٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دراوسێی باش، پاشكۆی باش

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا

جیهان لاریی لەوە نییە كوردستان ببێتە دەوڵەت، كێشەی سەرەكی دابەشبوونی سیاسیی ناوخۆیە لەمەڕ ئەم پرسە چارەنووسسازە. گوتاری سەربەخۆییخوازی لە هزری سەرۆك بارزانیدا بەرجەستە دەبێت. لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە ئاشكرا لە میدیاكان و لە كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندە بیانییەكان و سیاسییەكانی بەغدا سەرۆك ئەوەی نەشاردووەتەوە كە ئامانجی ستراتیژیی كورد سەربەخۆییە.
بنەمای سەرەكیی هزری سەربەخۆییخوازی لە ڕوانگای بارزانی بابەتی ماف و قوربانیدانە. سەربەخۆیی مافێكی ڕەهایە و بەو قوربانییەی گەلی كوردستان بەخشیویەتی ڕەوا نییە هەر وەك پاشكۆی خەڵكی تر بمێنێتەوە. بارزانی وای بۆ دەچێ تەنیا لەڕێگەی وەدەستهێنانی سەروەریی تەواوە كە كوردستان دەتوانێ خۆی لە هەڕەشەكان بپارێزێت و پاشان بكەوێتە سەر ڕێڕەوەی پێشكەوتن.
پێداگرییەكانی بارزانی بۆ سەربەخۆیی لە هۆكارێكی دیكەیشەوە سەرچاوە دەگرێ، ئەزموون و بێمتمانەیی. كورد ئەزموونێكی سەدساڵەی ژیانێكی شكستخواردووی لەگەڵ عێراقدا هەیە. تەنانەت چركەساتێكیش وەك شەریك سەیری كورد نەكراوە و بەغدا هەردەم كوردی وەك پاشكۆ بینیوە، هەركات حكوومەتی ناوەند بەهێز بووبێت ئەوا پەیمانشكێنیی كردووە و مافەكانی گەلی كوردستانی پێشێل كردووە.
ئێستا كێشەكان قووڵترن، تاییفیەت و دەستتێوەردانی هەرێمی لە عێراق لە لووتكەدایە. لەو ململانێیەدا یا دەبێ شیعە بی یان سوننە. بارزانی نایەوێ وڵاتەكەی لەو شەڕە بێپایانە وەربدات، گەلی كوردستان دۆزی ڕەوای خۆی هەیە و بەشێك نییه لە شەڕی سوننە و شیعە.
لەبەرانبەردا بەشێكی تری سیاسییەكانی كورد ڕێك پێچەوانە بیر دەكەنەوە. هۆكارەكەی هەرچییەك بێت، هزری بێت یان ململانێی سیاسی لەگەڵ بارزانیدا، ئەوان وای بۆدەچن كورد لەگەڵ عێراق پارێزراوترە. ئەگەر مافە دیموكراتییەكان بچەسپێت ئیتر پێویست بە سەروەری ناكات. جگە لەوەیش بەهۆی جیۆپۆلیتیكەوە كوردستان ناچارە یان پاشكۆی توركیا بێت یان ئێران یان عێراق، كەواتە باشتر وایە هەر لەگەڵ عێراقدا بین. لەگەڵ ئەوەی بڕوایان بە مافی چارەنووس هەیە بەڵام لەو بڕوایەدا نین كورد بتوانێ بەپشتبەستن بەو كەرەستە سیاسی و ئابووری و جیۆگرافیانەی هەیەتی، لەسەر پێی خۆی بوەستێت و سەربەخۆ بێت. هەندێكیان ڕاهاتوون لەسەر سووكسەرنجدانی سەربەخۆیی و گاڵتەی پێدەكەن و، بەشێكیشیان بە خەونێكی گڵاوی دەزانن بۆ ئەوەی دیكتاتۆرییەت لە كوردستاندا سەربكەوێت.
لە جیهانبینیی بارزانیدا بۆ سەربەخۆیی بێمتمانەیی بەرانبەر دەرەوە هەیە، بەڵام لە ڕوانگای نەیارانی سەربەخۆیییه‌وه‌ بێمتمانەیی بەرانبەر ناوخۆ هەیە. بارزانی پێیوایە دەكرێ كورد لەگەڵ وڵاتانی دەرووبەر دراوسێی باش بێ. ئەوانی تر وای بۆ دەچن دەكرێ قەوارەی سیاسیی سەركەوتوو بێ لەناو دەوڵەتی عێراق. لە ستراتیژی بارزانی لەگەڵ عێراقدا جیۆگرافیا و مێژوو و ئەزموون قسەی یەكەم دەكات، بەڵام لایەنی بەرانبەر لەگەڵ عێراقدا یاری و ململانێی سیاسی و هاوپەیمانێتی و كاری پارلەمانی بە ئەولەوییەت دەزانێت.

