٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بچووكبوونەوەی حزب لە بەرامبەر پێشمەرگەدا

سەرچاوە: KDP.info

دڵشاد مسته‌فا وه‌سانی

لە كوردستان بیرۆكەی بەپێویست نەزانینی پێشمەرگە، بە پاساوی ئەوەی هیچ كێشەیەك نەماوە، لە لایەن میدیا و لە سەرزاری هەندێ بەناو رۆژنامەنووس و رۆشنبیر بە پشتیوانیی تاقم و جەمسەرێكی نێو یەكێتی سەری هەڵدا، دەركەوت ئەو رەوت و جەمسەرەی ناو یەكێتی كە لە پشت ناشرینكردنی وڵات و بەپێویست نەزانینی پێشمەرگە بوو، بۆ ئەوەبووە لە حزبێكی نوێ و ئۆپۆزسیۆندا دەركەون، ئیدی بە دەركەوتنی ئەوان دەرفەت بۆ بەرپاكردنی شاڵاوی لێدانی پێشمەرگە زیاتر بوو.
پێشمەرگە چۆن لە قۆناغەكانی رابردوودا تاكە بەرگریكاری گەل بووە، ئەمڕۆیش پارێزەری نیشتمان و نامووس و شەڕەفی خەڵكی كوردستانە، ئەوانەی كاریان لەسەر ئەوە دەكرد، پێشمەرگە پێویست نییە و هیچ كێشەیەك نەماوە و ئەوە سیناریۆی پارتی و یەكێتییە، دەبێ بەخۆیاندا بچنەوە، دیدێكی كورتبینیان بۆ رووداوەكان هەبووە، جا یان ئەوەتا لە لێكدانەوەی داتا و شیكردنەوەدا كڵۆڵ بوون، یان خۆیان لە گێلی داوە، لە كاتێدا پێشمەرگە لە سەنگەردا بۆ دوورخستنەوەی ترسناكترین دوژمن و هەڕەشە لەسەر كوردستان خوێنی لەبەر دەڕوات، بێباكانە و بێ ئەوەی لە هیچ شتێك بپرینگێنەوە، دێن بە چاوێكی سووك سەیری پێشمەرگە دەكەن.
هەموو دنیا بە چاوی رێزەوە سەیری پێشمەرگە دەكات، لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ لە 17/10/2016 لەلایەن پێشمەرگە و سوپای عێڕاقەوە، لە ناوەندە سیاسییەكان و سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوەدا رۆڵی پێشمەرگە بە گرینگی دەنرخێندرێ، چونكە چۆتە بەرەی بەرگریكردن لە مرۆڤایەتی، كەچی تازە بەتازە نوزەیەك دێت بۆ كەمكردنەوە لە گەورەییی پێشمەرگە، بەداخەوە شاڵاوێكی بەربڵاو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی فەیسبوك و میدیای سێبەری گۆڕان و ئەو باڵەی یەكێتی كە بەناوی قۆرخكار و دەستڕۆیشتوو ناسراوە بەڕێوە دەچێت، سوكایەتیی بە پێشمەرگە بە گشتی و پێشمەرگەی یەكێتییش دەكەن كە بەشداریی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵیان كردووە و وشەی جاشیان داونەتە پاڵ و بە بریندارەكانیان دەڵێن لە هەڵاتن كەوتوونەتە خوار و لەشەڕ بریندار نەبوون.
دەركەوت ئاستی هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانیی پێشمەرگە زۆر لەو سیاسییانە بەرزترە كە بۆ قۆرخكردنی پێگەی حزبی باكیان بە خەڵك و خوێنی پێشمەرگە و هەڤاڵەكانی دوێنێیان  نییە، ئەگەر هەر سیاسییەك و حزبێك بیەوێ باسی رێكخستنەوەی ماڵ و یەكگوتاری بكات، دەبێ سیپارەیەك بگرێتە دەست و بچێتە خزمەت پێشمەرگە پێی بڵێ قوربان فێری ئەلف و بێی خۆشەویستیی نیشتمانم بكە.
پێشمەرگە لە كۆمەڵگای كوردستاندا پایە و مەقامێكی گەورەی هەیە، لەبەرئەوە هەر گرووپ و حزبێك، پێی وا بێت بەسووك سەیركردنی پێشمەرگە، جێی خۆی دەكاتەوە و باشترین ئامرازی دەرۆزەی دەنگ پەیداكردنی دەست دەكەوێ، ئەوا خۆی لە هەڵدێرێكی هەزار بە هەزار نزیك دەكاتەوە، حزب تادێت لە بەرامبەر هەیبەت و ناوبانگی پێشمەرگەدا بچووك دەبێتەوە، بۆیە ئەو حزبەی بیەوێت لە كاروان بەجێ نەمێنێ، دەبێ شكۆی پێشمەرگە وەك خۆی ببینێ نەك بە لێڵی، چونكە پێشمەرگە مێژوو دەنووسێتەوە و نەخشەی ئێستا و ئاییندە دادەڕێژێ.

هەواڵی پەیوەندیدار