عێراقی دوای داعش. ویستگه‌ی یه‌كه‌م بۆ راستكردنه‌وه‌ی سیستمی ده‌وڵه‌ت

فەرهاد محەمەد
فرانسیس فۆكۆیاما رووخانی دیواری به‌رلینی ناو لێنا "كۆتایی مێژوو"، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی ئه‌و ململانێ تونده‌ی له‌نێوان سۆشیالیزم و دیموكراتی وه‌ك دوو مۆدیلی جیاواز بۆ حوكمڕانی كۆتایی هات و به‌سه‌ركه‌وتنی شێوازی حوكمڕانیی دیموكراتی كۆتایی هات، دیاره له‌م روانگه‌یه‌وه رووخانی خه‌لافه‌ته ئیسلامییه‌كه‌ی داعش‌یش (كۆتایی عێراقه) به‌و مانایه‌ی مێژووی 100 ساڵی پێداگیری له‌سه‌ر رێگرتن له دابه‌شكردنی عێراق له‌ناو پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی عێراقدا شكستی هێناو، ئێستا به ئه‌مری واقیع دابه‌شكردنه‌كه سه‌ركه‌توو بووه‌و نابێت چیدیكه پێداگیری له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی عێراق بكرێت.
بۆ ئێستای سیاسه‌تی نیوده‌وڵه‌تی پابه‌ندبوون به نه‌خشه وه‌همییه‌كه‌ی سایكس پیكۆ، بۆته هۆكاری ئه‌وه‌ی نه‌توانرێت بیر له‌وه بكرێته‌وه هه‌موو نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سه‌رله‌نوێ دابڕێژدرێته‌وه، له‌مه‌ش زیاتر ترسی ئه‌وه هه‌یه دووباره داڕشتنه‌وه‌ی سنووره‌كان و نه‌بوونی ئه‌قڵییه‌تی حوكمڕانیی سه‌رده‌مییانه ببێته هۆكاری ئه‌وه‌ی ئاژاوه‌ی گه‌وره‌تر به‌دوای خۆیدا بهێنێت، بۆیه له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌نگاوی دیكه بۆ چاره‌سه‌ركردنی شكستی سیستمی ده‌وڵه‌ت، بۆته بیركردنه‌وه له چۆنیه‌تی داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه له‌ناو سنووره ته‌قلیدییه‌كانی خۆیدا.
بێگومان ئه‌و راستییه لای هیچ كه‌س شاراوه نییه كه هۆكاری دروستبوونی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و راگه‌یاندنی خه‌لافه‌ته ئیسلامییه‌كه‌ی به پله‌ی یه‌كه‌م هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سیاسه‌ته مه‌زهه‌بگه‌رایی و دیكتاتۆرییه‌ی كه نوری مالیكی له‌دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ماوه‌ی 2011- 2014 پیاده‌ی كردووه. كه‌واته كه ئێستا ئامانجی ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش بۆته ئه‌وه‌ی كه داعش وه‌ك خه‌لافه‌ت و داعش وه‌ك فیكر و ئه‌و هۆكارانه‌شی كه فیكری داعشی دروست ده‌كه‌ن، ریشه‌كێش بكرێن، ئه‌وا هه‌نگاوی یه‌كه‌م دوای تێكشكاندنی داعش و رووخانی خه‌لافه‌ته ئیسلامییه‌كه‌ی ده‌بێته ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه حوكمڕانی مه‌زهه‌بگه‌رایی و دیكتاتۆری له عێراقدا بوونی نه‌مێنێت.
دیاره له دوای ساڵی 2004 بۆ رێگرتن له‌سه‌ر هه‌ڵدانی ئه‌قڵییه‌تی شۆڤێنی و مه‌زهه‌بگه‌رایی و دیكتاتۆری له حوكمڕانی عێراقدا، دابه‌شكردن له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی فیدڕاڵی‌دا وه‌ك باشترین رێگه‌چاره په‌سه‌ند كرا، به‌ڵام ده‌ركه‌وت نه ئه‌قڵییه‌تی مه‌زهه‌بگه‌رایی شیعه و نه ئه‌قڵییه‌تی مه‌زهه‌بگه‌رایی و شۆڤێنی سوننه له‌گه‌ڵ ئه‌و پرانسیپ و بڕگه و ماددانه ناگونجێت كه له‌ده‌ستووری 2005ی عێراقدا هاتووه، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو تا یه‌كه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، سه‌یری شێوازی حوكمڕانی له عێراقدا بكه‌ین، ئه‌وا دوو شێوازی حوكمڕانی تاقیكراونه‌ته‌وه كه هه‌ردووكیان فه‌شه‌لی هێناوه، یه‌كه‌میان: دیكتاتۆریه‌تی كه‌مینه‌ی عه‌ره‌بی سوننه تا ساڵی 2003، دووه‌م: دیكتاتۆریه‌تی زۆرینه‌ی شیعه تا ساڵی 2014، له‌دوای ساڵی 2014 شه‌وه هه‌تا ئێستا، عێراق له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاوه‌و ده‌وڵه‌تێێك نییه كه ناوی عێراق بێت.
ئه‌م واقیعه پێمان ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی ئازادكردنی موسڵ وه‌ك كۆتایی داعش سه‌یربكرێت، ئه‌وا له‌هه‌مانكاتدا ده‌بێت پرۆسه‌ی ئازادكردنی موسڵ كۆتایی ئه‌و شێوازه حوكمڕانییه فاشیله‌ش بێت كه له‌ماوه‌ی 100 ساڵی رابردوو نه‌یهێشتووه عێراق سه‌قامگیری و ئاشتی به‌خۆیه‌وه ببینێت.
