كورد له ستراتیژی توركیا و ئێراندا

رێكان سەباح
هەر وڵاتێك لە سۆنگەی ستراتیژی خۆیهوه مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكان دەكات و هاورێگایە لەگەڵ ئاڵوگۆڕی ناوچەكە، ئەوەی بۆتە جێگای سەرسورمان، نەدۆزینەوەی ئامرازە سیاسیەكانە، یان باشتر بلێم تێنەگەیشتنی ئاوازە سیاسیەكانە لەكوردستان بەتایبەتی بۆ هەندێك جووڵەی گۆماناوی و بەیەكەوە بەستراوی هێزی سیاسی لەگەڵ ناوەندێكی ئیقلیمی بەتایبەتی ئێران، كە ئاراستەی دژایەتییەكانی لەسەر بنەمایەكی بەتاڵ بۆ كورد خۆی دەسەلمێنێت، ئەمەش لەروانگەی سیاسی پێی دەگوترێت، (سەربازی بێ سنوری ئەو وڵاتە لەداشی ستراتیژی ئێران) ئاخر ناكرێت تۆ لەسەر بنەمایەكی بەتاڵ و وێران لە روئیا دا خۆت ببەستیتەوە بە هێزێك كە ئاراستە سیاسی و ستراتیژیەكەی (سفر حەقتە)، هیچ دەرەچەیەكی مانەوەت وەك نەتەوە و قەوارەی سیاسیی ئیسپاتی نییە لە ستراتیژی و پرۆژەكانیدا بۆ كورد، بەهەمان شێوە هەستیاریی مامەڵەكردن لەگەڵ توركیایش بۆ كورد خوێندنەوەیەكی عەقڵانی و سەلیقەیییە، ئەم خوێنەوەیە توانایەكی ئاسانی سیاسی تێپەڕ دەكات و ئیلا ئەو رەقەمە سیاسییە ئەو خوێندنەوەیە یان ئەو هەستیارییە دەستەبەر دەكات كە دەتوانێت لە رووی ستراتیژی توركیاوە پرۆژەی ستراتیژی خۆی هاوتەریب بكات، زەمانەتی سەقامگیری بۆ ناوچەكە دەسەبەر بكات، لێرەیە پەكەكە توانای پێشبینی جووڵەی توركیایی نییە و بەردەوام لەوپەڕی سەركەوتنەوە لە خاڵی سفردا خۆی دەبینێتەوە، ئەمەشە وامان لێدەكات لەوە تێبگەین دژایەتی و دۆستایەتیی ئەو دابەشبوونە لە كوردستان، لەسەر بنەمای عەقڵانیەتی سیاسی نییە، بەڵكو لە بەتاڵیی روانگای سیاسی و نەبوونی ستراتیژێك و پرۆژەیەكی روونی ئەو هێزانە وێنەی بووە، كە بوونەتە داشی بێ سنووری ئیقلیمى.
