٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

شۆڕشی ئەیلوول پەیامی نەتەوەیه‌کی ستەملێکراو بۆ جیهان

سەرچاوە: KDP.info

سەڵاح بەیتوڵڵا ئاکرەیی

ئەمڕۆ یادی 55  ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە بە ڕێبەرایەتیی سومبولی ڕۆحی نەتەوەی کورد بارزانیی نەمر. شۆڕشی یەکڕیزی و تەباییی هەموو کوردستانیان، شۆڕشی ناساندنی دۆزی کورد بە هەموو جیهان وەک دۆزێکی نەتەوەیی ڕەوا. شۆڕشی خۆڕاگری و ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ستەمکاری لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی لە چوارچێوەی کولتووری دیموکراسیدا، شۆڕشێک بۆ چەسپاندنی پێکەوەژیانی سیاسی، ئایینی، نەتەوەیی و شۆڕشێک کە چۆکی دانەدا؛ بەڵکو لە نالەبارترین و دژوارترین قۆناغدا چۆکی بە دوژمنە سەرسەختەکانی کوردستان دادا.
تایبه‌تمەندییەکانی شڕشی مەزنی ئەیلوول ئەوەندە زۆرن ئەمانەی سەرەوە تەنها دڵۆپێکن لەو دەریای شانازی و سەروەرییەکانی ئەم شۆڕشە مەزنە.
لە کاتێکدا شۆڕشی ئەیلوول هەڵگیرسا، كه‌ ڕژێمی قاسم لە هەموو ئەو بەڵێنانەی کە بە سەرکردایەتیی سیاسیی کورستانی دابوو لێی پاشگەز ببووەوه‌. چونکە سەرەتا ڕژێمی قاسم هەنگاوی باشی نا و هەڵوێستەکانی ئەرێنی بوون، بەڵام دواتر ئەویش کەوتە ژێر کاریگەریی بیری ناسیۆنالیزمی عەرەبی و پەشیمان بووەوە لە بەڵێنەکانی خۆی. هه‌ڵبه‌ت سەرەڕای هەوڵەکانی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان لەگەڵ ڕژێمی عه‌بدولکه‌ریم قاسم بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام بێسوود بوو. ئەوەبوو پەلاماری کوردستانیان دا و بارزانیی نەمریش بڕیاری بەرپاکردنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی دا كه‌ نزیکەی چواردە ساڵ بەردەوام بوو.
زۆر جار لەوانەیە پرسیارێک ئاراستە بکرێت و بگوترێ چۆن شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە وا قۆناغێکی دژواردا واتا لە گەرمەی شەڕی سارددا توانی بۆ ئەو ماوەیە دوورودرێژە بەردەوام بێت لە خەبات و تێکوشاندا؟، هه‌ڵبه‌ت راستییه‌كه‌ی ئەوەیه‌ كه‌ پێشوەختە زه‌مینه‌سازی بۆ شۆڕش کرابوو، چونکە ڕژێمە سیاسییەکانی عێراق هیچیان جێگەی متمانەپێکردن نەبوون و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ئەزموونێکی باشی هەبوو له‌وكاته‌دا و، لە مەرامی دوژمنانی کورد و کوردستان باش گەیشتبوو، بەڵام دیسانیش هەوڵی بەردەوامی دەدا تاکو لە ڕێی چارەسەری ئاشتیانەوه‌ کێشەکان کۆتاییان بێ نەک بە شەڕ.
کولتووری سیاسیی ڕژیمە سیاسییەکانی عێراق به‌ پاشایەتی و کومارییه‌وه‌، لە بەرانبەر ماف و داخوازییەکانی گەلی کوردستاندا یەک کولتوور بوو، ئەویش ئەوەبوو هەموویان بێ جیاوازی، نەک هەر ماف و داخوازییەکانی گەلی کوردستانیان ڕەت دەکردەوە، بەڵکو بە ئاگر و ئاسن لە هەموو لایێکەوە زۆر دڕندانە پەلاماری خه‌ڵك و دۆزی ڕەواكه‌ی گه‌لی کورستانیان دەدا و باوه‌ڕیان به‌ زمانی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن نه‌بووه‌، چونکە ئەوان خۆیان لە پێگەیه‌کی بەهێزی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و ناوخۆییدا دەبینییەوە و، دۆخی سیاسیی نێودەوڵەتییش بە گشتی یارمەتیدەر بوو بۆ ئەو ڕژێمە سیاسییە دیکتاتورانەی عێراق، كه‌ لە پەنای ئەو دۆخه‌ لەبارە سیاسییەی ئەو سەردەمەدا هەڕەشەیان لە گەلی کوردستان دەکرد. بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە، یەکدەنگی و یەکڕیزیی گەلی کوردستان لە خانەقین تا زاخۆ و هەروەها دڵسۆزیی تاکی کوردستانی بۆ دۆزە ڕەواکەی لەژێر سایەی بارزانیی نەمردا، شۆڕشی مەزنی ئه‌یلوول نەک هەر توانی بەردەوام بێت بۆ نزیکەی چواردە ساڵ، بەڵکو شکستی بە پیلان و نەخشەی دوژمنانیش هێنا، ئه‌وه‌تا له‌ ڕێکكەوتننامەی 11ی ئازاری ساڵی 1970دا چۆکی بە دوژمن دادا، چونكه‌ دداننان بوو بە هەموو مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، به‌ ده‌كۆمێنتكردنی مافه‌كانی كورد بوو له‌ سه‌ر ئاستی نێودەوڵەتان و، ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بوو بە بناغەیه‌کی پتەو بۆ ئەمڕۆ پاشه‌ڕۆژی نەتەوەکەمان.
ئامانجی بارزانیی نەمر لە بنەڕەتدا، سەربەخۆبوونی کوردستان بوو، بەڵام قۆناغ بە قۆناغ تا ئەوکاتەی دەرفەتێکی لەبار و گونجاو بۆ گەلی کوردستان ده‌ڕه‌خسێ، چونکە ئەم ڕێبەرە مەزنە زۆر بە باشی بارودۆخی سیاسەتی نێودەڵەتی خوێندبووەوە، بۆیە بارزانییش سیاسەتی 'فن الممکنات'ی پەیڕەو کرد و، بەدوای ئەوەی کە مومکینە ئەمڕۆ بەدەست بێت بۆ گەلەکەمان دەگەڕا، نەک ئەوەی کە مەحاڵە. هەربۆیەش یه‌کەمجار دیمۆکراسی بۆ عیڕاق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی هەڵبژارد و دواتر فیدڕاڵی.
ئێستایش كه‌ سەرۆک مەسعوود بارزانی بەردەوامیدەری ئەو ستڕاتیژیەتە و ڕێبازە پیرۆزەیە، ماندوونەناسانە ئه‌م ئەرکە نیشتیمانییە و نەتەوەییە مەزنەی لە ئەستۆ گرتووه‌، هەنگاو بە هەنگاو و هاوکات لەگەڵ گوڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکاندا دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كوردی له‌ باشووری كوردستان بەرەو پێشەوە بردووه‌. هاوشانی کوردپەروەران و دڵسۆزان و پێشمەرگە گیانفیداکانی کوردستان لەسەر ئاستی کوردستان و جیهاندا دۆزی کوردی لە ئامانجی کۆتایی نزیك كردووه‌ته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئەم ئەرکە ئەرکێکی هەر کورد و کوردستانییەکی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە سەختە؛ پێویستە هەموومان هاوکار و یارمەتیدەر بین لەگەڵ پڕۆژە پیرۆزەکەی بارزانی بۆ گەیشتن بە کەناری ئارام کە ئەویش سەربەخۆبوونی کوردستانە.
پیرۆز بێت یادی پەنجاوپێنج ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە سەرۆک بارزانی و گشت پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول و هەموو هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە ئێستا لە سه‌نگه‌ری ڕووبەڕووبوونەوەدان لە دژی تیرۆریستان و دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە، کە بەردەوامیدەری ئەو شۆڕشە مەزنەن کە ناسنامە و کەڕامەتی گەلی کوردستانی پاراست.

هەواڵی پەیوەندیدار