ئێستا چیی دەگوزەرێت؟
بارزانی كار لەسەر دووركەوتنەوە لە بەغدا و خۆكۆكردنەوەی كورد دەكات، لایەنی بەرانبەر كار بۆ تێكبەستنەوە بە هێزەكانی عێراقی و پەرتەوازەییی كورد لە بەغدا دەكات و، پێیشیوایە كە ئەو یارییەی لە بەغدا دەیكات دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی لە ململانێ ناوخۆییەكانی كوردستان.
ئێستا بارزانی و هێڵی سەربەخۆیی لەگەڵ سێ بەرەی جیهانی دەرەوە و دەوڵەتی عێراق و نەیارە ناوخۆییەكانی سەربەخۆیی لە ململانێیەكی سەختدان. لەو بەینەدا ئەركی نەیارە ناوخۆییەكانی بارزانی ئاسانترە، ئەوان تەنیا لەگەڵ بارزانیدا لە ململانێدان و بەردەوام لوغمی سیاسیی بۆ دادەنێن، لاشیان ئاساییە لەو ململانێیەدا پڕۆژەی سەربەخۆییش لەبار ببەن و كوردستان بكەنە پاشكۆیەكی لاوازی بەغدا.
ئەگەر بەرەی عێراقچیی كوردستان لەو ململانێیەدا سەربكەون ئایا بەختەوەری و پارێزراوی ڕوو لە كوردستان دەكات؟، دەوڵەتی عێراق ڕێز بۆ شەراكەتی كورد دادەنێت؟، ئەزموون و مێژوو وەڵامی نەخێرمان دەداتەوە. جگە لەوەیش عەرەبی شیعە بە تۆكمەییەكی بێوێنە لە پارلەمانی عێراق كار دەكات. پارلەمانتارەكانیان لەبلەبان و شۆڤێنی و حاقدن بەرانبەر كورد. لە بەرانبەردا كورد پەرتەوازەیە، پارلەمانتارە عێراقچییەكانی كوردیش گەنج و بێئەزموونن، عەرەبیزانیش نین و بە ئاسانی فێڵیان لێ دەكرێ و بڕگە و فەقەرەیان بەسەردا دەسەپێندرێ. یاسای بودجەی 2017ـی عێراق پێمان دەڵێ كە لە كاری پارلەمانیدا تای تەرازوو چەندە لە بەرژەوەندیی لایەنە عێراقییەكانە. شیعە توانی بە ئاسانی هەموو مافێك بۆ چەكدارەكانی حەشد بچەسپێنێ كەچی پارلەمانتارە كوردەكان یاسایەكییان قبووڵ كرد كە تەواو لە دژی بەرژەوەندیی پێشمەرگە و كوردستانە. چونكە شیعەكانیش زۆرینەن ئیتر تاهەتایە هەموو یاسایەك دەبێ لە بەرژەوەندیی ئەوان بچەسپێت و كورد لە بڕگە و یاسا و وشەكانیشدا دەبێتە پاشكۆ.
ئێستا كاتی یەكلاییبوونەوەیە، كوردستان ببێتە دراوسێیەكی باش یان پاشكۆیەكی باش؟ یان هەردووك؟ دەبێ چاوەڕێی گۆڕانكارییەكان بین.

هەواڵی پەیوەندیدار