٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

کاتی تێکشکاندنی کامیانە، تابۆکان یان سیمبولەکان؟

سەرچاوە: KDP.info

د.چواس حەسەن

لە سەروبەندی جەنگی جیهانی یەکەمدا، ئەو کاتەی سەرجەم نەتەوە سەرەکیەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خەونی گەورەیان بەدامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییانەوە دەبینی، ئەوە تەنها نەتەوەی کوردبوو کە خەونی بچووکی بە جۆێک لەئۆتۆنۆمی لەچوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیەوە دەبینی. کاتێکیش کەڵکەڵەی دەوڵەتی کوردیمان کەوتە سەر، ئەوکاتە بوو کە نەتەوەکانی تر کاری خۆیانیان تەواو کردبوو، ئیتر جێگایەک بۆ خەونی دەوڵەتی ئێمە لەناو سیاسەتی زلهێزەکانی ئەوسای جیهاندا نەمابۆوە. لەوەش خراپتر، هیچ شتێک نەبوو کۆمان بکاتەوە، بێ چیرۆک و تیۆری نەتەوەخوازی، بێ ئاڵا و سروود، بێ سەرکردەی ڕەمزیی سەرتاسەری، تەنانەت بێ زمانی یەکگرتووی کوردیش، ئیتر نازانم دەمانەویست خەڵک بەناوی چی و لەدەوری چی کۆبکەینەوە؟!!! نەتەوە قەوارەیەکی سرووشت کرد نیە، بەباران هەڵناتۆقێت و گەشەبکات، تەنها زمان نیە، بەڵکو قەوارەیەکی مرۆف کردە، بەجوگرافیا و زمان و مێژوو و ڕووداوەکان، بە چیرۆکی نەتەوەخوازی و تیۆریزە کردن دروست دەبێت و دادەمەزرێت. کارێکی هەروا ئاسان نیە، دونیایەک سیمبوڵ و ڕووداوو بەرخۆدانی پێ دەوێت، نەتەوەسازی دەوێت، نەک تەنها نەتەوەخوازی و بەس. داگیرکەرانی کوردستان زۆر پێش ئێمە نەتەوەسازیان کردووە و لەجەنگی یەکەمدا ئامادەبوون، بۆیە کاتێک بونیادی سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەو نەتەوەخوازی وەرسوڕا، ئەوان لەنەتەوەسازی خۆیان ببوونەوەو ئامادەبوون، سروود و ئاڵا و تیۆر و چیرۆکی نەتەوە و زمان و نووسین و جوگرافیاو ...هتدیان تەیار کردبوو، بەس مابۆوە ووڵاتانی زلهێزی جیهان، بەخۆشیان بێت یان ترشی، دانیان پێدابنێن و دەوڵەتی نەتەوەییان بەفەرمی بناسێنن. ئەوە تەنها کورد بوو، کەمینەیەکی کەمی نوخبە نەبێت، ئاگای لەو سنعەت و گۆڕانە گەورەیە نەبوو.


داگیرکەرانی کوردستان زۆر باش ئاگایان لەپرۆسەی نەتەوەسازی بوو، بۆیە لەیەکەمین رۆژی حوکمڕانیان بەسەر کوردستانی داگیرکراودا، دەستیان کرد بە داڕشتنی تابۆکانی بەردەم کورد وەک بوونی ئەسڵ و فەسڵی کورد، زمانی کوردی، نووسینی کوردی، ووشەی کوردستان، ئاڵای کوردستان، پێشمەرگە، چەک و تفەنگ بەدەست کوردەوە، سروودی کورد، ئابووری کوردستان، نەخشە و جوگرافیای کوردستان، دەوڵەتی کوردستان و هەرشتێکی دیکەش کە بۆنی نەتەوەسازی لێ بێت. لەوپێناوەشدا داگیرکەرانی کوردستان سڵیان لەهیچ نەکردەوە: بەلاڕێدابرن و تەزویرکردنی مێژوو، پێشێلکردنی سەرجەم مافە فەرهەنگیەکانمان، تا گەیشت بە زمان بڕین، سوتماک کردنی شارو دێ، هەژارکردن و برسی کردن، بگرە کۆمەڵ کوژی و ئەنفال و کیمیابارن و هەر جۆر تاوانێکی دیکەی دڕندانە. گەلی کورد بۆ گەیشتن بەئامانجی نەتەوەیی ڕەوای خۆی دەبوایە دوو پرۆسەی گەورە لەیەک کاتدا بکات: پرۆسەی


یەکەم: بەهەر نرخێک بێت تابۆکانی کە داگیرکەرانی کوردستان بۆیان دانابوو تێک بشکێنێت، بۆئەم مەبەستەش دەبوایە بۆ لەفز کردن و نووسینی هەر ووشەیەکی کوردی، بۆ هەڵگرتن و حەشاردانی تەنانەت تاقە فیشەکێکی بەرگریی، ناونانی منداڵێکی بەناوی (کوردستان) ەوە، گوێ گرتن لە سروودی نەتەوەیی کورد، بگرە ووتنی گۆرانییەکی میللیی کوردیش، باس کردنی تەنانەت ئۆتۆنۆمیش نەخوازە دەوڵەت بۆ کورد، دەبوایە هەزاران کوڕی گەنج لە جوانترین گەنجەکانی خۆی بکاتە قوربانە. پرۆسەی


دووەم: دەبوایە کورد نەتەوەسازی بکات، دەبوایە بتوانێت لەپەرش و بڵاوی سەرەتای سەدەی بیستەم دەربچێت، کوردبوون تەنها زمان و جوگرافیای دەوارنشین و خێڵە کوردیەکان نەبێت، بەڵکو مەغزایەکی تۆکمەتر و ڕوونتر و بەهێزتری هەبێت کە خۆی دەبینێتەوە لە لەمێژوویەکی یەکگرتوو، جوگرافیایەکی یەکپارچە، هەست و سۆزێکی تایبەت و گەرم بۆ یەکتری، بەرژەوەندی هاوبەش، یەک روئیا بۆ داهاتوو، یەک کار و یەک دەست لەبەرامبەر دۆست و دوژمندا.


ئەمەش پێوویستی بە کار و بەرخۆدان و تیۆریزە کردنی نەتەوەخوازی بوو، پێوویستی بەدروست کردنی سیمبوڵەکان بوو تا بەیەکەوە کۆمان بکەنەوە، پێوویستی بەپیرۆز کردنی خاکی کوردستان و زمانی کوردی بوو تا ئەوەی بەزمان بڕینیش لە گۆکردنی کوردی نەکەوین، پێوویستی بە یەک سروودیی نەتەوەیی وەک ئەی ڕقیب بوو تا بەدەم کردنە ملی پەتی سێدارەوە بیڵێینەوە، پێوویستمان بەیەک ئاڵای کوردستانی شەکاوە بوو تا ڕیزبەندی سەنگەرەکانمانی پێ دروست بکەین و بیکەینە کفنی شەهیدبوونمان، پێوویستمان بەیەک سەرکردەی کارێزمایی بوو تا بەیەک پلان بجەنگین و بەیەک پلانیش ئاشتی بەرقەرار بکەین، پێوویستمان بەپیرۆزکردنی شەهیدبوون لەپێناو نیشتمان بوو تا مردنمان پێ بەرزتر بێت وەک لەژیان. بەڵێ پێوویستمان بە سیمبوڵەکان بوو تا بتوانین تابۆکانی دوژمنان بۆیان دانبووین بشکێنین و ببینە خاوەنی یەک ناسنامە و قەوارە. ئەوەیە گرنگیی سیمبوڵەکان. کەواتە لەماوەی خەباتی ڕابردووماندا، بەدەستێک تابۆمان دەشکاند و بەدەستێکیش سیمبوڵمان دروست دەکرد، ئەوەی ئێستا پێیگەیشتووین بەرهەمی سەرکەوتنمانە لەو دووپرۆسەیەدا. بەڵێ بە دروست کردنی سیمبوڵەکانی وەک پیرۆزی شەهیدبوون لەپێناو کوردستاندا و پێشمەرگەی کوردستان و ئاڵای کوردستان و نەخشەی کوردستان و سروودی کوردستان بوو کە تابۆکانی سەر زمانی کوردی و نووسینی کوردی و حکومەتی کوردی و ئابووری کوردستان و داواکردنی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیمان شکاند، بۆیە سیمبوڵەکانمان بنەمای مانەوە و دەستکەوتەکانمانن.


ئەو ڕەوتەی ئێستا لەناو دوژمنان و ناوخۆی کوردستانیشدا دەیانەوێت بەناشیرین کردنی هەرێمی کوردستان و زڕاندنی ناوی پێشمەرگە و سووتاندنی ئاڵای کوردستان و بێڕێزی کردن بەسروودی ئەی ڕەقیب و بێبەها کردنی خوێنی شەهیدان و شەهیدبوون و کاڵکردنەوەی کارێزمایی سەرکردەکانمان سیمبوڵەکانمان تێکبشکێنن، ئەوانە هیچ نین زیاتر لە درێژەپێدانێکی بێ هودەی ئەو ڕەوتەی کە لەمەوپێش دەیانەویست تابۆ لەسەرداواکردنی هەموو مافێکی کورد دابنێن. ئەو ڕەوتەی ئێستا دەیەوێت سیمبوڵەکانمان تێک بشکێنێت لەڕاستیدا، لەژێر هەر پەردەو بیانوێکدا بێت، دەیەوێت یەکپارچەیی و یەک دەنگی و یەکڕیزیمان تێک بشکێنێت و هەمیشە بەژێردەستەیی و داگیرکراوی بمێنینەوە. دەبێت بڵێن ئێمەی کورد لەمڕۆکەدا پێوویستمان بەتێکشکاندنی تابۆکانی سەر داواکاریەکانی نەتەوەکەمانە نەک تێکشکاندنی سیمبوڵەکانمان.

هەواڵی پەیوەندیدار