٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

تا كێكەكە دابەش نەكراوە، كەلێنەكان بگرن

سەرچاوە: KDP.info

دڵشاد مستەفا وەسانی

لەگەڵ گەرمبوونی شەڕی ئازادكردنی مووسڵ، ناكۆكیی لایەنەكانی چاو لە مووسڵیش زیاتر دەبێت، بەتایبەتیش دوای ئەوەی ئەمەریكا، وێڕای نیگەرانیی بەغدا، رەزامەندیی لەسەر بەشداریكردنی توركیا لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵدا دەربڕی، بۆیە دەكرێ لە ئێستاوە سەروسیمای قۆناغی دوای شەڕ  ببینین.
داوای كورد بەر لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە لە 17/10/2016 لەبەرچاوگرتنی مافی هەموو پێكهاتەكانی مووسڵ بووە، لە سایەی ئیدارەیەك هەموو پێكهاتەكان بە هیی خۆی بزانن، لێ گەرمبوونی ململانێی ئەو ئەجێندایانەی بەرژەوەندیی خۆیان پێش بەرژەوەندیی پێكهاتەكان لەبەرچاو دەگرن، وا دەكات تارماییی قووڵبوونەوەی ناكۆكیی نێوان پێكهاتەكان بەتایبەتیش سوننە و شیعە باڵ بەسەر ناوچەكەدا بكێشێ، رێكنەكەوتن لەسەر شێوازی ئیدارەدان پێش ئۆپەراسیۆنەكە، دەرگا لەسەر ئاڵۆزبوون و هەرایەكی گەورە دەكاتەوە.
ئەگەر بڕیار بێت لە مەیداندا هێزە بەشدارەكانی شەڕ دەستكەوت بچننەوە و كێكیان بەر بكەوێت، ئەوا پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەو كێكە دابەش دەكەن، بەڵام زۆربوونی ژمارەی هێز لە شەڕەكەدا، دەستكەوتەكە بۆ پارچەی زیاتر دابەش دەكات، پێكهاتەكان پشتیوانیی ئیقلیمی و قووڵاییی ستراتیژی خۆیان هەیە، بەتایبەتیش سوننە و شیعە، كە رۆڵیان لە دابەشكردنی كێكەكەدا دەبێت، لەو نێوەدا تەنیا كورد و چەند پێكهاتەیەكی ئایینن كە قووڵاییی ستراتیژییان نییە و هێزە ئیقلیمییەكانیش پشتیوانیان نابن، بۆیە لە تەك قارەمانەتیی پێشمەرگە، چەند كەلێنێك هەن پێویستە بگیرێن.
پەلەپەلی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ لە دەستی داعش، وایكرد باز بەسەر گرینگترین رێككەوتندا بدرێت، كە داوایەكی رەوای كوردە و لە بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكاندایە، هێشتا دەرفەت ماوە بۆ پێداگیری لەسەر ئەو رێككەوتنە، جێی خۆشحاڵییە سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەی رۆژی 23/10/2016 لەگەڵ ئاشتۆن كارتەری وەزیری بەرگریی ئەمەریكا، جارێكی دی ئەو مەسەلەیەی هێناوەتەوە بەرباس و ئاماژەی بە پێویستیی پلان و رێككەوتنێكی سیاسی كردووە بۆ ئایندەی مووسڵ، بۆ ئەوەی ببێتە گەرەنتییەك بۆ رێگەگرتن لەسەرهەڵدانی كێشە.
كێشەی سەرەكی ئەوەیە، عەرەب بە سوننە و شیعەوە، گیانی قبووڵكردنی بەرامبەر و پێكەوەهەڵكردنی لەگەڵ پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكانی دیكەدا نییە، ئەمەش ژینگەیەكی لەبار هەم بۆ دەستتێوەردانی ئیقلیمی و هەم بۆ فەرامۆشكردنی مافی پێكهاتەكانی دیكە دروست دەكات، كە لەوانەیە دۆخەكە كار بكاتە سەر بڕیاری ئەمەریكاییەكانیش، بۆیە پێویستە حزبەكان نەبنە هۆی پەیداكردن و بەرینكردنی ئەو كەلێنانەی دوژمنان پێیاندا بێنە ژوورەوە، بەدیلی قووڵاییی ستراتیژی كورد، تۆكمەكردنەوەی ماڵ و بەردەوامیی خەباتی دیپلۆماسییە بە پشتبەستن بە هێزی پێشمەرگە و ئیرادەی خەڵكی كوردستان، خەڵكیش ئامادەیی قوربانیدان و تەسلیمنەبوونی تێدایە، خۆڕاگریی كەركووكییەكان لە رۆژی 21/10/2016 وانەیەكی گرینگە.

هەواڵی پەیوەندیدار