شكستی دەروونی رەنگدانەوەی شكستی سیاسییە

ئازا حەسیب قەرەداخی
ئەو مێزگردەم بینی كە پێش چەند شەوێك لە كەناڵی ئێن ئارتییەوە پەخش كرا. "عەدنان عوسمان" هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمان لە فراكسیۆنی ئەو بزووتنەوەیە و "كەمال رەئوف" رۆژنامەنووس، كە تا رادەیەكی زۆر لەو بزووتنەوەیە نزیكە، بەشدارییان تێدا كردبوو.
قسە و لێكدانەوە و هەڵوێستەكانی ئەو دوو بەشدارە لەو مێزگردەدا پەرچەكردار و كاردانەوەیان بەدوای خۆیاندا هێنا.
هیچی نوێ نەبوو
لە كۆی گشتیدا ئەو دوو بەشدارە هیچی تازەیان نەوت كە پێشتر خۆیان یان هەڵسوڕاوانی دیكەی بزووتنەوەی گۆڕان و پەرلەمانتارانیان و نووسەرانی نزیك لەو بزووتنەوەیە نەیانوتبێت. یان حزبەكەیان لە راگەیاندنەكەیانەوە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەزاران جار نەیانوتبێتەوە. لە بنەڕەتیشەوە هەموو ئەوەی دەیڵێن روانگەی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی رێكخەری گشتییانە و بەشێكی زۆریشی هەڵێنجراوە لە سەرچاوە فیكری و سیاسییەكانی پەكەكەیشەوە.
هەرچییەكیش لە تەفاسیلدا ئەو دوو بەشدارە وتوویانە شێوازی گوتاری خۆیانە كە هیچ ئیزافە ناكات بۆ دیدگا و روانگە بنەڕەتییەكە.
مەوقیفیان لاوازە
بە سەرنجدان لە هەڵبژاردنی وشەكان كە زوربەیان دەستەواژەكانی نائومێدی و رەشبینی و دۆشدامانن لە ئاستی رووداوەكان و دەرەنجامەكانی كە بەلای ئەوانەوە هەمووی لە بەرژەوەندyی پارتی و سەرۆك بارزانیدا تەواو بوون و ئەوەیشی ماوە هەر بۆ ئەوان دەچنرێتەوە، بۆمان دەردەكەوێ هەرچییەك كە گووتوویانە لە مەوقفی لاواز و شكستییەوە بوو. هەرچەندە دەنگیان وا دەردەكەوێ كە دەنگێكی بەرز و دلێرە. بەڵام ئەوە تەنیا "دیاردەیەكی دەنگییە" نەك كردار. لە پشت ئەو دەنگەوە كەسێكی شكاو و بێ دەنگ هەیە كە گێنگڵ لەگەڵ شكستییەكانیدا دەدات.
كودەتاكەی پەرلەمان
عەدنان عوسمان دەڵێ رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ شەڕی مووسڵ رێككەوتنێكی حزبییە و پارتی كردوویەتی نەك دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێم. هەڵبەت تا ئەو كاتەی بڕیار درا هەرێمی كوردستان لە حاڵەتی داكۆكییەوە بچێتە حاڵەتی هێرش. هەروەها كە بڕیار درا هێزی پێشمەرگە بنێردرێ بۆ دەرەوەی سنوور و رەوانەی كۆبانی بكرێ، سەرۆك بارزانی لە رێی پەرلەمانەوە شەرعیەتی بڕیارەكانی وەرگرت. بەڵام كە بزووتنەوەی گۆڕان دركی بەوە كرد بارزانی بە ڕێوشوێنی ئوسوڵی و یاسایی رابەرایەتیی شەڕی نیشتمانی و نەتەوەیی دەكات و لە ئەنجامدا ئەمەی وەكوو شكۆ و پابەندبوون بە یاساو رێسا و دامەزراوە شەرعییەكانەوە بۆ تۆمار دەكرێ، هاتن و ئەو پەرلەمانەیان كردە مەكۆی پیلانگێڕی و ئینقیلاب بۆئەوەی پەرلەمان و دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم و سەرۆكی هەرێم نەمێنن و بارزانییش ئیتر نەتوانێ بڕیارەكانی شەڕ و چارەنووس دەربكات. ئەمەیان بۆ نەچووە سەر. بارزانی لە جیاتی ئەوە شەرعیەتی لە گەل و هێزی پێشمەرگەی قارەمان و پاڵپشتیی نێودەوڵەتییەوە وەرگرت و خەرمانەی سەركەوتنەكانی گەلی كوردستانیشی مۆڵ لەسەر مۆڵ هەڵچینی.
هەڵكشانی كەسایەتیی بارزانی
كاتێ عەدنان عوسمان لە بە پاڵەوانكردنی مەسعوود بارزانی دەترسێ، ناهەقی نییە، چونكە ئەو سەیری كۆی تابلۆكە دەكات و دەزانێ هەرچییەك رێكخەرە گشتییەكەی و حزبەكەی و هاوسەنگەرەكانیان چەندین ساڵە دەیكەن بۆئەوەی ئیرادەی پارتی و بارزانی بشكێنن، بێ بەرهەم بووە و پێچەوانەكەی هاتۆتە دی و ئەو ئیرادەیە بەهێزتر بووە و لە ئیرادەیەكی كوردستانی - عێراقییەوە بۆتە ئیرادەیەكی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی. پارتی و بارزانی بوونەتە بەشێك لە بڕیاری سیاسیی نێودەوڵەتی و ئەوانیش وەكوو بزووتنەوەی گۆڕان تا دێ بچووكتر دەبنەوە و تەنانەت سلێمانیشیان لە دەست چوو كە نەیانتوانی پۆستی پارێزگارەكەیشی وەرگرن.
كەسایەتیی بارزانی هەڵدەكشێ، كەچی رێكخەرە گشتییەكەیان بە رادەیەك لاتەریك بووە كە لەناو ئەم هەموو پێشهات و تەونی جووڵە سیاسی و سەربازییانەی ناوچەكەدا، كە دەیان ناوەند و هێز و كارەكتەری ناوچەیی و جیهانیی شوێن دەستیان تێیدا هەیە، ئەو تەنیا هەواڵی رۆیشتنە دەرەوە و هاتنەوەی بڵاو دەكرێتەوە.
عەدنان عوسمان وای لێهاتووە نەك هەر ناتوانێ بەراوردی رۆڵی رێكخەرە گشتییەكەیان لەگەڵ رۆڵی بارزانیدا بكات، بەڵكو دەزانێ هەر پلەدارێكی پێشمەرگە لەم كوردستانەدا سەد ئەوەندەی رێكخەرە گشتییەكەی، هەواڵی بڵاو دەبێتەوە و شانازیی بۆ تۆمار دەبێ، ئیتر تووشی جۆرێك لە شكستی دەروونی هاتووە كە ناچارە گومان بخاتە سەر پاڵەوانێتیی بارزانی و پێشمەرگەی كوردستان.
ئازایەتیی پێشمەرگە
كەمال رەئوف لەبەر هەمان هۆ بە تەوسەوە باسی ئازایەتیی پێشمەرگە دەكات و گومان دەخاتە سەری كە ئەگەر هاوكاریی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا نەبێ، پێشمەرگە شەڕی داعشی پێ ناكرێ. كەمال رەئوف قسەی دڵی نائومێدێك دەكات كە نەیتوانی خۆی ببێتە پاڵەوان و نەشیتوانی سیفەتی پاڵەوانێتی لە كەسێكی تر بسێنێتەوە.
