سەرۆک وەزیرانی خراپترین پایتەخت

غازی حەسەن
دوای ئەوەی رێکخراوی روپێویی "میرسر" نێودەوڵەتی ناوی باشترین وخراپترین شارەکانی جیهانی راگەیاند، دەرکەوت ڤیەنای پایتەختی نەمسا لەبەر کۆمەلێک بەخشش و وابەستە بە پێوانەی جیهانی بۆ گەشەکردنی شار، بەیەکەمین شاری جیهان لە رووی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی دانیشتووانەکەی. یاخود ئەو پرۆگرامەی ساڵانە شارەوانی ڤیەنا لە بواری خزامەتگوازی و ئاسایش و دابینکردنی بودجە ئامادەی دەکات. لەبیری نەکەین ڤیەنا لەتەک تەلارسازی کۆن و پارێزگاری لەسەر تەلارسازی سەدەهای ساڵی خۆی، شارێکی رۆشنبیری بەناوبانگە و بەدەیان رەگەزی جیاو زمانی جوداش لەم شارە یەکسان و ئاسودە و ئارام دەژین. لەبیری نەکەین هاتوچۆ هەرزانە و تەندروستی بایەخی زۆری پێدەرێت و شوێنی نیشتەجێبوونیش بە رێژەی %90 شارەوانی دابینی کردووە و گەلێک بواری دیکەی وەکو ژینگە و سیاسەتیش لەوێ بوەستێت.
جێی نیگەرانییە بەغدا دوای سەنعا و خەرتوومیش دێت لە خراپی و پلەی 221ی بەرکەوتووە، کە دەکەوێتە ژێری ژێرەوەی ئەو لیستە. لەسایەی سیاسەت و کێشە و دواکەتن و نەبوونی بەرنامەو پرۆگرامی بوژانەوە و نەبوونی یەکسانی لە نێوان هاووڵاتیان و خراپی بوارەکانی خزمەتگوازی بەغدا خراپترینی شارەکانی جیهانە. تەنیا گەیشتۆتە ئەوەی نەک هەر تەنیا لەبواری خزمەتگوزاری بەڵکە لەباری ئاسایش و نەبوونی ئارامی و کەمی و خراپی بوارەکانی تەندروستی و هاتوچۆ و گەشتوگوزار و رۆشنبیریش لە سایەی عەقلیەتی عەسکەرتاریی و تاکڕەویی و داخراو، بەغدای خودانی مێژوو و رۆشنبیریی، ببێتە یەکەمی شارە خراپ و ترسناک و دواکەوتووەکانی جیهان.
ئەوەی لەم بۆنەوە پێویستە بگوترێت، نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەم رۆژانە لەسایەی عەقڵیەت و سیاسەتی هێز و گەڕانەوە بۆ سەر مەنتیقی گێڕانەوەی عێراق بۆ میلیتاریزەکردن و تاکڕەوی بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بۆ چەندەها ساڵی دیکە زامن بکات، دەستی داوەتە چەککڕین بە چەندەها ملیار دۆلار، لە کاتێکدا پایەتەختەکەی بە خراپترین شار نەک تەنیا لە بەراورد بە ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتە گەشەسەندووەکان دێت، بەڵکە ناگاتە ئاستی شارەکانی ئەفریقیا و ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش. کە بەدەستی هەژاری و نەداری دەناڵێنن.
عێراق خودانی داهاتێکی زۆری نەوتە، کەچی لەسایەی گەندەلی و بیرکردنەوە لە دابەشکردنی داهات و سامان بەسەر گروپەکان دەسەڵات و هەروەها بیرکردنەوە لە خۆپڕچەکردن لە جیاتی ئاوەدانی و بایەخدان بە بواری تەندروستی و گەشتوگوزار و گواستنەوە و گەیاندن و ئاوی خواردنەوە و شوێنی تەندروستی و نەخۆشخانەکان و چاککردنی بژێوی خەڵک و چاککردنی کارەبا و بوارەکانی دیکەی خزمەتگوزاری، دەسەڵاتدارانی بەغدا کە ئێستا خۆی لە ( منی باڵا) واتە سەرۆک وەزیران دەنوێنێت. بەغدا دەگاتە خراپترین ئاستەکانی لە هەموو روێکەوە.