پەیوەندییەكانی توركیا و دژایەتییەكانی
ئەوەی تاوەكو ئێستا لە هەڵوێست و ستراتیژی توركیا دەبینرێت و دەبیسترێت لە بەرپرسانی باڵای توركیا چ لە قۆناغی ستراتیژیی ئەحمەد داوودئۆغڵودا چ لە سەردەمی دەستەمۆبوونی توركیا لە عەقلی ئەردۆگاندا، ستراتیژی توركیا پەیوەند بە كورد ستراتیژێكی رەتكردنەوە و پرۆژەی سوڵتانی نییە، چونكە توركیا نە بە ئاراستەی سڵتانیەت و عوسمانیەت هەنگاو دەنێت نە ئەو سیاسەتەی گرتووهتە بەر، ئەوەندەی بە ئاراستەی ئیمپراتۆری ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیەوێت هەنگاو بنێت. ئەوانەی وا بۆ چوونە، لە هەڵە و سادەبیریی سیاسیدا دەژین و ههڵبهت لەناو هەندێك هێزدا ئەم ساویلكەیە تاو دراوە كە خۆی لە چەقی بێ ڕوانگایی سیاسی و ناكامڵیی عەقل وهبهر هاتووە، چونكە توركیا لە ئاڵوگۆڕەكاندا، ئەوەندەی بە ئاراستەی بەرێوەبردن هەنگاو دەنێت ئەوەندە شوناسى قەوارەكانی بۆ گرینگ نییە لە ڕووی خاكەوه، بە نموونە، ئەردۆگان و ستراتیژیەتی توركیا بۆ سووریا ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و بوونی هێزەكانی دەسەڵاتی بە لاوە گرینگە، نەك دابەشبوونەكانی خاكی سووریا، پێشتر لە زاری ئەحمەد داوودئۆغڵو ئامانجی روونی ستراتیژی توركیا كە ئێستایش بەركارە، روون كرایەوە كاتێك گوتی، كێشەی ئێمە لە بوونی قەوارهیەكی كوردی نییە لە سووریا ئەوەندی بەلای ئێمەوە رەنگی سەرداری قەوارەكە گرینگە، دانوستاندنەكان و گفتوگۆكانی ساڵح موسلیم و توركیایش ئەو شایەتییە دەدەن، كە ستراتیژی توركیا شێواز و بەرێوەبردن دەكاتە ئامانج و كێشەی لەگەڵ جۆر و رەنگی بەڕێوەبردن هەیە نەك شوناسی قەوارەكە. ئەگەرچی ڕوانگای توركیا لە سووریا و توركیا و عێراق بۆ كورد جیاوازیی هەیە، بەڵام دەبێت ئەوە باش هەست پێ بكەین، كە توركیا لە ناوەخۆی وڵاتدا راستە نوێنەرایەتییەكی زۆرینەی كورد دەكات بەپێی دواداتا هەڵبژاردن لە شارە كوردییەكان، بەڵام تاوەكو ئێستا ڕوانگای روونی بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە دەرەوەی پەكەكەدا نییە، پەكەكە لە چارەسەری كێشەی كورددا لە توركیا كردووهتە ئامانجی چارەسەرنەكردنی پرسی كورد، ئەمەشە وا لە بارزانی دەكات بەردەوام هەم لەبەرانبەر پەكەكە و توركیادا بەیەك جۆرە ئاراستە هەنگاو بنێت، چارەسەری كێشەی كورد تەنها لە رێگای ئاشتی دەستبەر دەبێت و بۆ هەردوو نەتەوەی كورد و تورك، سەد ساڵی ئاشتی باشتره لە 2 سهعاتی شەڕ.
بەڵام پەیوەند بە سووریا و رۆژئاوای كوردستان، بوونی ستراتیژی توركیا بە تەواوی تێكەڵ و ئاڵۆزە كە دەبێت وردتر خوێندنەوەی بۆ بكرێت، كە ئایا توركیای پاش كودەتا بۆ رۆژئاوای كوردستان بەدیاریكراوی كورد و خاكى كوردستان دەكاتە هەدەف یان پەكەكە و باڵەكەی لەو بەشە، چونكە كێشەكە تەنها لە ستراتیژی توركیادا نییە، ئەوەندەی پەیوەندی بە ناڕوونیى پێگەی پەكەكەشەوە هەیە لەو بەشە، كە هیچ ڕوانگایهكی سیاسی و ئیداری بۆ ئەو هەڵە