پێشڕەویی سوپای عێراق بە پشتی پێشمەرگە

ئاریان فەرەج
لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵدا، ئەركی پێشمەرگە كەوتە پێش ئەركی سوپای عێراقەوە. ئاخر دەبوا پێشمەرگە دەروازەكانی مووسڵ بۆ سوپا واڵا بكات و رێگاكانی بۆ خۆش بكات تا سوپا بتوانێ بە كوردستاندا تێپەڕێ و بەرەو شارۆچكەكانی دەوروبەری مووسڵ و دواجاریش بەرەو مەركەزی پارێزگاكە پێشڕەوی بكات.
ئەم نەخش و رۆڵەی پێشمەرگە نەبوایە كە سەرۆك بارزانی راستەوخۆ سەرپەرشتیی دەكرد، مەحاڵ بوو سوپای عێراق بگاتە تخوبەكانی مووسڵ.
پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە لە دەسپێكی ئۆپەراسیۆنەكەدا و ئەنجامدانی ئەركەكانی كە بەپێی رێكکەوتنێكی سیاسی و عەسكەریی پێشوەختە نەخشێنرابوو، بە ماوەیەكی كەم و خێراییەكی قیاسی، ئەركی سوپای ئاسان كرد و ورەی هێرش و هەڵمەتی پێ بەخشی. شكاندنی هێڵی یەكەمی بەرگریی داعش لە لایەن پێشمەرگەوە بە كەمترین كات، ورەی تیرۆریستانی لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەكەوە شكاند و بۆ تێكڕای هێزە هاوبەشەكانیش ورەبەخش بوو.
ئێستا كە سوپا و هێزەكانی دژەتیرۆری عێراقی بێ سڵەمینەوە هەڵمەت دەبەن و رۆژانە پێشڕەوی زیاتر دەكەن و خاكی زیاتر لە داعش دەستێننەوە، دڵنیان كە پێشمەرگە پشتی قایم كردوون و بێ خەمن لە هەر دزەكردن و بادانەوەیەكی داعش.
رۆڵی پێشمەرگەی كوردستان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادی مووسڵدا لە هەموو روویەكەوە جێی شانازی و سەربڵندییە و لای هاوپەیمانانیش نموونەی پایەندییە بەو نەخشە و بەرنامە عەسكەرییەی رێكکەوتنی لەبارەوە كرابوو.
پێشمەرگە جیا لەوەی دوابستە زەمینی كوردستانی لەو جەبهەیەوە لە داعش پاك كردەوە و گەیشتەوە دوایین سنووری كوردستان، بۆ هەموو لایەكیشی سەلماند كە هێزێكی نیزامی خاوەن دیسپلین و پابەندی بڕیارە.
هاوكات لە ئازادكردنی خاك و پاراستن و بەهاناوەچونی خەڵكی مەدەنی و لاشەڕیشدا نموونەیەكی بەرزی نیشان دا كە باقیی هێزەكان چاوی لێبكەن. بە ئازادكردنی ناوچەكانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكانیش مانایەكی نوێی بە هاوژیانی و لێبوردەیی ئایینی و نەتەوەیی و ئایینزایی بەخشی كە داعش و توندرۆیانی مەزهەبیی دیكە بە تەواوی لەبەینیان بردبوو.
پێشمەرگە بەو رۆڵە سەربەرزانەیە، خەڵكانی حەسود و دۆڕاو و درۆزنی وەك مالیكی و هاوشێوەكانی هێندەی دیكە مایەپوچ كرد و جارێكی دیكە ئەو وێنە جوانەی پێشمەرگەی نیشانی تێكڕای خەڵكی عێراق دایەوە كە مالیكی و مەزهەبخوازەكانی هاوكوفی دەیانویست ناشرینی بكەن.
سەركەوتنەكانی تا ئێستای ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بەرهەمی رێكکەوتنی سەربازی و سیاسیی نێوان عێراق و كوردستان و هاوپەیمانانە.
بەرهەمی قارەمانێتی و دیسپلن و رۆڵی مەردانەی پێشمەرگەیە كە هەر لە سەرەتاوە نەخشەی سەركەوتنی رەسم كرد.
نەخشی پێشمەرگە لەم ئۆپەراسیۆنەدا، هێندەی دیكە ناو و پێگە و ئیعتباری پێشمەرگەی بەرز كردەوە و ئەمجارە بۆ عێراقییەكانیش سەلمێندرا كە بەبێ پێشمەرگە تێكشكاندنی داعش مەحاڵە.