بۆ هەموومان زانراوە كە ئەمریكا زلهێزترین دەوڵەتی جیهانە لە رووە جیاجیاكانەوە. بەتایبەتیش لە رووی سەربازییەوە. ئەو چەك و تەكنەلۆژیا و ژمارە و توانایەی ئەو هەیەتی هیی شەڕێكی جیهانیی ئەتۆمیی گەردوونییە، بەڵام بۆئەوەی شەڕی تاڵیبان و قاعیدە بكات لە ئەفغانستاندا، كە هێزەكانیان لەچاو هێزی ئەمریكادا وەكوو هێزی مێروولەیە لە بن پێی فیلدا، ئەمریكا هات هاوپەیمانێتی لەگەڵ 42 دەوڵەتدا كرد. خۆی 28 هەزار و 800 سەربازی ناردە شەڕەكە و هاوپەیمانەكانیشی كە بە هێزی هاوكاریی نێودەوڵەتی (ئیساف) ناسرابوو، بە بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكانیش دامەزرێنرا، 29 هەزار و 950 سەربازیان بەشداریی ئەو شەڕەی كرد. لە جەنگی گەردەلوولی بیاباندا بۆ رزگاركردنی كوەیت 34 دەوڵەت بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا بەشدار بوون. كەواتە هیچ نەنگی نییە بۆ پێشمەرگەی كوردستان كە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش بكات و ئەمریكا و فەڕەنسا و وڵاتانی دیكە بە شێوازی جۆراوجۆر هاوكاری بكەن و فڕۆكەكانیان بۆردوومانی پێگە و جووڵەكانی داعش بكات؟! ئەی مەگەر هەموو جیهان ناڵێن شەڕی دژی داعش شەڕی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە دژی تیرۆر. كەواتە دەشبێ جیهان بە فعلی بەشدار بن لەو شەڕەدا، نەك تەنیا پێشمەرگە بیكات و ئەوان لە ماڵی خۆیان دانیشن. ئەوە ئێوەن كە هاووڵاتی ئەم نیشتمانەن و بە بەرچاوتانەوە گەورەترین جەنگ لەگەڵ دڕندەترین دوژمن دەكرێ و رۆژانە قوربانی دەدرێ، كەچی نەك هەر هاوپەیمانێتی لەگەڵ رۆڵەكانی خۆتانا ناكەن، بەڵكو بێمنەتن لەم قوربانیدانە و بەردەوام تانەوتەشەر لە هێزی پێشمەرگە دەدەن و گومان دەخەنە سەر ئازایەتییان و دڵی خەڵكی كوردستانیان بەرامبەر كرمێ دەكەن. ئەوە رێكخەرەكەتانە كە دەڵێ داعش كێشەی ئێمە نییە لە سلێمانی و لێمان دوورن، ئەوە كێشەی پارتییە، با خۆی شەڕەكە بكات.
هاوپەیمانە بیانییەكانمان بە پێچەوانەی ئێوەوە شانازی بە ئازایەتیی پێشمەرگەوە دەكەن و سەرسامن بە قارەمانێتیی گەلی كوردستان و رابەرایەتیی مەسعوود بارزانی، بۆیە بە فڕۆكەكانیان و بە چەك و تەقەمەنی هاوكاری پێشكەش دەكەن. سەرەڕای ئەوەیش سەركردایەتیی سیاسی و سەربازیی هەرێمی كوردستان بەردەوام گلەیی دەكەن كە هێزەكانی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی هێشتا بە ئاستی پێویست بەشداریی كردەنی و مەیدانیی لە شەڕەكەدا نەكردووە و هاوكاری پێشكەش نەكردووە. دەبێ لە راگەیاندنیشدا جەخت لەمە بكرێتەوە و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بزانن كە گەلی كوردستان گلەیی و رەخنەی هەیە لە جۆری بەشداریی ئەوان و بڕی ئەو هاوكارییانەی دەینێرن.
شەڕی نیشتمانی
كە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لە چەندین قوژبنی دوور و نزیكی جیهانەوە هاتوون بۆ بەشداری لە شەڕی رزگاركردنی مووسڵدا، ئەدی ئێوە چۆن پێتان وایە نابێ گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە لەسەر سنووری وڵاتەكەمان شەڕی لەناوبردنی تیرۆریستان بكات؟! ئەوە چ عەقڵێكی نەزانە كە پێی وایە رێككەوتنی سەركردایەتیی سیاسی و سەربازیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراقدا بۆ شەڕی مووسڵ رێككەوتنێكی حزبییە نەك نیشتمانی، لەكاتێكدا تیرۆریستانی داعش لە هەر كوێیەكی سنووری ئەم نیشتمانە بچووكترین دەلاقەیان دەست بكەوێ هێرش دەهێنن و كۆمەڵكوژی دەكەن؟!