مێژووییەی رۆژئاوای كوردستان نییە، تا ئەو چركەساتە نازانرێت پەكەكە مەبەستی لە رۆژئاوای كوردستان رزگاركردنی كورد و بە ڕزگاری هێشتنەوەی ئەو بەشەی كوردستانە، هاوشێوەی باشووری كوردستان، یان ئامانجی بەكارهێنانیەتی بۆ دژایەتیی توركیا. چونكە پەكەكە هێشتا نەیتوانیوە، وێنەیەكی تێگەیشتوو بە مەحكومبوونی جوگرافیای رۆژئاوای كوردستان بە هاوسێی توركیا بدات بۆ دەستەبەركردنی زەمانەتی مانەوەی وەك دراوسێیەكی باش بۆ توركیا ئامن بكات لەپێناوی مانەوەی رۆژئاوای كوردستان، چونكە تا ئەو چركەساتە بەپێی تایبەتمەندیی سیاسیی بەشە دابەشبووهكانی كوردستان، نەیتوانیوە خۆی لە سیاسەتێكی جیاواز لە دوو بەشی كوردستان بهرجهسته بكا. ئەوەی لە رۆژئاوای كوردستان دەبیندرێت، ئەوەشی لە باكووری كوردستان دەبینرێت یەك هێزی سیاسییە و یەك ئاراستەی سیاسییشی هەیە، ئەویش بەئامانجگرتنی توركیایە، هیچ جیاوازییەك لە بوونی پەكەكە و پەیەدەدا نابیندرێت. ئەم خەلەلە سیاسییە رەوایەتی دەدات بە قۆزتنەوەی دەرفەت بۆ توركیا!، هیچ متمانەیەكی سیاسی نەك بۆ توركیا بەڵكو بۆ هێزە كوردییەكانی سووریا و هەرێمی كوردستانیش دەستەبەر نەبوو، بۆیە دەكەوینە بەردەم ئاڵۆزییەكی سەخت بۆ لێكجیاكردنەوە، كە بپرسن گەلۆ ستراتیژی توركیا و ئامانجی پەكەكە لە سووریا و رۆژئاوای كوردستان چییە؟؟
لەبارەی باشووری كوردستان و ستراتیژیەتی توركیایشهوه ئەگەرچی سەرۆك بارزانی ئەو ژمارە قورسە هەڵكەوتووەی كوردە كە دەتوانێت هاوتەریب بێت و بەرژەوندیی كورد و كوردستان دەستەبەر بكات لە ئاراستەبوونی توركیادا، لەگەڵ ئەوەشدا لۆژیكی سیاسیی بارزانی دەستەبەركردنی هاوسەنگیی هێزی لە كوردستان راگرتووە، لەنێوان توركیا و ئێراندا، كێشەی شەوگوێرەكانی نەیارانی بارزانی ئەوەیە، تێڕوانین دونیابینیی رۆشنیان نییە پێوهست به پەیوەندی نێوان بارزانی و توركیا، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەنگاوێكی ناعقڵانی و ناكامڵی و تاریكدا دەژین لەهەمبەر توركیا، هەموویشیان لە دژایەتیی توركیادا پەروەردەی دوو دەلاقەی تەسكی سیاسین، دلاقەی یەكەم: دژایەتیی توركیا بە ئیستفزازی پارتی تێگەیشتوون، دووەم: خوێندنەوەی توركیا لە پەنجەرەی قەندیلهوه كە خۆی گرفتی نەخوێندنەوەی توركیای هەیە، هەردوو دەلاقەكەشیان لە عەقڵی دژایەتیی توركیا بۆ ههڵكشانی باڵانسی ئێران دێت لە عێراقدا، بۆیە ئەو هێزانە تەنها بەیەك وەشە دەوێرن ئەویش پارتی پاشكۆی توركیایە!، بەڵام لە حەقیقەتدا ئەوەی دەبیندرێت لەنێوان پارتی و توركیادا تێگەیشتنی سیاسیی قووڵی نێوان توركیا و بارزانییه، چونكە بارزانی باش لە هەستیاریی توركیا و ستراتیژی توركیا تێدەگات، توركیایش باش لە پێگەی بارزانی تێدەگات، كێشەی توركیایش ئەو زەمانەتەیە كە بارزانی لە ئاراستەكانی بەردەوام وهبەرگوێی توركیا دەدات كە ستاتۆی كورد لە هەر پارچەیەكی كوردستاندا لایهنی پاراستنی ئاسایشی ناوچەكەیە، كورد فاكتەری ئاشتی و ئاسایشە.
