دوای باسكردنی پرسی سه‌ربه‌خۆیی له‌گه‌ڵ كۆشكی سپی، پیلانی سووتاندنی كوردستان ده‌ستی پێكرد

فەرهاد محەممەد
له مانگی ئایاری 2015 و پێش ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی به یاوه‌ریی شاندێكی هاوبه‌شی كوردستانی وه‌ڵامی داواتنامه فه‌رمییه‌كه‌ی سه‌رۆك ئۆباما بداته‌وه، له سلێمانی سه‌ردانی مام جه‌لالی كرد، ئه‌وجا سه‌ردانه فه‌رمییه‌كه‌ی بۆ واشنتۆن ده‌ست پێكرد. دیاره ئامانجی سه‌ره‌كیی بارزانی له‌م سه‌ردانه‌ی و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئۆباما و جۆ بایدنی جێگری سه‌رۆك و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و پێنتاگۆن، بێجگه له پیشاندانی یه‌كڕیزیی نێوماڵی كوردستان، كۆمه‌ڵێك پرسی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له‌خۆی گرتبوو، به‌ڵام له‌سه‌رووی هه‌موو ئه‌و پرسانه‌وه باسكردنی پرسی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئۆباما و كۆشكی سپی، ئامانجی سه‌ره‌كی سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی بوو.
ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مینجار بووه له میژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگایخوازیماندا، كه سه‌رۆكی كوردستان راسته‌وخۆ و راشكاوانه باسی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و ئیداره‌ی كۆشكی سپی بكات و، له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی ئه‌مریكا و كۆشكی سپی دژی ئه‌و پرۆسه‌یه نه‌بن، به‌ڵكو سه‌رۆك ئۆباما و كۆشكی سپی پێشنیازیان بۆ شاندی كوردستان ئه‌وه بووه، پرسی سه‌ربه‌خۆیی بكه‌نه پرۆسه و خۆتانی بۆ ئاماده بكه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته ئه‌مری واقیعه‌ی ئێستا له كوردستان بوونی هه‌یه، له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌كی نیشتمانیدا، به‌ره‌و قۆناغه‌كانی دیكه وه‌ك، یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه به دیالۆگ له‌گه‌ڵ عێراق، رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی دراوسێ (توركیا و ئێران) ئه‌وجا هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ددانپێدانانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌نگاو بنێت.
بارزانی له‌میانه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌یدا له‌لایه‌ن چه‌ندین ناوه‌ندی فیكر و لێكۆڵینه‌وه، كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بیرمه‌ندان و پسپۆڕان و دیپلۆماتكارانه‌وه بۆ گرێدرا و به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی بایه‌خ به پرسی كوردستان و عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ده‌ن، له‌میانه‌ی ئه‌م كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌دا پسپۆڕان و دیپلۆماتكاران زۆر مه‌به‌ستیان بوو له زاری بارزانییه‌وه به ورده‌كاریی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ئاشنا بن، بۆیه سه‌رۆك بارزانی زۆر راشكاوانه پێی راگه‌یاندن "پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ده‌ستی پێكردووه."
دیاره پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ماوه‌یه‌كی باشی ده‌وێت و له‌و كاته‌شدا سه‌رۆك بارزانی ته‌نیا یه‌ك مانگی مابوو پۆسته‌كه‌ی ته‌واو بێت، بۆیه ئه‌و پرسیاره‌ی رووبه‌ڕوو كرایه‌وه، ئایا سه‌باره‌ت به پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چی ده‌ڵێن؟ ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا پێی گوتن: "پێش ئه‌م سه‌ردانه، ئه‌م پرسه دراوه‌ته ده‌ست حزبه‌كانی كوردستان، ئه‌وان كۆ ده‌بنه‌وه و له‌سه‌ر هه‌ر شێواز و میكانیزمێك رێك كه‌وتن، ئه‌وا منیش ئه‌و رێككه‌وتنه جێبه‌جێ ده‌كه‌م كه حزبه‌كان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن." ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه ئه‌وه‌ی لای بارزانی گرینگه ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆییی كوردستانه وه‌ك (پرۆسه)، نه‌ك پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج له راگه‌یاندنی (ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له واشنتۆنه‌وه) بده‌ین كه سه‌رۆك بارزانی ئه‌م پرسه‌ی به ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی یه‌كێتی نیشتمانی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسكردبوو، ئه‌وا راشكاوانه ئه‌وه ده‌خوێنینه‌وه كه مه‌به‌ستی بارزانی ئه‌وه بووه هه‌موو لایه‌نه‌كانی كوردستان خۆیان به خاوه‌نی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بزانن و پرسه‌كه له‌وه بچێته ده‌ره‌وه كه ئه‌مه پرۆسه‌ی سه‌رۆك بارزانی، یان پرۆسه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانه، به‌ڵكو ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كی كوردستانییه و ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌ر یه‌ك به قه‌باره‌ی خۆی شان بداته‌به‌ری بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌كه سه‌ركه‌وتوو بێت.
شاندی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی، به‌و نییه‌ت و ئامانجه گه‌ڕانه‌وه كوردستان، كه ئاكامی ئه‌م سه‌ردانه مێژووییه له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان باس بكه‌ن. ئه‌وه بوو له رۆژی 18ی ئایاری 2015 هه‌موو حزبه‌كان پێكه‌وه رێك كه‌وتن كه ژوورێكی عه‌مه‌لیات بۆ كاركردن له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان دروست بكه‌ن، هه‌روه‌ها چه‌ند سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراو راگه‌یاندووه كه نیه‌تی بارزانی دوای سه‌ردانه‌كه، ئه‌وه بووه كه بۆ زیاتر پاراستنی یه‌كڕیزیی نێوماڵی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ی حزبه سیاسییه‌كان بۆ ده‌ستبه‌كاربوون له ژووری عه‌مه‌لیات بۆ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان بباته مه‌كۆی سه‌ره‌كیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و شه‌خسی نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رۆڵێكی كاریگه‌ر له‌و ژووره‌دا بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان بگێڕێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و نیه‌ته پاك و نیشتمانییه‌ی سه‌رۆك بارزانی، نه‌وشیروان مسته‌فا پیلانی بۆ په‌كخستنی ئه‌م پرۆسه‌یه داڕشت و كوردستانی گێڕایه‌وه بۆ ناو گێژاوی ئاژاوه و ململانێی نادروستی حزبایه‌تی.




