سەربەخۆیی لە زەمینەی لێكحاڵیبووندا

ئاریان فەرەج
دۆز و مافی كورد رەوایە، مافی ڕەوا بە توندوتیژی و سەپاندن پیادە ناكرێ. سەپاندن بۆ داوای ناڕەوایە. داوای رەوا هێزی لۆژیكی پێیە. هەر بۆیەش بزوتنەوەی كوردایەتی هەرلە دەسپێكەوە وەك بزاڤێكی گفتوگۆخواز هاتە وجود، دەستپێشخەری شەڕ نەبوو. تا ناچار نەكرا دەستی نەدایە تفەنگ. هیچ دەرفەتێكی دانوستان و لێكگەیشتنی بەفیڕۆ نەدا. لەبەرامبەر ئەنفال و كیمیاییشدا پەنای بۆ تیرۆر و تۆقاندن نەبرد و رەوایی دۆزەكەی خۆی نەكرد بە قوربانیی كاردانەوەی هەڵە.
كورد چوارەمین نەتەوەی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە غەدرێكی مێژوییدا لە پێگە و مافی خۆی بێبەش كراو بووە بندەستی سێ نەتەوەكەی دیكە، ئەو ستەمەی لە كورد كرا، لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا نەیهێشت سێ نەتەوە باڵادەستەكەش بحەوێنەوە و نەیهێشت ناوچەكە سەقامگرتوو بێت. ئەوسا و ئێستاش بەدیهێنانی ئارامی و ئیستقرار بە بێ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیە و گێڕانەوەی ئیعتبار بۆ چوارەمین گەورە نەتەوەی ناوچەكە مەحاڵە. كەواتە داوا رەواكەی كورد مەترسی نییە بۆ ئەوان و ناوچەكە، مەترسی راستەقینە راستنەكردنەوەی هەڵە مێژوییەكەیە. تەنیا و تەنیاش سەربەخۆیی كوردستانە كە دواجار كوردیش و ئەوانیش دەحەوێنێتەوە و كۆتای بە چیرۆكی سەد ساڵ ململانێی بێ بڕانەوە دێنێت.
كورد لەوەتەی لە خەباتدایە دریغی نەكردوە و ماندوونەبووە لە گەیاندنی ئەم پەیامە و قەناعەتپێهێنانی نەتەوە باڵادەستەكان . ئەوساش و ئێستاش هەر ئەمە پەیامی بووە و دەبێت. باوەڕیشی بە ڕەوایی دۆز و داواكەی وا دەكات نائومێد نەبێ و هەمیشە تەمای بە گەیشتنی پەیامەكەی و تەفەهوم و تێگەیشتن لە پەیامەكەی هەبێت. پەرەسەندن و پێشهاتەكانی ناوچەكە و جیهانیش رۆژ بە رۆژ زەمینەسازترن بۆ وەها لێكحاڵیبونێك.
سیاسەتی روون و رەوان و بێ غەل و غەشی سەركردایەتی كوردستان لەو خەباتە رەوایەدا قۆناغی سەركەوتوانەی بڕیوە، خۆڕاگریی و بەرگەگرتن لەبەرامبەر جینۆساید و ئاگر و ئاسن، دواجار ئەنفالچییەكانی لە گۆڕنا و بزوتنەوەی كوردایەتی وەك بزاڤێكی ناوەڕۆك ئینسانی و عادیلانە بە دونیا ناساند. لە زەمینەی رەخساوی سەردەمی نوێدا كورد توانی ووڵاتێكی وەك توركیای نكۆڵیكار لە بونی كورد بكاتە ووڵاتێكی رێزنوێن بۆ ئاڵای كوردستان. وا خەریكە عێراقی دوای ئەنفالی بەعس و هەرەشەكانی ئیف شانزەی مالكی بهێنێتە سەر ئەو بارەی دەست وپەنجە لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستان نەرم بكات و لیژنەی تێگەیشتن و حاڵیبوون لە داواكەی كورد پێكبێنێ.
سەردانی چاوەڕوانكراوی سەرۆكی كوردستان بۆ تارانی دراوسێ، گهر ئهنجام بدرێ. وویستگەیەكی دیكەی گرنگی ئەو خەباتە كۆڵنەدرانەیە. دواجار پەیامی كورد و دەستی درێژكراوی كورد بۆ دۆستایەتی و هاوسێیەتی و پێكەوەژیان و لێكگەیشتن و خەمی یەكدی رەواندنەوە دەگاتە تارانیش. ئەو پایتەختەی لە هاوخەباتی و هاوسەنگەریی رۆژە سەختەكاندا لە هەموان لە كورد نزیكتر و بەڵام لە گەیشتنی كورد بە ئاواتە مەزنەكەی دوای هەموان سەلامی كورد وەردەگرێتەوە. ئەو وڵاتەی لە هەموو كەس زیاتر شاهیدی مەزڵومیەتی كورد و شایەتحاڵی كارەساتەكانمانە، ئەو وڵاتەی بە هۆی نزیكنەژادی و خزمایەتیی فەرهەنگییەوە، كورد چاوەڕوانی هەڵوێستێكی دیكەی لێ دەكرد.
كورد لە رۆژە سەختەكانی بێ پشت و پەناییشدا و لە دونیایەكی جیاواز لەمەی ئێستاشدا، سەروەختێك سیستمە نكۆڵیكار و ملهوڕەكانیش حاكم بوون، رێگای هیچ یەك لەو پایتەختانەی حەرام نەكرد، چجای ئێستا و لەم دەور و زەمانە نوێیەدا كە جگە لە لێكحاڵیبون و دانوستان، فەرهەنگێكی دیكە بۆ بەرخورد و یەكدی دواندن نەماوە.
كورد دەچێتە ئەنقەرە و دەچێتە بەغدا و دەچێتە تاران و دەشچێتە ئەمریكا و ئەوروپا و ووڵاتانی عەرەب، لە هەموو ئەو شوێنانەش یەك پەیامی پێیە: ئێمە نابینە دەردیسەری بۆ كەستان، ئەوە مەغدوری و مەزلومی ئێمەیە بۆ ئێوەش سەد ساڵە مایەی دەردیسەری و نائارامییە.




