنیام ئەو پشتگیرییەی ئێستایش كە بەردەوامە، بەشێكی زۆری گرێدراوی ئەو نەخشەیەی سەرۆكی حكوومەتە لە رووی وزەوە، چونكە ئابووری بزوێنەری سەرەكیی سیاسەتی نێودەوڵەتییە. بینینی بارودۆخی سووریا بەسە بۆ ئەوەی لە یاسا و مافی مرۆڤ تێبگەین كە چەند بایەخدارن.
ئەو بەرگرییەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، دەرهاویشتەی ئەو سیاسەتە ئابوورییەی سەرۆكی حكوومەت و ئەو پەیوەندییە سیاسییەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، بۆیە بڕیاری قرۆشتنی نەوت نەك هەر بڕیارێكی راست بووە، بەڵكوو مێژووییش بووە،  گەڕانەوەمان لە ئێستادا بۆ بەغدا نەك هەرناتوانێت هیچ لە كێشە داراییەكانمان چارەسەر بكات، بەڵكو دەبێتە هۆی لەباربردنی پرۆژەی سەربەخۆییشمان، لایەنە سیاسییەكانیش چاك ئەم راستییە دەزانن، بەڵام بۆ لێدان لە پارتی و پڕۆژەكەی مووچەیان كردووەتە كراسی عوسمان و هەڵیانگرتووە، وەك ئەوەی كە پارتی و سەرۆكی حكوومەت هیچ خەمێكی مووچەخۆرانیان نەبێت، یان هیچ لایەنگر و دۆست و ئەندامی پارتی مامۆستا و فەرمانبەر نەبن، بۆیە تەنها ئەوان خەمی مووچەی خەڵكیانە.
ئەو خەون و پڕۆژەی نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی حكوومەت، بۆ ئابوورییەكی سەربەخۆ لە هەرێمی كوردستان، زادەی بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی كوردستانە. سەرۆكی حكوومەت داینابوو، وێڕای مووچە، هەر خێزانێك مەبلەغێك پارەی راستەخۆ وەربگرێت و خەڵكی كوردستان هەموویان ژیانێكی زۆر خۆش و سەربەرزانە بژین، هەرچەندە ئەو خەونە لە ئێستادا نەهاتووەتە دی، بەڵام مانای بێئومێدبوونیش ناگەیێنێ‌، بۆیە لە پێناوی هاتنەدی ئەو هەموو خەونانە و سەرفرازبوونی گەلی كوردستان لە دواڕۆژێكی نزیكدا، باوەڕ ناكەم بیرۆكەی رادەستكردنەوەی نەوت بە بەغدا بیرۆكەیەكی باش و راست بێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی بە داتا و زانیاریی روون بووە بەپێی ئەو داهاتەی بەغدا لەبەردەستیەتی ناتوانێت بە هیچ شێوەیەك شایستە داراییەكانی هەرێم بدات، جگە لەوەش بەشێكی زۆری سیاسییە شیعەكانی عێراق گەیشتوونەتە ئەو باوەڕە كە مانەوەی هەرێم لەسەر بەغدا زیاتر لە بارگرانییەك بۆ عێراق نەبێت، هیچ سودێكی تری نییە، چونكە ئەوان دەزانن گەلی كوردستان بە بەعس و سەددام كونتڕۆڵ نەكرا، بە ئەوانیش كونتڕۆڵ ناكرێت، بۆیە هەرچی زووە لە كوڵمان ببنەوە باشترە.

*ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە لە فراکسیۆنی پ د ک
 

هەواڵی پەیوەندیدار