٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

تەوقەیەك لە هەولێر و بۆسەیەك لە بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

دڵشاد مستەفا وەسانی

رۆژی 21/9/2016 شاندێكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە-hdp) بەسەركردایەتی هاوسەرۆكی ئەو حزبە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاتە هەرێمی كوردستان، وەك دەركەوت مەبەستی شاندەكە بۆ قسەكردن بوو لەبارەی ئاشتی و نەهێشتنی ناكۆكیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، یەكەم دیداری ئەو شاندە بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دەستی پێكرد، دواتر دیداری مەكتەی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی حكوومەت و دواتر حزبەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، دەمیرتاش رایگەیاند كە چاویان لە سەرۆك بارزانی یە وەك براگەورە، جارێكی دی رۆڵی خۆی لە دەستپێكردنەوەی ئاشتی لە باكووری كوردستان و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان ببینێ، سەرۆك بارزانیش پشتیوانی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە دەربڕی.
هەر هەمان رۆژ لە بەغدا، پەرلەمانی عێراق بە هاندانی نوری مالكی، لە دەنگدانێكی نهێنیدا، متمانەی لە هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق وەرگرتەوە، ئەوەی جێی سەرنجە، فراكسیۆنی لایەنە كوردییەكان، لە ژێر پەردەی دەنگدان و كاری پەرلەمانیدا لەو شاڵاوەدا بەشدارییان كرد، ئەو بەشدارییەی لایەنە كوردییەكان، كاری كردە سەر دۆخی سیاسیی كوردستان.
كەواتە لەو رۆژەدا تەوقەی سەرۆك بارزانی و سەڵاحەدین دەمیرتاش، زەمینەی بۆ دیالۆگ و هەرچی زووتر وەخۆكەوتن بۆ زیندووكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان و باشتركردنی پەیوەندیی نێوان لایەنەكانی هەموو كوردستان خۆشكرد، لە بەغداش حزبە كوردییەكان بۆسەیان بۆ پارتی دانایەوە، بە موبارەكەی شۆڤێنییەكانی عەرەب، دەنگییان بە سەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی دا، لێرەدا مەسەلەكە زێباری نییە كە لە راستیدا كەسایەتییەكی بەتوانایە، بەڵكو مەسەلە زیاتر قوڵكردنەوەی ناكۆكیی حزبییە، كاتێك شۆڤێنییەكان لە بەغدا، بەناوی چاكسازی پیلانێكیان بۆ لادانی وەزیرەكانی كورد دانا، هەر هەموو فراكسیۆنە كوردییەكان یەكدەنگ بوون، داوایان كرد گۆڕینی وەزیری كورد بەدەست كورد خۆیەتی، ئەوەبوو ئەو پیلانە سەری نەگرت، بەڵام لەبەرئەوەی ئەمجارە لایەنە سیاسییەكان ویستیان لە پارتی بدەن، چوونە پاڵ دەنگی شۆڤێنییەكان و سەری گرت.
ڤیدۆی عەرەبێك بڵاوبۆوە كە هێرش دەكاتە سەر عەمار حەكیم، پێی دەڵێ:" تۆ بەهەڵەدا چووی كە پشتیوانی بارزانی دەكەی، ئەوە كورد خۆیان لە پەرلەمان دژی وەزیری كورد وەستاونەتەوە، تۆ بۆچی پشتیوانیان دەكەی، دەبێ باجی ئەمە بدەی". عەرەب فراكسیۆنە كوردییەكانیان وەك ئامراز بۆ لێدانی كورد و بەرینتركردنی نێوانی حزبەكانی كوردستان بەكارهێنا، دەنا ئەگەر مەسەلە گەندەڵییە، بۆ پەرلەمانی عێراق یەخەی مالكیی نەگرت كە راپۆرتەكان ئاماژە بە دیارنەمانی زیاترلە 100 ملیار دۆلار لە سەردەمی ویدا دەكەن.
رۆژی 21 ی ئەیلوول لە هەولێر بە تەوقەی سەرۆك بارزانی و دەمیرتاش، رووبەرێكی پان و بەرین بۆ دیالۆگی نێوان لایەنەكان رەخسا و گۆڵ لە دوژمنان كرا، بەڵام لە بەغدا بۆ ئازاردانی پارتی لایەنە كوردییەكانی دی پاسیان دایە شۆڤێنییەكان و گۆڵ لە كورد كرا، دەبا بزانین پاداشتی ئەو پاسدانە چی دەبێ؟

هەواڵی پەیوەندیدار