٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

شەڕی سایکۆلۆژی ڕاگرن!

سەرچاوە: KDP.info

هاودەنگ فارووق
میدیای كوردی بە قۆناغێكی مێژووییی پێشكەوتووی گەیاندنی زانیاریی خێراو سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیای نوێدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام زیانیشی بە ئەمنیەت و تاكتیكی شەڕی پێشمەرگە گەیاندووە و دوژمنیش قازانجی لێی كردووە.

بەشێك لە میدیای كوردی ئۆباڵی خوڵقاندنی فەوزایە و بۆتە مینبەرێكیش بۆ ڕق و كینە و قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان و دڵساردكردنەوەی خەڵك و سووكسەرنجدانی قارەمانێتیی پێشمەرگە، بەم هۆیەوە قەلەقێكی كۆمەڵایەتیی دروست كردوە، میزاجی گشتییان تێك داوە و خەڵكیان گێژ كردووە.! لە سەر حیسابی خوێنی پێشمەرگە، پێشبڕكێی پەخشی ڕاستەوخۆ و ئاشکراکردنی نێهێنیی تاکتیکی شەڕ و جۆرەکانی چەکی پێشمەرگە دەکەن.

لە ڕووداوەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی كەركووكدا، ئەگەر دوژمن بە وردی تەماشای شاشەی هەندێ تەلەفزیۆنی کوردی كردبێت، هەرچی پێویستی بووبێ، دەستی كەوتووە!..

ئاخر میدیا بنەما و ڕێسا و سنووری ئیشی خۆی هەیە، میدیا بەڕەڵایی نییە، وڵات لە شەڕدایە، ناكرێ چیتر ڕێگە بدرێت ئاسایشی وڵات بخاتە مەترسییەوە، بڕیارەكەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و وەزارەتی پێشمەرگە لەجێی خۆیدیا بوو، چونكە دەركەوت میدیاكان نەیانتوانی لە واقیعی حاڵی تێكدەرانەی خۆیان و مەترسییەكان تیبگەن، بۆیە ئیجباركران تێبگەن.

قەدەغەكردنی گواستنەوەی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنەكان و دوورخستنەوەی هەندێ میدیای نامەسئول لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە، حاڵەتیکی غەریب نییە، لە ئانی شەڕدا پێویستە زۆر بنەما و بەرهەمی دیموكراتی هەیە وەلا بنرێن، قەترەیەك خوێنی پێشمەرگە و بەرژەوەندیی گشتیی، لە دیموكراسی و خواست و ئەجێندای حزبیك، دەزگایەكی میدیایی گرینگترە.!

سەربەخۆییبوونی میدیا شتێكی باشە، بەڵام تا ئەوێ باشە، كە سنووری پاراستنی ئەمنی قەومی وڵات دەست پێدەكات و ژیانی پێشمەرگە نەخاتە مەترسییەوە، تا ئەوی ئازادە، كە نەخشەوپلانەكانی شەڕ و پێشمەرگە فەشەل پی نەهێنێ، لەوێ دەبێ ستۆپی پێ بكرێ، ئاخر حیکمەتی پەخشی ڕاستەوخۆی شەر چییە و ئەگەر بۆ تۆی میدیا و میدیاكار باشە، بەڵام بۆ پێشمەرگە خراپە، دەبێ میدیاكاران هەزمی ئەوە بكەن.

لە شەڕدا شتیك هەیە پێی دەگوترێت جەنگی سایكۆلۆژی، میدیاكان پێویستە میكانیزمی بەرەنگاربوونەوەی ئەو شاڵاوانە بن كە دەكرێنە سەر دەروونی هاووڵاتیان، نەك خۆیان ببنە بەشێك لەو جەنگە میدیایی و سایكۆلۆژییە. لە نێو هەموو قوتابخانەكانی ڕاگەیاندنی جیهاندا ئەوە وەك مەئلوفێكی ئیعلامی سەیر دەكرێت كە میدیا پێویستە بەشێك بێت لە سیستەمی مەناعەی نەتەوە لەبەرانبەر هێرشە سایكۆلۆژییەكاندا. وەك میدیای ئەمریكا لە شەڕی ڤێتنام ئەنجامی دەدا. سیستەمی سیاسیی ئەمریكاییش ڕێگەی نەدا بەوەی كۆمەڵێك چالاكوان درێسێك لەبەر بكەن كە دروشمی "نا بۆ جەنگ"ی لەسەر نوسرابوو، چونكە پێیان وابوو ئەو درووشمە زیان لە ورەی سەربازەكانی ئەمریكا لە شەڕی ڤیتنامدا دەدات.

لە وەختی شەڕی خەلیج و ڕووخاندنی تاڵیبان و سەددامدا، سی ئێن ئێن هەقی نەبوو هەموو دیمەن و زانیارییەكانی شەڕ بڵاو بكاتەوە.

میدیا دەبێ ئەنجامی شەڕ بە خەڵك ڕابگەیەنێ، نەك تەفاسیڵی شەڕ. نەك بەو بارەدا خوێندنەوەی بۆ بكرێت كە ئەوە پێشێلكردنی ئازادی و دیموكراسییە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار