٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

هەرێمی کوردستان لەگەڵ گفتوگۆیەکی بەرهەمهێنە

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

هەرێم کوردستان پڕۆژەی پێکهێنانی دەوڵەتی کوردستانی بەشێوەیەکی جیددی خستووه‌تە بەردەم رای گشتیی کوردستان و هەتا عێراقیش. گەردەلوولێکی سیاسیی گەورە بەرێوەیە، گریمانەی ئاڵۆگۆڕی پراگماتیکی دەکرێت، رەچاو دەکرێت لە شەڕی جیهانیی دژەتیرۆر نەخشەی رۆژهەڵاتی ناڤینیش بەشێوەیەکی نوێ دابڕێژرێتەوە. ئەمجارە گەلی کوردستان بەپێی هەموو پێورە مرۆیی و سیاسی و نێودەوڵەتییەکانیش لەبارترین پێکهاتەی ناوچەکەیە سودمەند بێت.
لەمبارەوە هەڵوێستی شیعەی حوکمدار لە بەغدا گرینگە، ئایا چەندە دەتوانن واقیعی دوای داعش هەزم بکەن؟ کە مەزەندە دەکرێت، عێراق بە سیستەمێکی نوێتر لە فیدرالی بەرێوە بچێت، مەسەلەکە بەتەنیا پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو کێشە گەورەکە دیارکردنی چارەنووسی سوننەی بێهێزی عاقڵبووی دەستەمۆ کراوە. فیدرالی تاکە سیستەمی بەکردەوەیە بۆ بەدیهێنانی عەدالەت و هاوسەنگی لە دەسەڵاتدا لەنێوان دوو نەتەوە لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتدا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست پیادە کرابێت، لە کردەوەدا سیستەمەکە نەیتوانی کۆتایی بەهەموو کێشە مرۆیی و جوگرافی و ئابووری و سەربازی و ئەمنییەکان بهێنێت و، دەسەڵاتدارییەکی یەکسان و هاوسەنگ دروست بکات. کاتێک نەبوونی متمانە و هاوسەنگیی دەسەڵات لەنێوان سوننە و شیعەدا، بووە هۆی سەرهەڵدانی شەڕی تایفی، بەدوور نازانرێت دوای داعشیش ئەم شەڕە بەشێوازێکی نوێتر بەرێوە ببرێت و حەشدی شەعبییش، کە ئێران سەرکردایەتی دەکات، ئامادەیە بۆ شەڕ، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی پێگە و فراوانبوونی سنووری دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمیش، میلیشیا شیعییەکان و هێزە  چەکدارە دەرەکییەکانی نزیک ئێران بەکار بهێنرێت.
هێزەکانی پێشمەرگە لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییشدا توانا سەربازیی و پێگەی یاسایی لە گەشەکردنە، سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک سازش لەمەڕ پێشمەرگە ناکات، کە لەهەر گفتوگۆیەکی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی بیرۆکەی دەوڵەتی کوردستانی رۆڵی دەبێت، هەروەها پێشمەرگە هۆکارێکی بەهێزی بنەماکانی دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرنیشە، سەرباری ئەزموون و لێهاتوویی ئەم هێزانە بۆ داکۆکی لە هەرێم لەبەرانبەر هەر کردەوەیەکی دوژمنکارانەدا.
رۆڵی تورکیا و ئێران وەکو تەبایی و لێکگەیشتنی ناوخۆیی هێزە کوردییەکان لەبارەی  پڕۆژەی دەوڵەتی کوردستان گرینگە، تورکیا کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیی و دەرەکی هەیە، لەهەمان کاتدا جۆرێک دڵنیاییان هەیە، کە دەوڵەتی کوردستان بەم بنەمایەی ئێستا نابێتە مەترسی بۆ ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا. بۆیە دەوڵەتێکی دراوسێی نوێ گونجاوترە لەوەی، عێراقێکی بەهێزی شیعی ناحەزی تورکیا هەبێت، کە هاوپەیمانی پەکەکە و هێزە هەرێمایەتییەكانی دژی تورکیا بێت. ئێرانیش لەتەک ئەوەی بڕوای بەوە هەیە، کە هەرێمی کوردستان بەرەو ئەمری واقیعی دەوڵەت لەناو دەوڵەتی عێراقدا دەچێت، بەڵام ئەو نیازی هەیە، هەرێم بکاتە دوو بەشه‌وه‌، بەشێک هاوپەیمانی بەغدای شیعە و پڕۆژەی ئەوان بێت، هەروەها لەکاتی پێکهێنانی هەر کیانێکی کوردستانیی نوێ، ئەم کیانە لەناوخۆیدا سەقامیگر و بەهێز و یەکگرتوو نەبێت، بەلای کەمەوە هەولێریش لە دەرەوەی بەرژەوەندیی سیاسەتی شیعگەرایی ئێران و هاوپەیمانەکانی نەبێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ رۆژئاوا و ئیسلامی سوننەدا بەرتەسک بکرێتەوە.
بێگومان هەرێمی کوردستان بەئاڕاستەی گفتوگۆیەکی بەرهەمهێن لەگەڵ بەغدا و تاران و ئەنقەرە کار دەکات، لەبیری نەکەین هەرێم کێشە و قەیرانی زۆرە، بەڵام هێشتا پێگەی هەولێر هێندە لاواز و خراپ نییە، دەرفەتی مانۆڕ و دانوستان و سودوەرگرتن لەکات و وەرەقە گرینگەکانی ناوچەکەی نەبێت.
 

هەواڵی پەیوەندیدار