بارودۆخی عێراق و هەڵوێستی تورکیا
نووسەر" سامی کوهەن
سەرچاوە. میللیەت
وەکو ئاگادارن ماوەیەکە جۆرەیەک ناکۆکی کەوتووتە نێوان دەوڵەتی عێراق و تورکیاوە و ئەم ناکۆکییەیش گەیشتە ئەو ئاستەی کە حکوومەتی بەغدا دەرفەت بە فرۆکەکەی وەزیری وزەی تورکیا نەدات کە لە هەولێر بنیشێتەوە. بێگۆمان ئەمە نیشانەی ناکۆکییەی زۆر ئاڵۆزە و نەتەنیا بوو بە هۆکاری سووک کردنی وەزیری وزەی تورکیا بەڵکو سووکایەتی کردن بە خۆدی تورکیایشە کە دەیەوێ لە دەڤەرەکەدا ببێت هێزی تاقانە و نیشانەی ئاستی ئاڵۆز بوونی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیایە. نووری مالکی کە ئەمری داوە مۆڵەت بە فرۆکەکە نەدرێت ویستوویەتی بەمجۆرە هەڵوێستێکی توند لە بەرامبەر سیاسەتەکانی تورکیا و هەڵوێستەکانی تورکیا لە بەرامبەر بارودۆخی عێراقدا بنوێنێت. مانای ئەم هەڵوێستە قیزەونەی مالکی ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق لە دژی سیاسەتەکانی تورکیا لە بەرامبەر عێراقە و جۆرەیەک لە رەق و کینی مالکی لە بەرامبەر تورکیا نیشان دەدات.
بەڵام بۆ چی مالکی لە بەرامبەر تورکیا رەق و کینی هەیە؟
تێگەیشتن لە هۆکارەکانی ئەم هەڵوێستە مالکی هیچ ئەستەم نییە، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم هەڵوێستە، باوەش کردنەوەی تورکیا بۆ جێگری سەرۆککۆماری عێراق تارێق هاشمییە. تارێق هاشمی لە لایەن دادگای عێراقەوە بە تاوانی تیرۆریستی سزای ئیعدام کردنی بۆ دەرچووە بەڵام تورکیا باوەشی خۆی بۆ تارێق هاشمی کردووەتەوە و مالکیش ئەم هەڵوێستەی تورکیا بە دەستوەردانی کردن لە کاروباری ناوخۆی عێراق و هاوکات پشتگیری کردن لە دەرکەوتنی شەرێکی مەزهەبی لە قەڵەم دەدات.
هۆکارێکی دیکەی رەق و کینی مالکی لە بەرامبەر تورکیا بۆ پەیوەندییە باش و بەهێزەکانی نێوان تورکیا و دەسەڵاتی کوردی لە باکووری عێراقدا بە تایبەتی لە رووی ئابووری، وزە و بازرگانیدا بە تایبەتی ئەو پەیمانانەی کە لە نێوان تورکیا و دەسەڵاتی کوردی لە باکووری عێراقدا مۆر کراون دەگەرێتەوە.
ئەو شتەی کە مالکی زۆر لێ توورە بووە ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا هەر وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی لە باکووری عێراقدا کردووە و لەم چوارچێوەیەیشدا هیچ جۆرە حیسابێکی بۆ بەغدا نەکردووە. هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ هەولێر بەبێ ئەوەی کە بەرپرسانی بەغدا ئاگادار بکرێنەوە، تووڕە بوونی بەرپرسانی عێراقی لە تورکیا و سیاسەتەکانی تورکیا گەیشتە لووتکەی خۆی و چەندین جاریش بەرپرسانی عێراقی ئەم مەسەلەیەیان بە رێبازی جۆراوجۆر ئاشکرا کرد بەڵام تورکیا هیچ حیسابێکی بۆ ئەم هەڵوێستانەی بەرپرسانی بەغدا نەکرد.
نووری مالکی لە دێمانەیەکی خۆیدا لەگەڵ رۆژنامەی حوریەتدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هۆکاری سەرەکەی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و بەغدا بۆ پاڵپشتی کردنی تورکیا لە دەرکەوتنی شەرێکی مەزهەبی و هاوکات مۆر کردنی پەیمانی جۆراوجۆر لەگەڵ بەشێکی ئەم وڵاتە بە شێوەی دەوڵەتی سەربەخۆیە.
لە راستیدا لە کاتی شەڕی رزگاری عێراق لە ساڵی 2003 و هاوکات دوای کۆتایی هاتنی شەڕیش تورکیا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر عێراق زۆر بە راشکاوەیی ئاراستە کردووە و پارێزگاری لە یەکپارچەیی خاکی عێراق کردووە و بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبووە کە گفتووگو لە سەر دابەش کردنی عێراق بکات، هەر بۆیە لەم چوارچێوەیەدا لەگەڵ هەر هەمووی پێکهاتەکانی عێراقدا دانوستانی لە بواری جۆراوجۆردا هەبووە.
بەڵام سیاسەتەکانی ئەم دوایەی مالکی کە دەیەوێ بە پاڵپشتی ئێران دەسەڵاتێکی شیعی لە بەغدا دابمەزرێنێت و خۆی بکاتە تاقە فاکتەری سیاسی عێراق بوون بە هۆکاری ئەوەی کە تورکیا لەم بارەیەوە دژە هەڵوێستی هەبێت و ئەم سیاسەتانەی مالکی رەد بکاتەوە و بەمجۆرەیش تورکیا بوو بە لایەنێک لە ئالۆزییە ناوخۆییەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق.
لە بەرامبەردا هەڵوێستی هەرە راست و سوودمەندی ئانکارا نزیک بوونەوەی ئانکارا و هەولێر بوو. نزیک بوونەوەی ئانکارا و هەولێر لە یەکتر و مۆر کردنی چەندین پەیمانی ئابووری و بازرگانی و بە تایبەتی مۆر کردنی چەندین پەیمان سەبارەت بە نەوت و گاز لەگەڵ هەولێردا بۆ تورکیا زۆر زۆر باش و بە سوود بوو، بەڵام لە بەرامبەردا تورکیا بەغدای لە خۆ دوور کردەوە. لێرەدا ئانکارا شتێکی لە دەست نەدا بەپێچەوانەوە ئانکارا زۆر زۆر سوودمەند بوو، بەڵام بەغدا بە هەڵوێستە ناگونجاوەکانی خۆی هەم هەولێری لە خۆی تووڕە کرد هەم ئانکارایشی لە خۆی دوور خستەوە.
ئێستا من نازانم کە ئانکارا سەبارەت بە داواکارییەکەی مالێکی بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان بە دیالۆگ چە جۆرە بەرسێڤێک دەداتەوە. بەڵام دیارە کە هەڵوێستی تورکیا هەر لە گەڵ هەولێردا دەبێت چوونکە لە رووی وزە و سەرچاوە سرۆشتییەکانەوە هەولێر سوودی زۆری بۆ ئانکارا دەبێت.
بەڵام پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدایش شتێکی باش نییە هەر بۆیە من پێم وایە کە بەرپرسانی ئانکارا دەبێت وەڵامێکی ئەرێنی داواکارییەکەی مالێکی بدەنەوە و هەوڵ بۆ ساز کردنی دیالۆگ و گفتووگۆ بدات.




