٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

یاخیبـــوونـێـکـی بـێمـانـا

سەرچاوە: KDP.info

جەزای شێخ ڕەزا

لەبەر ئەوەی کە تاك بە چەندان ڕایەڵە بە کۆمه‌ڵەوە بەندە، بۆیە پەیدابوونی کایەیەکی گشتیی ئه‌رێنی، پێویستی بە تاکێکی وایە کە لە ناو خودی خۆیدا هەڵگری بەها بەرزە ئەرێنییەکان بێت. بەڵام تەنها یاخیبوون لە ژینوار (واقیع)ـێکی ناماقووڵ، پەسەندێتی ناداتە خاوەنەکەی و کارەکەی ناخاتە خانەی ئەرێنییەوە. ئەوەی کە دەیگەیەنێتە ئەو پلەیە، ئەوەیە کە دەبێت کەسی یاخی خاوەنی دوو ڕەهەندی سەرەکی بێت.
یەکەمیان ئەوەیە، لە ناخی خۆیدا هێندە ئازاد بێت، کە نەبووبێت بە بارهەڵگر (حەماڵ)ـی ئایدیایەك، کە وەکو مار تێیبئاڵێت و سبەینێ بیکاتەوە بە بەندە و کۆیلە.
دووەمیشیان، دەبێت ئەو کەسە تا ئەوپەڕی شیان لە بەکارهێنانی هەموو جۆرە زەبروزەنگێکی فیزیکی و دەروونی و هزری دوور بکەوێتەوە و تەنها لە بڕووخێت تێیپەڕێنێت، دەنا لەکاتی سەرکەوتنیشیدا کەشێکی ئاڵۆزی پڕ ناکۆکی، دژایەتی و خوێنڕشتنی وا دەخەمڵێنێت، کە دەبێتەوە هۆی پەیدابوونی هەمان بارودۆخی پێشوو و هەندێکجار بەدتریش.
بۆ کەسێك کە بیەوێت لە ڕاستیی ئەو بۆچوونە دڵنیا بێت، پێویست ناکات لاپەڕەکانی مێژووی خۆمان و زۆر لە گەلانی دی هەڵبداتەوە. تەنها بە سەیرکردنێکی سەرپێیی بە بارودۆخی وڵاتانی دەورووبەردا، ئەو ڕاستییە وەکو ڕۆژی ڕوون دەیبینێت، کە دروشم و دروشمبازی بڕووخێ و بمرێ چ کارەساتێکی بەسەریاندا هێناوە و چۆن لە بری فەراهەمبوونی ئازادیی تاك، تووشی سەرلێشێوان و نامۆییەکی وا کراوە، کە زۆر بە ئاسانی دەستی بچێتە خوێن و لاشەی ئەوی لەونەچوو و هەنجڕ هەنجڕی بکات.
ناسیاوێکم کە خەڵکی لیبیایە و هەموو تەمەنی یەك سەنت سوودی لە موعەممەر قەززافی و دەوڵەتی لیبیا وەرنەگرتووە، تا بەلایەنگیری ئەو بێتە هەژمار (وەکو ئەوەی کە ئێستا هەندێك کەس و لایەنی کوردستان، بە ئاسانی ئەو تۆمەتانە بە هەموو ئەوانەدا پەخش دەکەن کە وەکو ئەوان بیر ناکەنەوە). ئەم پیاوە کە لە کاتی فەرمانداریی قەززافیدا لەبەرەی ئۆپۆزیسیۆنیشدا بوو، بەڵام ئێستا باسی کارەسات و ماڵوێرانییەك دەکات کە بەسەر وڵاتەکەیدا هاتووە، جەرگی مرۆڤی پێ دەبێت بە ئاو. ئێستا لەوێ ئەو گوتەنی؛ لەبری ڕووباری مەزن، کە بە گەورەترین پڕۆژەی دەرهێنان و گواستنەوەی ئاوی شیرین لە جیهاندا دەژمێرررێت، ڕووبارێکی خوێنی وا هەستاوە، کەس نازانێت کەی دەگیرسێتەوە، ئەمەش گوایە دیکتاتۆرێك لەنێوبراوە.
دەزانم کە لە وڵاتی مندا، بارێکی ناسازی پڕ لە کێشە و نەبوونی دادی کۆمەڵایەتی، ڕووبەرێکی فراوانی ژیانی کۆمەڵگای گرتۆتەوە.  بە سەدان و هەزاران جاریش باسی ئەمە کراوە و کەسانێکی زۆر لە هەستی پاك و بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر، تێزی جیاوازیان لەو روووەوە بەیان کردووە. دڵنیایشم ئەوە هەرچۆنێك بێت ئەگەر بە هێندێکی کەمیش بێت، سوودی خۆی هەبووە و هەیە. ئەدی ئەوە نییە لەگەڵ ئەو هەموو ناڕەزایەتیبوونە هێمنانەی (هەندێك ناوچە) و خۆپیشاندانە تووڕەبوونانەی (هەندێك ناوچە)ی تردا، هێشتا زۆرینەی تاکەکانی ئەم نەتەوەیە پەیوەستن بە دامودەزگا و وڵاتی خۆیان و نایانەوێت بخزێنرێنە ناو ئەو بۆگەناوەی ناوی کێشەی ئێراقە، کە لە سەردەمانی سۆمەر، ئاکاد، ئاشوری، کلدان، گۆتی و لۆلۆ و مادەوە تا دەگاتە جەنگی نەبڕاوەی نێوان شیعە و سوننە بە ئێستایشەوە، بەردەوامە.

