بیرۆكه‌ی تێكه‌ڵكردنی حیزب و حكوومه‌ت و داهێنانه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

دانا مه‌نمی
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له 25/ 7 /2009دا له هه‌ناوی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا هاته ده‌ر و خۆیان بینا كرد، نه ڕێكخه‌ری گشتی و نه گۆڕانخوازانیش له قه‌مه‌رێكی تره‌وه دانه‌به‌زیبوون، غه‌ریب و نامۆ نه‌بوون له ناو ژینگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان، به‌ڵكو له ناو پێگه‌یه‌كی سیاسیی به‌رز و له‌سه‌ر كورسیی ده‌سه‌ڵات بوون و ته‌حه‌كومیان به 15 ساڵی حوكمڕانیی بێ پارتی دیموكراتی كوردستانیان كردبوو له زۆنی سه‌وزدا، ڕێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆخۆی خاوه‌نی ده‌سته‌ڵاتی ڕه‌ها و خاوه‌نی بیرۆكه‌ی تێكه‌ڵكردنی حیزب و حكوومه‌ت، به‌حیزبیكردنی دادگاكان و دروستبوونی زۆنه‌كان بوو.
له دوای بیست‌وپێنجی حه‌وته‌وه سیاسه‌تی (هه‌ڵهاتن و بازدان به‌سه‌ر كێشه‌كاندا) ته‌به‌نی ده‌كه‌ن، خۆیان به خاوه‌نی هه‌موو جوانییه‌كان ده‌بینن و خه‌ڵك و حیزبی تریش به خوڵقێنه‌ری ناشیرینیه‌كان! به‌ناوی ریفۆرمی سیاسییه‌وه بازرگانیی حیزبی ده‌كه‌ن و داوای به‌شه‌نه‌وتی كه‌ركووك و شه‌راكه‌ت ده‌كه‌ن!، بۆ هه‌موو پرۆژه‌یه‌كی ریفۆرمی سیاسی و ئیداریی كۆمه‌ڵایه‌تی، پرۆژه‌یه‌كی حیزبی‌یان پێیه و داوای شه‌راكه‌ت ده‌كه‌ن، ئیتر كامه‌یه مه‌نتیق و لۆژیكی چاكسازی!
چاكسازیی كۆمه‌ڵایه‌تییان ده‌وێت، به‌ڵام ده‌یان رایه‌ڵه و مه‌كۆیان كردووه‌ته‌وه بۆ رێكخستن و ئاراسته‌كردن و په‌لاماردانی باره‌گا حیزبییه‌كان!، داوای چاكسازی له سیسته‌می په‌روه‌رده‌دا ده‌كه‌ن، به‌ڵام له رێگه‌ی ڕایه‌ڵه و مه‌كۆكانه‌وه له شار و شارۆچكه‌كان هانی مامۆستایان ئه‌ده‌ن كه بایكۆتی خوێندن بكه‌ن!، داوای شه‌فافیه‌تی داهاتی نه‌وت ده‌كه‌ن، وه‌لێ ژێر به‌ژێر له‌گه‌ڵ باڵێكی یه‌كێتیدا ڕێككه‌وتوون كه رۆژانه (50,000) په‌نجا هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له كێڵگه‌كانی باباگوڕگوڕ وه‌كو پشكی حیزبی وه‌ربگرن!، بانگه‌شه‌ی شه‌فافیه‌تی ئیداری ده‌كه‌ن، به‌ڵام له زۆنی سه‌وزدا داهاتی باج و رسومات و بازگه‌كان كه مانگانه بڕی (45,000,000,000 ملیۆن دۆلاره) دیار نییه و ناپرسن له كوێ و له گیرفانی كێدایه!. به ڕواڵه‌ت بانگه‌شه‌ی كوردایه‌تی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له پراكتیكدا كار بۆ لێكترازانی به‌ره‌كانی جه‌نگ و له ڕێگه‌ی (عدنان عوسمان و هۆشیار عبدوڵا و سروه عه‌بدلواحیده‌وه) له شاشه‌ی تیڤییه‌كانه‌وه سوكایه‌تیی به شكۆ و هه‌یبه‌ت و ناسنامه‌ی پێشمه‌رگه‌وه ده‌كه‌ن!