ئەو سەردانەی قۆناغێكی نوێ رەنگڕێژ دەكات

دڵشاد مستەفا وەسانی
رۆژی 29/9/2016 بەڕێز مهسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵای سیاسی سەردانی بەغدای كرد، رێكەوتێكی سەیرە، هەمان رۆژ لە 29/9/1971 بەغدا ویستی لە رێی ژمارەیەك مەلا لە حاجی ئۆمەران بارزانیی نەمر تیرۆر بكات، بەغدا بەدرێژایی مێژووی جووڵانەوەی رزگاریخوازیی كوردستان، بڕیاری لەناوبردنی گەلی كوردستانی لێ دراوە، بەردەوامیش شاندی كوردی رووی تێكردووە، بەڵكو لە رێی گفتوگۆوە خەڵكی كوردستان بە مافی خۆیان بگەن، ئەمەش نیەتپاكی و بڕوای گەلی كوردستان بە ئاشتی و دیالۆگ دەردەخات.
ئەم سەردانە لە سەردانی دوای راپەڕینی 1991 و سەردانی 2003 دەچێت، هەردوو سەردان لە سەرەتای دوو قۆناغی جیاواز بوون، ئەویش قۆناغی دوای راپەڕین و یەكەم هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم، قۆناغی دوای رووخاندنی رژێمی سەددام لە 2003 كە شاندی كوردستان توانی واقیعی هەرێمی كوردستان و فیدراڵی لە دەستووری عێراق بچەسپێنێ، سەردانی 29ی ئەیلوولی 2016یش بەر لە هاتنەپێشەوەی قۆناغێكی تازەی عێراقە، لە هەرسێ سەردانەكەدا، شاندێكی باڵای سیاسی نوێنەرایەتیی كوردستانی كردووە، لەم شاندەدا نوێنەری زۆرینەی هێزە سیاسییەكان بەشدار بوون. جۆ بایدنی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، شەوی پێش سەردانەكە بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە سەرۆك بارزانی كرد و هیوای سەركەوتنی لە سەردانەكە بۆ خواست.
وێڕای باسكردنی شەڕی مووسڵ و مەسەلەی بڕینی مووچە و بودجەی خەڵكی كوردستان و قۆناغی دوای رزگاركردنی مووسڵ لە دەستی داعش، نوێترین شتی گرینگ كە سەربەخۆییی كوردستان بوو بە ڕاشكاوی لەلایەن سەرۆك بارزانی خرایە ڕوو، ئێستا ئەو مەسەلەیە بۆتە بابەتێكی گرینگ و لە لایەن بەغدا و هەولێرەوە بە دوو پرۆژە كاری بۆ دەكرێت.
گەلی كوردستان و بزووتنەوە سیاسییەكەی سەبری ئەییوبیان لەگەڵ بەغدا هەبووە و هەیە، هەرگیز وەك بەغدا پەنایان بۆ تیرۆر نەبردووە، هەمیشە سەركردایەتیی كوردستان رێگەی دیالۆگی گرتووهتەبەر، ئەوە بەغدا بووە كوردی ناچار كردووە چەك هەڵبگرێ، لەم قۆناغەشدا هەولێر هەر دیالۆگی بە پەسەند زانیوە، بەڵام بەغدا بە بڕینی قوتی خەڵكی كوردستان وەڵامی داوەتەوە.
سەردانی ئەم شاندە باڵایەی كوردستان، تێكشكاندنی بەربەستی گەورە و گۆڕینی هاوكێشەی نوێی سیاسیی لێدەكەوێتەوە، قورسایی شاندەكە كارتی سەرەكیی هەندێ حزب و گرووپی سوتاند، ئەوان لە حیساباتی خۆیاندا كورتیان هێنا، چونكە بەغدایان وەك گوشار بەرامبەر هەرێم و بەتایبەتیش پارتی بەكار دەهێنا، بۆیە كەوتوونەتە دژایەتیكردنی ئەو سەردانە، لە كاتێكدا خۆیان ئەو گلەییەیان هەبوو كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان پشتی لە بەغدا كردووە، دەی ئەوە سەرۆك بارزانی و شاندێكی باڵای سیاسیی هەرێم سەردانی بەغدایان كرد و باسی ژیانی خەڵكی كوردستان و پەیوەندیی هەولێر و بەغدایان كردووە، بەشدارانی ئەو شاندە بە هیواوە سەیری سەردانەكە دەكەن، كێشەی ئەوانەی قسە بەو سەردانە دەڵێن ئەوەیە، سەنگی سەرۆك بارزانی و فراوانیی شاندی باڵای یاوەریان، كاریگەریی خۆی هەبووە و سەرلەبەری نەخشەی سیاسی دەگۆڕێت و لە كوردستانیش شوێن پەنجەی بەسەر قۆناغی دادێ وەدەردەكەوێت، بۆیە پێویستە چاوپۆشی لە حزبایەتیی قێزەون نەكرێت.