لەبەرامبەر ئەوەشدا کە بەغدا بەرەو کاولبوون و داڕمان و دواکەوتنێکی ترسناک دەچێت، هەولێری پایتەختی کوردستان لەسایەی لێوەشاوەیی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا هەنگاوی پێچەوانە دەنێت و بەرەو گەشەکردنێكی خێرا و سەرنجڕاکێش لە ئاستی ناوەخۆیی و نێودەوڵەتی دەچێت. بزاوێکی دیبلۆماسی و بازرگانی و وەبەرهێنانی ئابووری گەرموگوڕ و کارا لە کوردستاندا بەرێوەدەچێت. کەچی ئەوەی جێگەی وەبیرهێنانەوەیە، ئا لەو کاڤەی پایتەختەکەی سەرۆک وەزیرانی بەغدا دەبێتە خراپترین شاری دونیا، هەولێر دەبێتە پایتەختی گەشتوگوزاریی. لە کاتێکدا هەولێر گەشەدەکات و داهات و میزانەیەکەی لە بوارە جیاکانی خزمەتگوزاری و تەندروستی و پەروەردە و ئاو و دروستکردنی شەقام و بواری گەیاندن و کردنەوەی فڕۆکەخانە و پەرەپێدانی ئاسایش و پارێزگاریکردن لە ژیان وئاسایش و ئارامی هاووڵاتیانی کوردستان و بێگانە بەکاردەهێنێت، سەرۆک وەزیرانی پایتەختە ترسناک و خراپەکە، سوپا کۆدەکاتەوە و دەیەوێت لە جیاتی گەشەپێدانی بەغدا، هەولێر رابگرێت و بیگێڕێتەوە ئەو سەردەمەی کە کەس هیوای بۆ ناوخوازێت.
بەغدا لەرووی ئاسایش و کوشتن وکاری تیرۆر و سێدارە و زیندانی و کردنە ئامانجی هاووڵاتیانی سڤیل سێیەکی هەموو قوربانییەکانی جیهانی بەردەکەوێت، بۆیە بە ترسناکترین شار لە سەرتاسەری جیهان بۆتێدا ژیان دادەنرێت، کەچی لەجیاتی دروستکردنی سەقامگیری و ئارامی و ئاسایش لە بەغدا و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان لە رووی ئابووری و بژێوی و ژیانەوە، سەرۆک وەزیرانی ئەو پایتەختە داتەپیوەی کە پڕیەتی لە کێشەی سیاسی و رکابەری تائیفی و رەگەزپەرستی و شۆڤینی، وەکو کاردانەوە دژی پێشکەوتنی ئاسایش و ئارامی و پێکەوە ژیان لەنێوان ئیسلام و مەسیحی و ئیزیدی و جولەکە و ئاینزاکانی دیکە و یەکسانی لەنێوان کورد وعەرەب و تورکمان و ئاشووری و کلدان و ئەرمەن، گەرەکییە ئاسایشی کوردستان لەرێگەی بانگەشەی شەڕی نەتەوەیی دژی کورد بشلەژێنێت.. کە کەس خەونی پێوەنابینێت..
هیوا ناخوازین پایەتەختی وێلایەتێکی هاوسنورمان کە بەغدایە خراپ بێت، دواکەتوو بێت، هەروەها ئارەزوو ناکەین سەرۆک وەزیرانی پایتەختە خراپەکە لەرووی (سیاسی و ئیداری و خزمەتگوزاری و گەیاندن و گوستنەوە و تەندروستی) بە هەمان شێوەش هەڵوێستی سیاسی و بیرکردنەوەی دژی پێشکەوتن خراپ بێت و لە بیرکردنەوە گرژ و توند بێت، لە بڕیار تاكڕەو عەسکەرتار بێت. چونکە خواستی نەتەوە و پێكهاتە و لایەنە دیموکراتەکان پێچەوانەی ئەوە هیواخوازییە لەپێناو پێشکەتن و گەشەکردن و دیموکراسی و ئاسایش و ئاسودەییە بۆ هەموو خەڵک و لایەن و پێکهاتەیەک. بۆیەشە هەولێر پێشدەکەوێت و دەبێتە پایتەخت و بەغداش دەکرێتە خراپترین شار.