ئەوەی كە سەیر و جێگای سەرسورمانە، خۆبەستنەوەی هێزی كوردییه بەئێرانهوه، چونكە ستراتیژ و پرۆژەی ئێرانی دەستەبەركردنی پرۆژەی كۆنفیدراسیۆنی شیعەستانە، كە پێی دەگوترێت هیلالی شیعی، واتا بەستنەوەی وڵاتانی سووریا و عێراقە بە پرۆژەی ستراتیژی ئێران، ئەمەش لە ئێرانی ئێستادا دەستەبەر بووە كە دەیەوێت سەربكێشێت بۆ تەواوی ناوچەكە، واتا وێنەی ئێران وێنەی هەمان پرۆژەی ستراتیژی ئێرانییە كە هەوڵ دەدات لە ناوچەكەدا جێبەجێی بكات، ئەم پرۆژە ستراتیژیەی ئێران بەرێوەبردنی بەئامانج ناگرێت بەڵكو ئامانجی ستراتیژیی ئێران خاكی ئەو دوو وڵاتەیە بە رۆژئاوا و باشووری كوردستانیشهوه، رێك پێچەوانەی توركیایە، بۆیە ئێران نە دەتوانرێت لەگەڵی هەڵكەیت وەكو هێزێكی سەربەخۆ و خاوەن پرۆژەی سەروهریی نەتەوەیی، نەدەتوانیت ئێران نادیدە بگریت، كەوایە پرسیار ئەوەیە، ئایا ستراتیژی ئێران بۆ كوردەكانی باشووری كوردستان چییە؟
وەڵامی ئەو پرسیار ئەگەرچی زۆر ئاسان و سادەیە، بەڵام باشترین رێگا پرسینە لە حزبێكی رۆژهەڵاتی كوردستان، كە دەتوانێت زۆر راشكاوانە وێنای رۆژهەڵاتی كوردستانت بۆ بكا لە پرۆژەی ئێران بۆ باشووری كوردستان، واتا پرۆژەی ستراتیژیی ئێران بۆ عێراق و كوردستان بەتایبەتی، ئەگەر قاڵبێكی ئێستا رۆژهەڵاتی كوردستانیشی بدهیتێ بێگومان ئەو مافەی ئێستای رۆژهەڵاتی كوردستان لە پرۆژەی ستراتیژیی ئێران بۆ باشووری كوردستان زیاتر نییە، بۆیە هیچ عەقلێكی سیاسی و كامڵ ناتوانێت لەتەك ئێراندا بانگەشەی پەیوەندیی دورستی سیاسی بكات، بەرپێگرتنی ئێرانیش تەنها و تەنها لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە دەكرێت، هەروەك چۆن ئاراستەی ستراتیژی ئێران لە باشووری كوردستان لە قاڵبی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرتەسكترە بۆ هەموو بەشەكانی تر بەتایبەتی بۆ رۆژئاوای كوردستانیش هەمان وێنەیە.
ئەوەی لە ئێران دەبیندرێت و دەخوێندرێتەوە، پەیوەندی نییە، بەڵكو بەپاشكۆكردنی هێزی سیاسییە هیچ كاتێك ئێران بەتەمای پەیوەندیی سیاسی نییە لەگەڵ كورد، وەك چۆن لەگەڵ شیعەش و سوننەش بەتەمای ئەو پەیوەندییە رێزلێگریاوە نییە، ئێران لە پەیوەندیدا لەگەڵ هێزەكان لە چوارچێوەی بەپاشكۆكردن و كۆنترۆڵكردن بۆ فیدراسیۆنی شیعەستان زیاتر هیچ كات ناتوانێت وەك پرۆژەی مەزهەبی و ئایدۆلۆژی لە پەیوەندییەكی دروستدا بژیێت، پەیوەندی نێوان ئێران و گرووپە شیعەكانی عێراق و لوبنان نموونەی بەرچاون.
بۆیە دەبێت كوردستان خۆی لەو پەیوەندییە بپارێزێت كە خاك دەكاتە ئامانج و ستراتیژییەكەی بەستراوەتەوە بە دەستەمۆكردنی خاك و خەڵك بۆ پرۆژەی فراوانكردنی سنوورەكانی.