شەڕی لەناوبردنی یەكجاریی داعش بە درێژایی سنووری كوردستان تا قووڵاییی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تیرۆر، شەڕێكی نیشتمانییە و بۆ پاراستنی كوردستان و گەلەكەیەتی لە جینۆساید و ئەنفالێكی دیكە.
قسەی شیرین و نیەتی تاڵ
هەرچەندە ئەو دوو بەشدارەی بەرنامەكەی ئێن ئار تی زۆریان هەوڵ دەدا وشەكانیان بە جۆرێك لە دڵسۆزی و نیشتمانپەروەری سواغ بدەن، بەڵام سەركەوتوو نەبوون. تەمسیلكردنەكەیان زۆر پێوەدیار بوو، نیەتە خراپەكەیشیان زۆر زەق بوو. قسەی شیرینیان بە نیەتێكی تاڵەوە دەكرد.
ئەوان دوو كەسی شكستخواردوو ماندوو بوون. خۆیان بێزار بوون لەو قسانەی دەیانكرد چونكە هەر لێكیاندەدایەوە كە ئەوە ساڵەهایە ئەم قسانە دەجوونەوە و هیچی لێ ناچننەوە و بە پێچەوانەوە پارتی و بارزانی هەروا گەورە و گەورەتر دەبن. خۆیان رۆژانە لە ئاواتەكانیان دوورتر دەكەونەوە، كەچی پارتی و بارزانی زیاتر نزیك دەبنەوە لە سەربەخۆیی كوردستان. ئەوان تووشی گرێی دەروونی بوون كە رێكخەرەكەیان لە سەفەرەكانیدا ون و ونتر دەبێ و بارزانییش دەبێتە كەسایەتییەكی نێودەوڵەتیی دیار و ژمارەیەكی حیساببۆكراو لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی. ئەوان بۆ شاردنەوەی گومانیان لە وجودی خۆیان و تواناكانیان، گومانیان دەخەستە سەر ئازایەتیی پێشمەرگە گەلی كوردستان، بەڵام دیمەنە راستەقینەكان پێچەوانەی ئەوە نیشانی دەداین كە پێشمەرگە گەلی كوردستان قارەمانانە شەڕی داعش و شەڕی نانبڕین و شەڕی بەغدا و شەڕی گێچەڵكارە ناوخۆییەكان دەكات و سەركەوتوویشە.
شكستی دەروونی
هەرچیم لەو مێزگردەدا بیست قسەی ئەوانە بوو كە شكستی سیاسییان قووڵ بۆتەوە و بۆتە شكست و نەخۆشیی دەروونی. ئەوان چونكە لە شەڕی دژی داعش و شەڕی چەسپاندنی سنووری نیشتمان خاوەنی هیچ سەروەری و هەڵوێستێكی نیشتمانی نین، بۆیە سەریان لێ شێواوە و گوتار و هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و پارتی و گەلی كوردستان بە خۆمان دەفرۆشنەوە.
عەدنان عوسمان ئەوە تۆ نیت بەڵكو سەرۆك بارزانی رایگەیاندووە كە سنوورەكانی كوردستان بە خوێن نەخشێنراون و هەموو ئەو ناوچە كوردستانیانەی پێشمەرگە بە قوربانیدان چۆتە ناویان لێیان ناگەڕێتەوە. بەڵێ ماددەی 140 بە نەبەردی و گیانبەخشینی پێشمەرگەكانی كوردستان جێبەجێ كرا. لە كاتێكدا پێشمەرگەی كوردستان كە تا ناو دەرگای مووسڵ ئازاد دەكات، مەحاڵە رێ بدات لە پشتەوە زەفەری پێ ببرێ. رزگاركردنی كەركووك لە چەپەڵترین پیلان، باشترین نموونەی ئەم نیشتمانپەروەرییەیە. ئەوانەیشی لەم پیلانەوە گلابوون دەبێ بزانن جگە لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش رێگە نادات كەركووك داگیر بكرێ.




