گۆڕان و شكاندنى شكۆ

عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن
هه‌رچه‌نده بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی كورد له قۆناغه سه‌خته‌كاندا به‌هه‌ڵدێر و نشێوی زۆردا گوزه‌ری كردووه، به‌ڵام سه‌ختی و هه‌لدێر نه‌یتوانیوه ڕۆحی مقاوه‌مه‌تی سه‌نگه‌ر و، ئیراده‌ی خۆڕاگرتن و به‌رگه‌گرتن لای تاكی كورد كاڵ بكاته‌وه، ئاخر ئه‌وه‌ی كورد و ئه‌زموونه‌كه‌ی گه‌یاندووه‌ته ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستا، ته‌نها ئه‌و دوو ئیراده‌یه بووه.
ڕۆژه‌كانی شۆڕش و به‌رخودان هێزی پێشمه‌رگه مقاوه‌مه‌ت و گیانبازیی زۆری نواند و، خه‌ڵكی جووتیار و لادێی كوردستانیش به‌رگه‌ی گه‌مارۆی ئابووریی به‌عس و، بۆردوومانی فرۆكه و، هێرشی سوپا و جاش و، ماڵ سوتان و وێرانكاری و كوشتن و بڕینی به‌عسی گرت و، به‌هه‌ژاری و نه‌بوونی خزمه‌تی شۆڕش و پێشمه‌رگه‌ی به‌ئه‌ركی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانی و، به ئیراده‌ی به‌رگه‌گرتن توانی سه‌ده‌ی مقاوه‌مه‌ت تێپه‌ڕێنێت.
له‌كاتێكدا كه زانستناسه ئه‌مه‌ریكاییه‌كان ڕایان وایه كه میتۆدی سیاسه‌ت به‌مانای دابینكردنی به‌هاكان دێت له ڕێگای ئاكاره‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستا له گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستاندا هه‌ندیك هێزی سیاسی، كه نوخبه‌یه‌كی توندئاژۆ نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن و كۆمه‌ڵگاش له ده‌ره‌وه‌ی سروشتی خۆیه‌وه ئاراسته ده‌كه‌ن، ده‌یانه‌وێت به‌بیانووی جۆراوجۆر و له‌پێناوی شاباشێكدا، نه‌هامه‌تی و گرفته‌كانی خه‌ڵكی خۆڕاگری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه له مه‌زادخانه‌ی عێراقدا هه‌راج بكه‌ن و، به وردی كار له‌سه‌ر شێواندنی چه‌مكه‌كانی مقاوه‌مه‌تی پێشمه‌رگه و به‌رگه‌گرتنی خه‌ڵك ده‌كه‌ن. ئاخر ئه‌و ده‌نگه قه‌ڵبانه‌ی له شاشه‌كانی میدیاوه هێزی پێشمه‌رگه به‌هێزی حیزبی و میلیشیا و ده‌زانن و، شه‌ڕی دژه‌تیرۆر به‌ناڕه‌وا وه‌سف ده‌كه‌ن، مه‌به‌ستیان شكاندنی شكۆی پێشمه‌رگه و لاوازكردن و شكاندنی ڕۆحی مقاوه‌مه‌ته كه مێژویه‌كه بووه به كولتووری نه‌ته‌وه‌ییمان. خۆ ئه‌و دروشمانه‌ی ئه‌مڕۆیش له ڕێپێوانی مامۆستایانی سلێمانیدا به‌رز كرانه‌وه، هه‌وڵێكه بۆ سڕینه‌وه‌ی دروشمی نیشتیمانی (سه‌ری به‌رز بۆ مووچه نه‌وی ناكه‌ین) و، مراندنی ڕۆحی به‌رگه‌گرتن لای ئه‌و توێژه سه‌ربڵنده‌ی كوردستان.