، چوار ساڵی ئارامیان له حكوومه‌تی بنكه‌فراواندا ده‌وێت، به‌ڵام پشێوی ده‌نێنه‌وه و كوده‌تا به‌سه‌ر په‌رله‌ماندا ده‌كه‌ن، له ئاوی لیخندا ڕاو ده‌كه‌ن.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نامۆ و جیاوازتر نییه له هه‌ناوی كۆمه‌ڵگای كوردی هه‌ڵتۆقیوی نێو ئه‌م كولتوور و ترادسیۆنه‌ن، هه‌مان په‌روه‌رده و نه‌ریتی سیاسی و خیڵه‌كی و حیزبی له ئه‌ندێشه و له هزر و بیر و دڵتان‌دا ڕه‌گی داكوتاوه، به‌ربه‌سته كۆنكرێتییه‌كان و عورفی كۆمه‌ڵایه‌تی به ئێوه هه‌ره‌س ناهێنێت، چونكه بوعدێكی مێژوویی و ره‌گیان له ناو ده‌روون و سایكۆلوژیه‌تی خه‌ڵكدا داكوتاوه، نه‌تانتوانی له بواری خزمه‌تگوزاری و سیاسه‌تی حه‌كیمانه و سه‌ركردایه‌تیی دروستدا وه‌پێش پارتی دیموكراتی كوردستان بكه‌ون، ئێستا له بری دداننان به هه‌ڵه و هه‌رزه‌یی و عینادی له سیاسه‌تدا، كار بۆ خاپووركردنی ئه‌زموونی سیاسی و سه‌قامگیریی كوردستان ده‌كه‌ن.
چاكسازی پرۆسه‌ی پرۆسێسه و قۆناغه‌كانی دوای پرۆسێس قۆناغبه‌ندییه، حه‌وسه‌له و جیقڵدانه‌ی گه‌وره‌ی پێویسته، به واتایه‌كی تر سه‌بری ئه‌یووب و عه‌قڵی لوقمانی ده‌وێت. داهێنه‌رترین داهێنانه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆران بریتی بوون له (كه‌مپین و پاكیج و بایكۆت) سه‌رباری رێككه‌وتنی ژێر به‌ژێر له‌گه‌ڵ هه‌ر حزبێكی ئایدۆلۆژیای ئایینی و مه‌زهه‌بیی دژه‌كوردبوون، داهێنانی فیكه‌لێدان و ده‌هۆڵ كوتین، به فه‌رهه‌نگی جنێو به‌خشینه‌وه هه‌ڵبه‌ستنی بوختانی سیاسی و بێحورمه‌تكردنی سه‌رجه‌م كایه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگای كوردی، هیچ كایه‌یه‌ك پیرۆز و جوان و ڕێزلێگیراو نییه.
هه‌موو ئه‌و دروشمانه‌ی كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ناوی چاكسازییه‌وه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كردن له ئه‌رزی واقیعدا بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان زۆر بوون (به‌ردی گه‌وره نیشانه‌ی نه‌هاویشتنه) چونكه ئه‌و دروشمانه پێویستیان به هێزی جیاوازتر له گۆڕان هه‌بوو، به‌تایبه‌ت له بواری ژێرخانی فیكری و تێگه‌یشتن و زه‌مینه‌سازی بۆ چه‌سپاندنیان، هه‌رزه‌كاره سیاسییه‌كانی نێو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی رێكخه‌ری گشتین، هه‌ڵگری هه‌مان جۆری نه‌خۆشی و گرێی ده‌روونین و ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه له‌سه‌ر سایكۆلۆژیا و ئه‌فكار و بیركردنه‌وه‌كانیان، عاشقی برووخێ حكوومه‌ت و دوو ئیداره‌ی دابه‌شكاری سیاسی و ناوچه‌گه‌رێتی و تیكدانی یه‌كڕیزیی هێزه سیاسییه‌كانی كوردستانن.




