بۆ دختۆر شێركۆ

ئازاد سەعید شەریف
لە گۆشەكەی خۆیدا لە ژمارەی رۆژی 25/10/2016 ی كوردستانی نوێ، دكتۆر شێركۆ عەبدوڵڵا بەپێی تێڕوانینی ئێستای باڵێك كە راگەیاندنی یەكێیتیی قۆرخ كردووە، تیر و توانجی لە سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان گرتووە، هەر لەسەرەتاوە باس لەوە دەكات (كورد و تەبایی) پێكەوە ناگونجێن، بەڵام خۆی دێت دڵی مەسئولی باڵەكەی خۆش دەكات، چونكە پاڵەوانیەتی و ئازایەتیی لەو دەڤەرەی حەنان فەتلاوی بە قیبلەی دەزانێ، ئەوەیە، جوێن بە پارتی بدەی، راستەوخۆ پلەی رۆشنبیریت چەند نەجمەیەك دەچێتەسەر.
جا وەرن سەیری ئەو دكتۆر شێركۆیە بكەن، بزانن تەبایی لای ئەو چۆنە، هەر شتێك پارتی بیكات ئەوە دەبێ بۆ پێچەوانەكەی بگەڕێ، تا دڵی مەسئول باڵ خۆش بكات، چوون بۆ بەغدا بۆ بڕینی قوتی خەڵكی كوردستان سەفەری دیپلۆماسییە، بەڵام سەفەری شاندێكی گەورەوگرانی هەرێم، چوونەوە بەر قاپی بەغدایە، بۆ زیاتر خۆ ئیسپاتكردن لە رێی قسەگوتن بە پارتی دەڵێ، جەریدەی خەبات و مەدا بۆ سفرە باشن، وەك ئەوەی ئەو جەریدەیەی دكتۆر شێركۆ تیایدا دڵی مەسئولی باڵەكەی خۆش دەكات فەتحی قوستەنتینییەی كردبێت، خەبات دیارە لەبەرئەوە ناوی هێناوە زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستانە، جەریدەی مەداش لەبەرئەوەیە خاوەنەكەی ساڵانە لە هەولێر پێشانگای كتێب دەكاتەوە و مەرحەبایەكی هەولێر دەكات، خەبات ئەگەر بۆ سفرەش بێت مادام خزمەتێكە هەر باشە، هەرچەندە چارەنووسی هەموو رۆژنامەیەك دوای خوێندنەوە هەر ئەوەیە بكرێتە سفرە، بەڵام رۆژنامە ئەو دەورەی هەبێ باشە، نەك دەوری فیتنەگێڕان و گاڵتەكردن بە رۆژئاوا وەك خۆی بە غەرب ناوی دەبات.
لە شوێنێكی تر وەك ئاماژەیەك بۆ سەرۆك بارزانی دەڵێ:
ئەو نە بسماركە نە كیسنجەرە
كەچی ئەمڕۆكە زۆر موعتەبەرە
بەبێ ئەو پەنجە ناكەن بە ئاوا
ئێمە نایناسین یان غەرب كەرە؟
دكتۆر شێركۆ جوان دەیهۆنێتەوە، ئاخر ئەو دەزانێ چ خاكێك نیسك دێنێ، چونكە دڵی كەسێك خۆش دەكات، باكی بەوە نییە دڵی هەزاران كەس بشكێ، ئاخر شێركۆ نا، ئەوەی ئەو دكتۆرە بۆی تێدەكوشێ، ترسی ئەوەی هەیە ئەو كەسە رۆڵی بسماركی هەبێت، بۆیە گلەیی دەكات كە بۆچی بێ ئەو پەنجە ناكەن بە ئاوا، خەفەت ئەوەیە ئەو مرۆڤە زۆر موعتەبەرە، بۆیە كاكی دكتۆر دەڵێ ئێمە نایناسین یان غەرب كەرە؟
غەربیش بوو بە كەر هەر لەبەر ئەوەی لەم رۆژگارە پرس و ڕا بە سەرۆك بارزانی دەكا، جا ئەگەر بە پێوەری دكتۆر شێركۆ بێت، غەرب هەر لە ساڵی 1991 ـەوە كە لەگەڵ كورد بووە و هێڵی 36ی بۆ جیاكردنەوەی ناوچەیەكی ئارام بۆ كورد داناوە كەرە، ئێستایش كە هاوكاری كوردستانە لە شەڕی دژی داعش هەر كەرە، رۆژئاوا یان غەربەكەی دكتۆر شێركۆ، باش دەزانێ چیی دەكەن و پێویستیان بەم دكتۆرە نییە نەسیحەتیان بكات، غەرب ئەو دونیایە بە كەرایەتیی بەڕێوە نابات، تۆ لەبەرئەوەی، ئەو غەربە بۆ كاروباری عێراق و كوردستان و تەنانەت هەندێ جار زیاتریش، پرس و راوێژ بە سەرۆك بارزانی دەكەن، دێی لە (كوردستانی نوێ) بە كەیفی خۆت و بێ ترس، ئەمما بۆ رازیكردنی مەسئولی باڵەكەت و پشتی ئەو باڵە، چونكە شوكر باڵەكەت جەریدەكەی قۆرخ كردووە، قسە بە هەموو دونیا دەڵێی، ئادەی بە شانوباڵی مالیكیشدا هەڵبڵێ و شانامەیەك بەرز بكەوە و بڵێ قوربان ئەوە مالیكیش لێی هاتە دەنگ، توخوا ئەوەش لەبیر مەكە و پێی بڵێ كە مەبەستی مالیكی ئەمبەر نییە و ئەوبەرە، دەنا مەقسەدی كورد نییە، لە كۆتاییدا دەڵێم: ئەوەی ئەمڕۆكە زۆر موعتەبەرە و بەبێ ئەو پەنجە ناكەن بە ئاوا، ئێوەش دەیناسن و غەربیش كەر نییە.