به‌ڵام پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر به‌شێوازێكی تازه عێراق دابه‌ش بكرێت جیاواز له‌و دابه‌شكردنه‌ی دوای 2003 كه ده‌ستووری ساڵی 2005ی له‌سه‌ر نووسرایه‌وه، ئایا هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك هه‌یه كه پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی عێراق ئه‌مجاره‌یان بتوانن ئه‌م دابه‌شكردنه، یان ئه‌م ده‌ستووره تازه‌یه جێبه‌جێ بكه‌ن؟ مێژووی عێراق له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره پێمان ده‌ڵێت: به‌درێژای 100 ساڵی حوكمڕانیی (عه‌ره‌بی سوننه و عه‌ره‌بی شیعه) سه‌لماندوویانه كه نه له‌ناو پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی سوننه و نه له‌ناو پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی شیعه، ئه‌قلییه‌تی ده‌وڵه‌تمه‌داری بوونی نییه، له‌م سه‌د ساڵه‌دا باشترین ده‌وڵه‌تمه‌داری عه‌ره‌بی شیعه‌و عه‌ره‌بی سوننه، باشترین دیكتاتۆر بووه‌و هه‌میشه هه‌وڵیداوه پێكهاته جیاوازه‌كانی عێراق به سه‌ركوتكردن و كۆمه‌ڵكوژی و جینۆساید پێكه‌وه كۆبكاته‌وه.
كه‌واته ئه‌گه‌ر دوای رووخانی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش، پرۆسه‌ی رێكخستنه‌وه‌ی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شكردن له‌نێوان هه‌رسێ پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی (كوردستان و شیعه‌و سوننه) بخرێته‌وه به‌رده‌ستی ئه‌و حوكمڕانییه‌ی كه پێش 2014 له عێراقدا هه‌بووه، ئه‌وا هه‌تا ئه‌گه‌ر حوكمڕانیی ئێستای عێراق ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش بدات كه ئه‌و دابه‌شكردنه جێبه‌جێ ده‌كات، ئه‌وا ناتوانێت جێبه‌جێی بكات، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌قڵییه‌تی حوكمڕانیی سه‌رده‌م هێشتا له‌ناو عه‌ره‌بی شیعه و عه‌ره‌بی سوننه پێ نه‌گه‌یشتووه، هێشتا ئه‌قڵیه‌تی هه‌ردوولایان بۆ شێوازی حوكمڕانی ئه‌سیری ئه‌قڵییه‌تی دیكتاتۆرییه، هه‌روه‌ك چۆن ئیبراهیم جه‌عفه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی به‌غدا رازی بووه كوردستان خاوه‌نی سوپای خۆی بێت، به‌ڵام ئه‌و به ئه‌قڵیه‌تی شۆڤێنی و مه‌زهه‌بگه‌رایی خۆی رێگری ده‌كات كه نوێنه‌ری كوردستان به‌شداری كۆنفراسی هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر شه‌ڕی موسڵ بكات، ئه‌مه له‌كاتێكدا هێزی سه‌ره‌كی و راسته‌قینه له ئۆپه‌راسێۆنی ئازادكردنی موسڵدا هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه.
بۆ چاره‌سه‌كردنی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی له‌به‌رده‌م دابه‌شكردنی عێراق و وه‌ك پرۆسه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كان، ئه‌وا پێویسته ئه‌مریكا خۆی له عێراقدا وه‌ك ناوبژیوان بوونی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دابه‌شكردنه به‌سه‌ركه‌توویی ئه‌نجام بدرێت. دیاره مێژووی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق و خۆ به‌دوور گرتنی ئه‌مریكا له ره‌فتاره دیكتاتۆرییه‌كانی نوری مالیكی هێنده دوور نییه، ئاكامه‌كه‌ی دروستبوونی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بوو كه بۆته هه‌ڕه‌شه به‌سه‌ر هه‌موو جیهانه‌وه، هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا بوونی جددی له عێراقدا نه‌بێت و خۆی سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی دابه‌شكردنه‌كه نه‌كات و به‌میكانیزمێك پێوه‌ندی نێوان كیانه سیاسییه‌كانی عێراق رێكنه‌خاته‌وه، ئه‌وا هه‌رگیز شه‌ڕی نێوان شیعه و سوننه كۆتایی نایه‌ت و عێراقیش سه‌قامگیری به‌خۆیه‌وه نابینێت.
ئه‌م پرۆسه‌یه (دابه‌شكردن له‌چوارچێوه‌ی سنووره ته‌قلیدییه‌كاندا) ئه‌گه‌ر به ئاماده‌بوونی ئه‌مریكا له عێراقدا به‌سه‌ركه‌توویی كۆتایی پێ بیت، عه‌ره‌بی شیعه و عه‌ره‌بی سوننه هاوكاری بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ژێر تارمایی ئه‌قڵییه‌تی دیكتاتۆری و شۆڤێنزمی عه‌ره‌بی و مه‌زهه‌بگه‌رایی بێنه ده‌ره‌وه، ده‌بێته نموونه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سیستمی ده‌وڵه‌ت له ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی سیستمێكی دیكه‌ی جیهانی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.