ئەوەی مایەی سەسوڕمان و تەنانەت واقوڕمانیشە، کەسانێكی بەرپرس، کە خۆیان بە هەڵگری بیرکردنەوەی ئازاد، پەیامی مافی مرۆڤ، مافی ئافرەت و منداڵ ....تاد. دەزانن، چۆن بەهانە بە خۆیان دەدەن، ئەم نەتەوەیەی کە خەریکە لە تەوقی ئەو کەلتوورە شەڕئەنگێزە پڕ لە ناشیرینی و خوێنە خۆی قوتار دەکات، ڕاکێش بکەنەوە بۆ ئەو زەلکاوە.
ئەوە چ ئاوەزێكە، کە ناکۆکی و دنیابینیی جیاواز، کەسێکی کورد، نەخوازەڵڵا خۆ بە خوێندەوارزان، وا لێبکات کە وا بزانێت یان وای نیشان بدات، کە ئاسوودەیی نەتەوەکەی لەلای کەسانێکە، کە لە باشترین باردا خاوەن ئایدیایەکی گشتگیری وان، کە کوردی لەوان نەچوو، بە مەوالی دەزانن. مێژوویش دەیان جار بۆمانی سەلماندووە، کە ئەوان، مەوالی (یان مامۆستا حەکیمی کاکەوەیس گوتەنی؛ جاش موسوڵمانەکان) بە پلەیەکی زۆر نزمتر لە خۆیان زانیوە و دەزانن. باشترین نموونەش کە لە سەردەمە زێڕینەکانی ئیسلامدا ڕوویداوە، سەربڕینی بێهزادیان (ئەبوموسلیمی خۆراسانی) بوو، کە بە دامەزرێنەری خەلافەتی عەباسییه‌کان دادەنرێت، لە لایەن خەلیفەی عەباسی ئەبوجەعفەری مەنسوورەوە، کە بە پلانێکی نامەردانەی لە خۆیان وەشاوە لە ماڵ و بارەگای خۆیدا جێبەجێی کرد (سەرچاوە؛ کتێبی وەفیاتولئەعیانی ئیبن خەلەکانی ئەربیلی).

