دژەپێشمەرگە

ئاریان فەرەج
شەڕی مووسڵ شەڕی گێڕانەوەی دواناوچە داگیركراوەكانی كوردستان و هاوكات شەڕی دابینكردنی ئاساییشی كوردستانە، داعش بەر لە دوو ساڵ لە مووسڵەوە پەلاماری كوردستانی دا، تا لە مووسڵیش بمێنێ و تەنیا سی كیلومەتر لێمان دوور بێ، كوردستان لە ئەماندا نییە. شەڕی دابینكردنی ئاساییش و ئەمنی نیشتمانیی كوردستان گەر لە شەڕی دوو ساڵی رابردووی ئازادكردنی ناوچە كوردستانییەكان گرینگتر و پیرۆز تر نەبێ، كەمتر نییە.
شەڕی مووسڵ شەڕێكی جیهانییە بۆ راماڵینی داعش، نەك هەر كورد، كە وڵاتەكەی شەڕگەیە، هەموو گەلانی ئازادیخوازی جیهان تێیدا بەشدارن، بەر لە كورد، ئەمریكایی و ئەورووپایییەكان لە بنی دنیاوە بە شەڕی خۆیانی دەزانن.
لەم نەبەردییە جیهانییەدا، كورد و پێشمەرگە، رۆڵی پێشڕەوایەتی دەبینن، ئەم رۆڵە ئیعتبار و پێگەی سیاسیی كورد و و رێزی جیهان بۆ دۆز و داوا رەواكانی یەكجار بەهێزتر دەكات. بە سەركەوتن لەم شەڕە نیشتمانییەدا، كورد دەبێتە یەكێك لە براوە سەرەكییەكانی شەڕ، وەك هەر براوەیەكیش لە كۆتاییدا دەنگی دلێر و قسەی بیستراو و رۆڵی لە داڕشتنەوەی نەخشەی دوای شەڕدا، كاریگەر دەبێت.
هەموو ئەم سەروەرییە بە فەرماندەیی مەسعوود بارزانییە، ئەو سەرۆكەی، نەوشیروان و هاوكوفەكانی ژیانی خۆیان لە دژایەتیكردنیدا بەخەسار برد و نەك هیچیان بەدەست نەكەوت، بەڵكو دواجار جگە لە مایەپوچی و عوزلەتی ناوخۆیی و جیهانی، جێ پێیەكیان بۆ نەمایەوە.
حیقد و دڵرەشیی نەوشیروانییەكان و شعوری تاڵیان بە فەشەل و مایەپوچی، دواجار گەیاندنیە دژایەتیی راستەوخۆی پێشمەرگە و ئاوكردن بە ئاشی داعشی دوژمنی كورد و مرۆڤایەتیدا.
نەوشیروانییەكان بەو حیقد و فەشەلە سیاسییە، دواجار خۆیان لە سەنگەری دژایەتیی پێشمەرگە و كوردستان و مرۆڤایەتیدا بینییەوە. شەڕی چارەنوسسازی كوردیان لە دژی داعش بە (شەڕی حیزبی) و لەشكری قارەمانی پێشمەرگەی كوردستانیان بە (میلیشیا و هێزی بەكرێگیراو و بەشداریپێكراو) و گیانبازی و شەهیدبوون و قوربانییەكانی پێشمەرگەیان بە (سیناریۆی ئیعلامی) لەقەڵەم دا.
بۆ پشتیوانیی داعش، دابەزاندنی ورەی پێشمەرگە و متمانەی گەل بە پێشمەرگە و گەرمكردنی شەڕی دەروونیی دژی پێشمەرگەیان كردە ئەركی خۆیان و ئەوەی داعش بە عەرەبی بانگەشەی بۆ دەكات، ئەمان تەرجەمەی كوردییان كرد و گوتیان (پێشمەرگە هێزێكی ترسنۆكە و بە پشتی هاوپەیمانان نەبێت ناتوانێ رووبەرووی داعش ببێتەوە).
پەیتا پەیتاش قەوانە كۆنەكەی شەستەكانی نەوشیروان لێدەدەنەوە و دەڵێن (بۆ دەبێ كوڕانی سلێمانی و گەرمیان ببرێن بۆ شەڕی دەورەبەری مووسڵ، ئەوە شەڕی بادینییەكانە و نابێ ئەمان ببنە پاشكۆی ئەو شەڕە)!!
نەوشیروانییەكان كە مەشهورن بەوەی لەسەر ئازادیی بیروڕا خەڵكیان بە تەور پارچە پارچە كردووە و هەر دوێنێ بوو بارەگای موخالیفە سیاسییەكانیان ئاگر تێبەردا، ئەم دژایەتییەی پێشمەرگە و كورد و كوردستان بە (ئازادیی بیروڕا) پاساو دەدەنەوە و دەیانەوێ ئازادی یەكسان بكەن بە دژایەتیی كورد و پێشمەرگە و شەهیدان.
دەیانەوێ پێوەری نەوشیروانی بۆ ئازادی لە كوردستاندا پیادە بكەن كە پێیوایە ئازادی ئەوەیە: بۆت هەبێ باش بی و بۆت هەبێ جاش بی!!
هەڵمەتی ناڕەزایی و توڕەیی دوو رۆژی رابردووی رای گشتی لە ناماقوڵییەكانی نەوشیروانییەكان، جارێكی دیكە ئەو راستییە سادەیەی سەلماند كە كورد تا سەر ئێسقان لەگەڵ پێشمەرگە و دژی داعشە.