له‌وكاته‌وه‌ی یاساكانی حامورابی له‌سه‌ر زه‌ویی عێراق شه‌رعیه‌تی به توندوتیژی دا، شارستانیه‌تی دۆڵی ڕافیده‌ین خۆی له‌سه‌ر مانفێست كرد و، به‌شێكی فراوانی كولتووری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی عێراقی داگیر كرد و، هه‌تا ئێستایش سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردن له عێراقدا له توندوتیژی دانه‌بڕاوه. بۆیه ئه‌گه‌ر ته‌ماشای یه‌ك سه‌ده‌ی ڕابردووی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له عێراقدا بكه‌ین، ئاسان تێده‌گه‌ین كه ئه‌م وڵاته ته‌نها له‌سه‌ر خۆێنی كورد یه‌كپارچه بووه و پێناسه‌شی لێوه وه‌رگرتووه، كه‌چی له‌كاتێكدا جه‌نگی تائیفی سیمای ده‌وڵه‌تداری له واقیع و مه‌یداندا لێسه‌ندووه‌ته‌وه، ئه‌مڕۆ له ناوجه‌رگه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی مامۆستایانی سه‌ربڵنددا، ئه‌و نوێنه‌ره‌ی(به‌غا)ییه‌كان حه‌سیرمه‌یدانیان پێكرد، ده‌یشیڕاند كه گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غا چاره‌سه‌ره.
وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان سه‌ده‌یه‌ك قوربانی و خه‌باتیان بۆ مووچه‌ی (به‌غا)و، بنده‌ستیی (به‌غا) كردبێت.
ئاخر ده‌بێت هه‌ڵسوڕاوان و نوێنه‌رانی گۆڕان له به‌غا، له‌به‌رده‌م ئه‌ی ڕه‌قیبی (دڵدار)دا چیی بڵێن؟، چۆن ئارام ده‌گرن كه نه‌وه‌كانی میدیا و كه‌یخوسره‌و به سێبه‌ری حه‌شد و، ریشی شۆفێنی و تائیفییه‌كان بسپێرن؟، ئاخر دڵدار به شیعر و سروود، خه‌ڵكی بۆ زانست هان ده‌دا و، له‌پێناوی سه‌ربه‌رزیی نیشتیمان‌دا لاوانی ئاماده‌ی به‌رپه‌تی سێداره ده‌كرد، كه‌چی گۆڕان و بزووتنه‌وه فاشیله‌كه‌ی له نیشتیمانی سه‌ربه‌رزه‌وه و له مه‌یدانی سه‌ربه‌خۆییدا و، له‌ناو په‌روه‌رده و زانسته‌وه، كوردستانیان بۆ باوه‌شی به‌غای تاوان هان ده‌ده‌ن، له‌كاتێكدا سه‌ده‌یه‌كه ئیسك و پروسك بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌به‌خشین.
باشتر وایه نوێنه‌رانی گۆڕان له (به‌غا)، ئه‌زموون له (فه‌تلاوی) و (عالیه)ی هاوپیشه و دۆستیان وه‌ربگرن، ئایا ئه‌و كاته‌ی عێراقییه‌كان له گه‌رمه‌ی جه‌نگی مه‌زهه‌بیدا تێزاب به قورگی یه‌كدیدا ده‌كه‌ن و به (درێڵ) سه‌ری یه‌كتر كون ده‌كه‌ن، ئه‌وان دژی سیاده‌ی به‌زۆر دروستكراوی عێراق قسه‌یه‌كیان هه‌یه؟، به‌دڵنیاییه‌وه نه‌خێر. ئه‌و عێراقه‌ی له عه‌فله‌قه‌وه بۆ مالیكی، خاكی گوڵ تیایدا بووه به‌خوێن، هه‌ر جێگه‌ی ئیفتخاری نوێنه‌ره عه‌ره‌به‌كانی پارله‌مان و ڕۆشنبیر و سیاسه‌تمه‌دانی عێراقه.