با ئەوان گوتەنی؛ کوردی بێ مووچە و بێ کارەبا، ڕابکێشنەوە ژێر ڕەحمەتی شمشێرە ژەنگاوییەکانی نەوەکانی مەنسوور، ئەوجا دەزانن نەك مووچە و کارەبا، بەڵکو بەهەشتێکی پڕ شارستانێتی و پێشکەوتن و ڕۆشنگەرایی وایان بۆ دەسازێنن، کە دروشمی سەرەکی تیایدا، ئەو هۆنراوەیە دەبێت کە شاعیری دەربار، ئەبودولامە، بەسەر لاشەی لەتوپەتکراوی ئەبوموسلیمی خۆراسانیدا هەڵیداوە؛
أبا مـجرم مـا غـیر اللـه نعمــــــة
على عبـده حتى یغیـرها العبـــد
أفی دولة المنصور حاولت غدره
ألا إن أهـل الغـدر آباؤك الكــرد
ماناکەی؛
باوكی تاوان (یان خاوەنی تاوان)، خودا نیعمه‌تی له‌سه‌ر به‌نده‌ی خۆی نه‌گۆڕیوه، تاوه‌کو ئه‌و به‌نده‌یه بیگۆڕێت. ئایا له ده‌وڵه‌تی مه‌نسووردا هه‌وڵی ناپاکی (غه‌در)کردنت له‌و داوه، به‌ڕاستی خاوه‌نانی ناپاکی باوانه کورده‌که‌ی خۆتن (سەرچاوەکەی سەرەوە).

ئەز هێندە ناحاڵی و ڕەگەزپەرست نیم، کە لەسەر ئەو کارە ناڕەوا پڕ لە شەرمەزارییەی مەنسوور بەرانبەر خۆراسانی کردی، داوای دادگایی نەوەکانی بکەم. بەڵام کە ئەوان جگە لەوەی باوانی من بە ئەهلی ناپاکی دەزانن و هەردوێنێیش بوو بە ناوی ئەنفالەوە سەدان هەزار کوردیان زیندەبەچاڵ کرد و دەستدرێژییان کردە سەر هەزاران پاکیزەی نەتەوەکەم، لەوەش بترازێ تا ئێستایش ئەو مافەم پێ ڕەوا نابینن کە مرۆڤێکی ئاسایی بم و بە ویستی خۆم دنیابینیی خۆم لە زێدی خۆمدا پیادە بکەم، ئیدی چۆن و بە چ ڕوویەکەوە داوای پێکەوەبوونێك لەگەڵیاندا بکەم، کە جگە لە خۆتوسلیمکردن و بچووککردنەوەم، لە هەموو بەهاکانی جوانی، شارستانێتی،..................م دادەماڵێت.

تاکی کورد، ئەگەر لە بارێکی نەشیاو و سەختیی ژیانیشدا بێت، ڕاستترین هەڵوێست بۆی ئەوەیە، کە نەفرەت لەو دەستە ناپاکانە بکات، کە سەرشۆڕانە بۆ نەیارانی مرۆڤایەتی درێژ دەکرێن و فەرموو و داوەتیان دەکەن بۆ سەر خوان و ژینگەیەك کە یەك ئۆقیانوس فرمێسك و خوێنی بۆ ڕژێنراوە، تا بەم مۆلەقەییە دروست بووە.
لە هەموو بارێکدا و لەبری ڕاکێشکردنەوەی کورد بۆ ناو دۆزەخی ئەهریمەنانەی ئێراقی پڕ لە کێشە، کە مێژوو سەلماندوویەتی هەرگیزاو هەرگیز چارە نابێت، هەڵوێستی جوامێرانە و چارەسەری بنەبڕی ئەوەیە، کە هەموو هەوڵەکان بە ئاڕاستەی سەربەخۆیی بڕۆن و تەنها ئەوەشە کلیلی چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان و بنبڕکردنی ئەو نەهامەتییانەی کە ساڵەهای ساڵە لەم کوردستانەدا بارانی فرمێسك دەبارێنێت و ڕووباری خوێن هەڵدەسێنێت.
 

هەواڵی پەیوەندیدار